مەدیا چنار لە زیندانى مێردین چالاکیى فیدایى ئەنجامدا و شەهید بوو

مەدیا چنار لە زیندانى جۆری ئیى مێردین لە دژی گۆشەگیری چالاکیى فیدایى ئەنجامدا و شەهید بوو.

زیندانیى سیاسی مەدیا چنار سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیى فیدایى ئەنجامدا و ژیانى لە دەستداوە.

مەدیا چنار بەهۆی دۆزی بەرخودانى نسێبین لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە زیندانیکرابوو. چنار لە زیندانى جۆری ئێفی وان زیندانیکرابوو، بەڵام بۆ دادگایکردن هێنابوویان بۆ زیندانی مێردین و لە زیندانى مێردین دا ئەو چالاکییەى ئەنجامدا.

مەدیا چنار رۆژی ٣١ی ئایاری ٢٠١٦ / ١١ی جۆزەردان لەگەڵ ٤٢ کەس دا دەستگیرکرابوو. مەدیا چنار هەموو کات باسی ئەوەیکردبوو، کە لە کاتى هێنان و بردینان بۆ دانیشتنەکانى دادگا لەسەر دۆزی نسێبین، ئەشکەنجە دەکرێن و باسی لەو گوشار و کۆمەڵکوژییانە کردبوو، کە پێشتر دەوڵەتى تورک ئەنجامیدابوون.

هەروەها مەدیا چنار بە مەبەستى ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر ئۆجالان ئامادە نەبوو لە رێگەى سیستمی تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتی لە ناو زیندانەوە بۆ دادگا (SEGBÎS) بەشداریى دانیشتنەکانى دادگا بکات.

شاندێک کە هەر یەک لەپەرلەمانتارانى هەدەپە پەرۆ دوندار و توما چەلیک-یشیان لە ناودایە بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکە چوون بۆ پزیشکی دادی مێردین. شاندەکە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە تەرمەکە وەربگرنەوە.

زولکوف گەزەن رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١٩ / ٢٦ی رەشەمە لە زیندانى تەکیرداغ، ئایتەن بەچەت رۆژی ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ / ٣ی خاکەلێوە لە زیندانى گەبزەی کۆجالی، زەهرا ساغڵام رۆژی ٢٤ی ئاداری ٢٠١٩ / ٤ی خاکەلێوە لە زیندانى ئۆلتوی ئەرزرۆم بۆ ئیدانەکردن و تێکشکاندنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیى فیداییان ئەنجامدابوو و شەهیدبووبوون. تەرمی ئەو ٣ چالاکوانە لەلایەن دەوڵەتەوە رفێنرابوو و دواتر لە ژێر گەمارۆ و گوشاری پۆلیس و جەندرمەی تورک دا بەخاکسپێردرابوون.

لە شاری کریفێڵدی ئەڵمانیاش رۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠١٩ / ١ی رەشەمە ئوغور شاکار بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانى مانگرتن و تێکشکاندنى گۆشەگیری جەستەى خۆی ئاگرتێبەردا و لە ئەنجامدا رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠١٩ / ٢ی خاکەلێوە لە نەخۆشخانە ژیانى لە دەستدا.

ر.م