مزراکلی: ئومێد و ناونیشانی چارەسەری لە ئیمراڵییە

سەلجوق مزراکلی پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە رایگەیاند، ئومێد و ناونیشانی چارەسەری ئیمراڵییە. راشیگەیاند "هۆکارى قەیرانە ئابووری، سیاسی و مافەکان لە تورکیا بۆ گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە گۆشەگیری نەمێنێت".

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ گەلاوێژەوە پارێزەرکانى و لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە شاندی ئیمراڵی و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ی خەرمانانەوە بنەماڵەکەی نەیان بینیوە و رێگا نەدراوە چاویان پێى بکەوێت و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام بدەن.

ئۆجالان لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوەوە لە ژێر گۆشەگیرییەکى چڕ و قورسدایە. بۆ نەهێشتنى ئەو گۆشەگیرییە پارێزەرانی ئۆجالان و سیاسەتمەدارانى کورد سەردانى چەندین رێکخراوى پەیوەندیداریان کردووە، بەڵام ئەنجامی لێنەکەوتووەتەوە.

 دواینجاریش لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / بەفرانبارەوە لە زیندانى جۆری ئیى ئامەد دایە، بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان دەستی بە چالاکیى مانگرتن لە خوادرن کردووە و ئێستا چالاکییەکەى لە ٦٦هەمین رۆژدایە.

لەبارەى گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە، دکتۆر سەلجوق مزراکلی پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

"رێگای ژیان بە کردنەوەى دەرگای ئیمراڵی دەکرێتەوە"

مزراکلی  رایگەیاند، ئومێد و ناونیشانی چارەسەری لە ئیمراڵییە. راشیگەیاند "هۆکاری قەیرانە ئابووری، سیاسی، حقوقی، کێشە درێژخایەنە چارەسەرنەبووەکان و قەیرانەکانى تورکیا بۆ گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان دەگەڕێتەوە. ئەگەر رێگای ئیمراڵی بکرێتەوە و کێشەى کورد چارەسەر بکرێت ئەوا رێگای دیموکراسی، حقوق و مافەکان و پەردەى سەر رێگای ماف و دادپەروەری دەکرێنەوە. ماوەیەک لەوە پێش بۆ چارەسەریى کێشەى کورد لەلایەن ئۆجالان و گەلی کوردەوە هەنگاوی گرنگ نران. بە تایبەتى بۆ چارەسەری چاوپێکەوتنى گرنگ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دران. بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى تورکیا، بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان و بە دیموکراسیکردنى تورکیا پێشنیازی گرنگ و فیداکاریى گەورە لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە خرانەڕوو. ئەو فیداکارییە بۆ گەلانى تورکیا بووە ئومێد. سەرباری ئەو فیداکاری و هەوڵانە بۆ چارەسەری، بەڵام بەرپرسانى تورکیا پرۆسەکەیان تێکدا".  

"گۆشەگیری لە دژی گەلان بەڕێوەدەبرێت"

مزراکلی باسی ئەوەیکرد، بە پێشەنگایەتیى بەڕێز ئۆجالان پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد، بەڵام بە داخەوە بۆ ئەوەى ئەو پرۆسەیە تێکبشکێنرێت، ئاکەپە هەمەوو رێگا تێکدەرانەکانى گرتەبەر.

مزراکلی ئاماژەى بەوەکرد، سەرباری فیداکارییەکانى بەڕێز ئۆجالان، دەوڵەت لە رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە پاریس هاوڕێیانمان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزی تیرۆر کرد.

 مزراکلی ئاماژەى بەوەشکرد، سەرباری ئەو کۆمەڵکوژییە، بەڕێز ئۆجالان دەستبەرداری پرۆسەى ئاشتى نەبوو و وتى "کاتێک ئەو کۆمەڵکوژییە روویدا، بەڕێز ئۆجالان وتی 'بۆ ئەوەى تەنها رێگای ئاشتی و چارەسەری بکرێتەوە، من ئەو ئازارە لە قوڵایى دڵی خۆمدا دەشارمەوە' کاتێک سەیری مێژوو دەکەین ئەوە بە روونی دەردەکەوێت، کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بەرێز ئۆجالان بۆ چارەسەریى ئیرادەیەکى گەورەى خستووەتەڕوو و بۆ چارەسەری رامان و فکری ئاشتیخوازانەى بەرەو پێش دەبات. بۆ ئەوەش گۆشەگیری تەنها بەسەر بەڕێز ئۆجالان دا نەسەپێنراوە، بەڵکو گۆشەگیرییەکە بەسەر گەلان دا سەپێنراوە".

"دەنگ بەو هاوارە بدەن"

مزراکلی سەرنجی خستەر چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە، کە ماوەی ٦٦ رۆژە لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە و وتى "لەگەڵ لەیلا گیوڤەن دا لە ٣٦ زیندادا زیاتر لە ١٦٣ زیندانى لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردان. لە زیندانەکانەوە هاوارێکی گەورە بەرزبووەتەوە. بۆ ئەوەش رۆڵێکى گەورە دەکەوێتە سەر شانی سیاسەت لە تورکیا، رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنیى تورکیا، میدیاکان، رێکخراوە جیهانییەکان، سی پی تی، نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا. دەبێت ئێمە ئەو هاوارە ببیستین و دەنگ بەو هاوارە بدەین. دەبێت ئێمە گوێمان بکەینەوە و زمانمان دیل نەکەین. بۆ ئەو هاوارە پێداگرییەک دەکەوێتە سەر شانی هەموان، چونکە ئەو سیاسەتى گۆشەگیرکردنە ژیان تاریک دەکات و بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە رێگای ئاشتی و دیموکراسی بکەینەوە".

