لە کەرکوک یادی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەرز ڕاگیرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، یادی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە کە لە پاریس کۆمەڵکوژ کرابوون.

لە بەردەوامی سیمینار و چالاکیەکان بۆ بەرز ڕاگرتنی روحی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان یادی ئەو سێ ژنە شەهیدە بەرزڕاگیرا.

ژنە شۆڕشگێرانی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە ٩ی کانونی دووهەمی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژ کران، لە شاری کەرکوک لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(رەژاک) یادی ئەو شەهیدانە بەرزڕاگیرا.

لە یادکردنەوەکەدا ژمارەیەکی زۆری ژنان و رێکخراوەکانی مافی ژنان ئامادەی یادەکە بوون، یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد پاشان سینەفزێۆنێک ئامادەکرابوو لەسەر ژیاننامەی هەرسێ شەهید،

لە مەڕاسیمی یادکردنەوەکەدا لەلایەن نەجیبە عومەر ئەندام ئەنجومەنی گشتی رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(رەژاک)سیمینارێک پێشکەش کرا بۆ ئامادەبووانی مەراسیمی یادکردنەوەکە.

دەربارەی مەراسیمی یادکردنەوەی هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد، نەجیبە عومەر ئەندامی ئەنجومەنی گشتی رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(رەژاک) بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " ئەمرۆ لە شاری کەرکوک مەراسیمی حەوتەم ساڵیادی شەهیدانی پاریس-مان بەیاد هێنایەوە، لەم مەراسیمەدا تیشکمان خستە سەر ژیانی هەر سێ ژنە شۆڕشگێرانی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز."

هەروەها نەجیبە عومەر ڕاشیگەیاند: " لەم یادەدا سیمینارێکی تایبەتمان پێشکەش کرد، لە سیمینارەکەدا تیشکمان خستە سەر ئەو ڕاستیانەی ئەمرۆ بەرهەمی تێکۆشانی ئەو شۆرشگێرانەیە کە بۆتە مایەی شۆرشیک لە سەرتاسەری کوردستاندا، ئەو سەرهەڵدانانەی لە بەغداد و تاران روودەدات دەتوانین بلین ئیلهام لە شۆرشی ژنانی کوردستان وەرگیراوە."

لە کۆتایدا نەجیبە عومەر وتی: "ئەمرۆ توانیمان لە شاری کەرکوک گفتوگۆیەکی تێروتەسەن بەرێوەبەرین لەگەل خەلکی شارەکە، وە ژمارەیەکی باشی ژنانی رۆشنبیر و سیاسیەتمەداری شاری کەرکوک توانیان بەشداربن، وە توانیمان لەسەر ئەو ڕاستیانە هەڵسەنگاندن بکەین کە ئەمرۆ بەرچاو روونیەکی باش هەبێت بۆ خەلکی کەرکوک، کە کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی کە دەوڵەتانی زلهێز دەیانەوێت بیکەنە ناوەندی مڵمڵانەی نێوان نەتەوەکان."

ز.ش