لە رۆژهەڵاتى کوردستان مانگرتن لە خواردن بۆ ئازادیى رێبەری گەلی کورد دەستیپێکرد

لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکانى گەلی کورد بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، وڵاتپارێزانى رۆژهەڵاتى کوردستانیش دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد.

ژمارەیەک لە وڵاتپارێزان و ئازادیخوازانى رۆژهەڵاتى کوردستان بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بۆ نەهێشتنى ئەو گۆشەگیرییە چڕ و قورسەى لەلایەن دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەرەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد.

ئەو ژمارە چالاکوان و وڵاتپارێزەى رۆژهەڵاتى کوردستان لەبارەى چالاکییەکەیانەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە:

 

"ئازادى بۆ رێبەر ئاپۆ و نەمان بۆ خوێنڕژان، مرۆڤکوژەکان و ئەوانەى دوژمنی مرۆڤایەتى و ژیانى ئازادن!.

ئەمجارە فاشیزم و مۆدێڕنیزمی مرۆڤخۆری سەرمایەداری بە سەپاندنى گۆشەگیری بەسەر رێبەری ئازادیخوازانى جیهان دا، مرۆڤایەتى کردووەتە ئامانج تاوەکو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە بەردەوامى لە ژێر چەپۆکەى داگیرکەری و کۆیلایەتیى دیکتاتۆرەکاندا بهێڵنەوە.

بۆیە لەم کاتەدا ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانە، کە لە بەرامبەر فاشیزمدا هەڵوێستێکى روون و یەکگرتوانەیان هەبێت و ببنە دەنگ و هاواری بەرخودان.

هەڤاڵ لەیلا گیوڤەن لە زیندانى فاشییەکاندا پێشەنگی مانگرتنە. ئەو مانگرتنە ئێستا بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە. زیندانیانى سیاسیى باکووری کوردستانیش رایانگەیاندووە، دەست بە چالاکیى مانگرتن لە خواردنى بێسنوور دەکەن بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ.

ئێمەش وەک مرۆڤە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە ئەمڕۆوە سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی کۆچی هەتاوی / ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەست بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ٢ رۆژ دەکەین. شانبەشانی هاوڕێکانمان لە سەرتاسەری کوردستان و جیهاندا ئەو چالاکییە بەڕێوەدەبەین. داواش لە هەموو ئازادیخوازان بە تایبەتى ئازادیخوازانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەین، کە لەم قۆناغە گرنگەدا بەشداری بکەن لە جێبەجێکردنى ئەم ئەرکە گرنگ و شۆڕشگێڕییەدا".

ر.م