لەیلا گیوڤەن ناتوانێت لەسەر پێ بوەستێت و ناتوانێت بەشداریى پرسەکەى دایکى بێت

لەیلا گیوڤەن ماوەی ٥٩ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە و باری تەندروستیى باش نییە و بەهۆیەوە ناتوانێت لەسەر پێ بوەستێت و بەشداری لە پرسەکەى دایکی دا بکات.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە ماوەی ٥٩ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە تاوەکو گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لاببرێت. لە ئێستادا بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە ناتوانێت لەسەر پێ بوەستێت و بەشداری لە پرسەکەى جەڤرییە گیوڤەنی دایکی دا بکات.

پارێزەرانى گیوڤەن رایانگەیاندووە، باری تەندروستیى گیوڤەن باش نییە و لەبەر ئەوەش ناتوانێت بەشداری لە پرسەکەى دایکیدا بکات.

زەختى گیوڤەن ٩ لەسەر ٧ و بەرپرسانى تەندروستی پێیان راگەیاندووە، رۆیشتن و بە پێوە وەستان دەبێتە هەڕەشە بۆ سەری، بەلام لەیلا گیوڤەن دیسانەوە پێداگریى کردووە بەشداری لە پرسەکەى دایکی دا بکات.

ئەمڕۆ پشکنین بۆ گیوڤەن کراوە و بەپێى پشکنینەکە زەختى بەرزبووەتەوە و بێحاڵ و لاوازە و دڵی تێکەڵ دەبێت و تووشی سەرگێژە بووە.

گیوڤەن بەهۆی ئەوەوە ناتوانێت خۆی بەسەر پێوە بگرێت لەسەر پێشنیازی پارێزەرەکانى بڕیاریدا کە بەشداری لە پرسەکەدا نەکات.

ر.م