لەیلا گیوڤەن: دەبێت دەنگی خۆمان بە تێکۆشانی خۆمان بەرز بکەینەوە

لەیلا گیوڤەن ٦٢ رۆژە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن و رایگەیاند، گۆشەگیرکردنى ئۆجالان تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. راشیگەیاند "بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری دەبێت ئێمە دەنگی خۆمان بە تێکۆشانی خۆمان بەرز بکەینەوە".

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لە رۆژی ٧ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ١٦ گەڵاێزرانەوە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە.

گیوڤەن کە زیاتر لە ٢ مانگە لە چالاکیى مانگرتندایە، دۆخی چووەتە ئاستى مەترسیدار و لەبارەى ئامانجی چالاکییەکەى و دۆخی خۆیەوە وەڵامى پرسیارەکانى کەناڵی ئاسمانیى مەدیا هەبەر تیڤی و ئاژانسى ژنی دایەوە.

'لە هەموو کاتێک زیاتر دڵم ئارام و ئاسوودەیە'

گیوڤەن لەسەرەتای وەڵامەکانیدا ئەوەى بەبیرخستووەتەوە، لە رەوتی مێژوودا و کاتێک گەڕیدەکانى راستى دەستیان بە گەڕان بە دوای راستیدا دەکرد، سەرەتا هەناسەدان و توانای خۆیان دەپشکنی و وتى "ئەو دەروێشانەى کە بۆ گەوهەر و بوونی ژیان دەگەڕێن، بۆ ئەوەى داوا و توانا جەستییەکانی خۆیان رابهێنن، کۆنترۆڵیان دەکەن. ئەو نەریتە دێرینە مێژووییە لە مێژووی نزیکیشماندا لە راستیى چالاکیى گەورەی مانگرتن تاوەکو مردن دا خۆی بە روونی خستووەتەڕوو. بەرخودان لە زیندانى ئامەد بەو تێگەیشتنە قوڵ و بە دەوڵەمەندییە رۆحییەوە سەرکەوت. بە بڕواى من بەرخودانى ١٤ی تەمووز نمونەیەکى بێ هاوتایە. بەدەستهێنانى ئەو رۆحە و ژیانکردن لەگەڵ ئەو رۆحەدا ئاسان نییە.

ئەگەر من لە رووی دەرونییەوە باس لە دۆخی کەسیى خۆم بکەم، دەتوانم بڵێم، رۆحی من پڕاوپڕ و زیندووە. لە هەموو کات زیاتر دڵم ئارام و ئاسوودەیە. لە کاتى لەمجۆرەدا هەموو کەس پێویستى بەوە هەیە، کە رۆحی خۆی گەورە و ئارام بکات. بە ناوی خۆمەوە دەڵێم، لەبەر ئەوەى هەوڵەکانم بۆ یەکخستنی رامان و بیر و کردەوەکان زۆر بوون، خۆم بە شانس و بەختەوەر دەزانم. ئەوەى رۆحی مرۆڤ گەورە دەکات، دڵسۆزی و بڕوایە بە ئامانجەکەى".

گۆشەگیرکردنى ئۆجالان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە

گیوڤەن رایگەیاند، ئەرکی هەموانە، کە بۆ هاتنەدى و چەسپاندنی هەمیشەیى ئاشتیى کۆمەڵایەتی و بۆ ئافراندنى ژیانێکى دیموکراتیک تێبکۆشن و راشیگەیاند "بێدەنگی بە مانای یارمەتیدانى ئەو تاوانەیە. بێدەنگی نیشانەى لاوازییە. گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. بەڕێز ئۆجالان کەسێکى سیاسییە. ناسنامە و ئیرادەى سیاسیى گەلی کوردە. نابێت دونیا ئەوە نەبینێت و قبوڵی نەکات. ئەگەر من ئەوە دەبینم و لێى تێدەگەم، ئەوا ئەو کات هەموو کەسێک دەیبینێت و لێى تێدەگات. لەبەر ئەوەیە خۆڕاگری و داکۆکی دەکەم. دەبێت هەموو کەسیک بە خێرایى و دەستوبرد لە دژی گۆشەگیری بوەستێتەوە. پێویستە ئێمە دەنگی خۆمان بە تێکۆشانی خۆمان بەرز بکەینەوە".

گیوڤەن وتى، ئەو تاوانەی دژ بە مرۆڤایەتى کاریگەری لە هەەموو کەسێک دەکات و تیشی "هەر کەسێک خۆی بە مرۆڤ بزانێت، دەبێت بە خێرایى بەشداری تێکۆشانی مافدار و رەواى گەلی ببێت و پشتیوانیى لێ بکات".

گیوڤەن سەرنجی خستە سەر هێڵێکى هاوبەشی تێکۆشان و بەرخودانى هەمەلایەنە و وتی "گەلانى ئەم جوگرافیایە، پێشتر دەیان جار خۆڕاگرییان کرد و فاشیزمیان تێکشاند. من دەڵێم، کات کاتی تێکۆشانە. بەبێ درەنگبوون و دواکەوتن و بێ ئەوەى باجەکەى قورستر بکرێت، ئێمە تێکۆشانی خۆمان سەردەخەین. ئەگەر گۆشەگیری لاببرێت، ئەوا سەردەمێکى بەوجۆرە دەستپێدەکات، کە ئێمە پیکەوە بتوانین هەناسە بدەین، کۆتایى بە کوژران و مردنی مرۆڤەکان دەهێنرێت و پێکەوە دەژین. لە قوڵایى دڵەوە بڕوام بەوە هەیە".

ئۆجالان ئیرادەى چارەسەرییە و دەبێت ئێمە خاوەنداری لەو ئیرادەیە بکەین

گیوڤەن لە کۆتایى قسەکاندا ئەوەشی وت "دەبێت گۆشەگیری لاببرێت، شەڕ رابوەستێنرێت. بەڕێز ئۆجالان تاکە رێگاى چارەسەرییە. ئەو ئیرادە و هێزەى خۆی چەندینجار سەلماندووە. دەبێت ئێمە خاوەنداری لەو ئیرادەیە بکەین. دەبێت هێزە شۆڕشگێڕ، دیموکراتیک، ئازادیپارێز، ژنان و گەنجان خاوەنداری لەو ئیرادەیە بکەن. ئێمە دەتوانین بە تێکۆشان، خۆبەرێکخستن کردن و بەرخودانێکى بەهێز سەربکەوین. ئێمە ئاشتی شکۆدارمان، چارەسەریى دیموکراتیک و ریشەدار و هەمیشەیى خۆمان بەدی دەهێنین. تاوەکو ئەنجام بەدەست نەهێنین راناوەستین و خۆڕاگری و داکۆکی دەکەین".

ر.م