لە جەژنی باتیزمدا یادی شەهید زەکی شەنگالی کرایەوە

خانەوادەیەک کە ناوی منداڵەکەیان ناوە زەکی شەنگالی، بەبۆنەی جەژنی باتیزم، سەردانی گۆڕی مام زەکییان کرد و یادییان کردەوە.

لە شەنگال خانەوادەیەکی ئێزدی دوای شەهیدبوونی زەکی شەنگالی ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی، ناوی ئەویان بۆ منداڵەکەیان هەڵبژاردووە، لە ڕۆژی جەژنی باتیزم کە جەژنێکی تایبەت بە ئێزیدییەکانە سەردانی گۆڕستانی شەهید بەرخۆدان و شەهید دڵگەشیان کرد و چوونە سەر گۆڕەکەی شەهید زەکی شەنگالی.

خەلیل حاجی، کە ئەندامی ئەو خانەوادەیە وتی: لە جەژنی باتیزم ئێزدیان سەردانی گۆڕستانەکان ناکەن، بەڵام وەک وەفایەک بۆ زەکی شەنگالی، ئێمە سەردانی گۆڕستانمان کرد و ویستمان پیرۆزبایی لێبکەین و بڵێین کە لە بیری ناکەین، ئێمە هەموو شاگردی مام زەکیین.

خەلیل حاجی، داوای لە ئێزدیان کرد کە خەونەکانی مام زەکی پێکبێنن و وتی: پێویستە گەلی ئێزدی یەکێتی خۆی پێکپێنێت، مام زەکی کۆڵەکەی یەکڕیزی ئێزدیانە، ئێمە ڕەنجەکانی مام زەکی لەبیر ناکەین و وەک شاگردێک تا کۆتایی شوێنی ڕێگاکەی دەکەوین.

ز.ش