"سی پی تی هاوبەشی ئەو تاوانەیە"

مزراکلی ناڕەزایەتیى بەرامبەر بە رێکخراوی جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) نیشادا و لەوبارەیەو وتى "بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارێتیى گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان و چالاکییەکانى ناو زیندانەکانى تورکیا و کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی سی پی تی. سی پی تی بەو نزیکایەتییە بووەتە بەشێک لە سیاسەتەکانى حکومەت و دەبێت سی پی تی بە ئەرکەکانى خۆی هەستێت. سی پی تی رۆڵێکى گرنگی بۆ ئەوە لە ئەستۆدایە. ٣ رۆژ لەوە پێش شاندێکى سی پی تی سەردانى هەڤاڵانى مانگرتومانیان لە ئەرووپا کرد. ئەو سەردانەیان بە هیچ شێوەیەک نابێتە وەڵامدەرەوە، ئەگەر سی پی تی بەو شێوەیە بجوڵێتەوە ئیتر ناتوانین بڵێین، رێکخراوێکى سەربەخۆ و بێلایەنە. دەبێت بەخێرایى سی پی تی بڕوات بۆ ئیمراڵی و ئەو گۆشەگیرییە کە ژیان تاریک دەکات نەمێنێت. تاوەکو گۆشەگیری بمێنێت، ئاشتی، ئارامی و دیموکراسی لەم وڵاتەدا بەدی نایەت. ئێمە هەموومان ئەوە دەبینین، کە ئەگەر گۆشەگیری لانەبرێت کێشەکان چارەسەر نابن و قەیرانەکان رۆژ لە دواى رۆژ قورستر دەبن و رۆژانى سەخت و قورس لە چاوەڕوانیى ئەم وڵاتەدایە. ١٠٠ ساڵ لەوە پێش و کاتێک ئەنوەر پاشا چوو بۆ ساری قامیش بە ئومێدێکى زۆرەوە بۆ ئەوی رۆیشت. ئومێدە گەورەکانى بوونە هۆی لەناوبردنی هەزاران کەس. لەم سەردەمەشدا ئەوەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست روو دەدات هەنگاوی خێر و ئاشتییانە نییە. هۆکاری ئەوەش تەنها گۆشەگیرییە و لەبەر ئەوەش دەبێت گۆشەگیری نەمێنێت".

"ئاکەپە لە کەشتیى خەیاڵەکان دایە"

مزراکلی باسی ئەوەشیکرد، ئاکەپە لە کەشتیى خەیاڵەکاندا رێ دەکات و لەوبارەیەوە وتیشی "رۆژ لە دواى رۆژ ئەوە بە باشی و روونی دەبینرێت، کە رژێمى ئاکەپە سیستمە فاشیستیى و داگیرکەرییەکەى قوڵتر و چڕتر دەکاتەوە. لەو سیستمەدا داوا و هیوای گەلان قبوڵ ناکرێت و بە نەبوویان دەزانێت. ئەو رژێمە کە هاوکات لە کەشتیى خەیاڵەکانیدا رێ دەکات بەشێوەی تاکەکەسیش خۆی بەڕێوەدەبات. ئامانجی ئەو رژێمە تەنها بینینى لایەنگرەکانى خۆیەتى و مافی ژیانى جەماوەری ئۆپۆزسیۆن لە ناو دەبات. رژێمى ئاکەپە پشتیکردووەتە یاسا و مافەکان و رووی لە پەردەی خەیاڵەکان کردووە. هەموو بەهاکان خراونەتە ژێر پێ و تورکیا لە ژێر سەندرۆم و قەیرانێکى قوڵدایە. ئەوەى نایەوێت بیبینێت لە دوورە سەیری دەکات و ئەوەشی خۆی دەبینێت لە نزیکەوە کاری بۆ دەکات. دەڵێت، ئەگەر من بمەوێت ببینم کێشە هەیە، بەڵام من نەمەوێت ببینم ئەو کێشە بوونی نییە. بۆ ئەوەش ئاکەپە پشتی کردووەتە راستی و نکۆڵیکردنى راستییەکان. لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتارە و بێدەنگیى پەرلەمان پشتبەستووە بە کەشتیى خەیاڵەکانى رژێمى ئاکەپەوە، بەڵام ئەگەر ئەو رژێمە نەیەوێت ئەو کێشەیە ببینێت ئەوا هەمیشە کێشەکانى بە ناوچاودا دەدرێتەوە. ئەگەر گوێیان نەبیستێت ئێمە بە گوێیاندا هاوار دەکەین و ناچاریان دەکەین ببینن و ببیستن و تێبگەن. ئەوەش بەرپرسیاریى ئێمەیە. بۆ ئەوەش هەر کەس چیى لە دەست دێت دەبێت ئەنجامی بدات و گوێ لە هاوارەکەى لەیلا گیوڤەن بگرێت".

ر.م