مەسیحییەکانى عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و کۆچی ناچاریدا

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە هۆی هێرشی گروپە تیرۆریستییەکان و نەپاراستنیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، زیاتر لە ملوێنێک هاوڵاتیی کریستیانی عێراقیان بەجێهێشتووە.

قەشە د. فارس تەمەس رایگەیاند، هیوامان ئەخواست لە دوای ٢٠٠٣ بە ئاشتی و ئازادی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان لە عێراق بژین،  بەڵام بە داخەوە لەلایەن چەند گروپێکی تیرۆریستی کەس و شوێنە پێرۆزەکانمان کرانە ئامانج".

لە دوای ٢٠٠٣ کراینە ئامانجی گروپە تیرۆستیەکان

قەشە د.فارس تمس بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "لە دوای ٢٠٠٣ هیوای ئەوەمان خواست بارودۆخی گەلی کریستیانەکان لە عێراقی خۆشەویستمان باشتر بێت، بەڵام بەداخەوە بارودۆخی کریستیانەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەرەو خراپتر چوو و چەند گروپی تیرۆرستی دەرکەوتن کە بە هەموو شێوازێک هەوڵیاندا بۆ دەستدرێژیکردنە سەر پیرۆزییەکانی کریستیانەکان بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و پەلاماری تیرۆریستی و تیرۆرکردن هێرشیان دەکردە سەر کریستیانەکان. بۆ نموونە ئەم کڵیسەیەی ئێمە بە ئۆتۆمبێلی بۆمرێژکراو هێرشکراوەتە سەری لە ٢-٨-٢٠١١ کە ئەمە تەنها کەنیسەی (سریان کاسۆلیک) لە کەرکوک، هەروەها لە کەنیسەی (سەیدەت نەجات) کە کەنیسەی سریان کەتۆلیک بوو لە بەغداد لە ئەنجامی هێرش کردنە سەر ئەو کەنیسەیە زیاتر لە ٦٠_٧٠ کەس گیانیان لە دەستدا و دەیان کەسی تر برینداربوون. هێرشی دڕندەی داعش بۆ ناوچە و گوندە مەسیحیەکان کریستیانەکان بووە هۆی ئاوارە بوونی گەلی مەسیحی هەر وەک ئێزدیەکان، هەزاران خێزانی کریستیانی لە وڵاتانی ئوردن و لبنان و تورکیا چاوەڕوانی مافی پەنابەری دەکەن بۆ وڵاتانی تر تا بە ئازادی وئاشتی و بە کەرامەتەوە بژین، ئەو سیاسەتەی نێوان نەتەوە گەورەکان گەیاندمانی بەم ئاوارەبوونە و حاڵەتی (اهانة) رەسوایەی کە تیداین".

لە سەدەی یەکەمی زایینەوە کریستیانەکان لەم ناوچەیە دەژین

ڕاشیگەیاند: "کریستیانەکان لە سەدەی یەکەمی زایینی دەرکەوتوون و بڵاو بووەنەتەوە لە (بەیت لەحم) لەوێوە بڵاوبووەتەوە بۆ ناوچەی شام بە ئاشتی و برایەتی ژیاوین لە گەڵ ئایینە جیاوازەکان، کریستیانیەت هەرگیز مەزهەبگەرایی نەکردووە لە عێراق تا ئەم رۆژەش دروشمی ئێمە دروشمی ئاشتی و خۆشەویستی و یەکسانییە. ئەگەر تەمەشای مێژوی کریستیانەکان بکەین لە عێراق هەمیشە پابەندی یاسای هەموو رژێمەکان بوونە".

پێویستە یاسایەک هەبێت بۆ پێکەوە ژیانی پێکهاتە و ئایینەکان

قەشە د.فارس وتی: "هیچ شارێک ناتوانێت بە ئاشتی و سەلامەتی و هاوبەشی راستەقینە بژێت لە نێوان پیکهاتەکان بەبێ سیستم و یاسا و دەستورێك کە پێکهاتەکان بپارێزێت. ئیمە باوەڕمان (ایمان) دایە ئەوانەی تر و شارستانیمان بڵاوکردەوە وە لە ئێستادا شارستانیمان نەماوە و هیچ نرخێکمان نەماوە، رۆژانە سەدان گەنج دەمرن لەم ململانییە بێ واتایەی کە عێراقی سەدان ساڵ و هەزاران ساڵ دوا خستووە تەنها سوودمەند ئەو وڵاتانەن کە سیاسەت و سیستم و کەلوپەلەکانی خۆیان دەسەپێننە سەرمان کە دەوڵەتانی دەوروپشتی خۆمان تاکو دەوڵەتە زلهێزەکانن، پێش هەموو شتێک منداڵەکانی خۆمان لە دەستدا بوو زیاتر لە سێ بەشی عێراق ئاوارە بووە، ئەو کەسانەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣حوکمیان کرد هیچ وەفایەکیان بۆ ئەم وڵاتە نەبوو ئێمەیان گەڕاندەوە ژێری ژێرەوە،عێراق لە ئەمرۆ دا سەرەکیترین پێداوستییەکانی بۆ ژیان نییە، کارەبای نییە و ئاوی پاکی نییە بۆ خواردنەوە، کە ئێمە لە وڵاتی دیجلە و فورات دا دەژین. جگە لەوانەش دەرمانە ماوە بەسەر چووەکانیش بوونەتە کێشەى گەورەى تەندروستی بۆ ئەم گەلانە. لە گەل ئەوەشدا سیاسەتمەدار و پزیشکەکان بوونەتە بازرگان بە سەر ئەم گەڵە بەسزمانەوە".

ئێستا ئیمە بوینەتە کەمینەیەک لە عێراقدا

هەروەها وتیشی: "رەوشی ئێمە وەکو هەموو پێکهاتەکانی ترە کە لە ئەمڕۆدا بوونەتە کەمینە، لە کاتێکدا کەرامەتی مرۆڤ پێشێل ئەکرێت بۆ نموونە ناوچەی دەشتی نەینەوا کە مەسیحی و ئێزدییان تێدا نەهێشت تەنها لە ناوچەی دەشتی نەینەوا یەک ملیۆن مەسیحی هەبوو کە ٪ ١٠٠ (هەموویان) ئاوارە بوون، کە بێ حاڵ و ماڵ و شۆینی لە دایكبوونمان (نشتیمانمان)ماینەوە، چونکە مرۆڤەکان (تایبەتمەندییان) لە دەستدا، وەکو ئەو بارو دۆخەی کە کوردەکان لە (١٩٩٠)ەکان تێدا دەژیان کە کۆچیان کرد بەرەو ناوچە شاخاوییەکان و لە ئێران و تورکیاوە بڵاوبوونەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا وەکو ئەلمانیا و فەرەنسا. لە ئێستادا ئەم پەنابەرانە بوونەتە ئامراز لە لایەن سیاسەتمەدارەکانەوە لە باکوری عێراقەوە تا باشووری عێراق سیاسەتمەدارەکان ئەو پارەیە دەخۆن کە دابین کراوە بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی ئاوارەکان بازرگانیان بە پەنابەرانەوە دەکرد هەر وەک ئەوەی کە ئێمە منداڵی ئەم خاکە نین، پێویستە ئەو سیاسەتمەدارانە شەرم کەن لە خۆیان، پێویستە دەستوورێکی وەک سویسرامان هەبێ، وڵاتەکەمان گەیشتووەتە ئاستێک نە زانکۆکان و قۆتابخانەکان فێری شتێکتان دەکات و نە پزیشک و نەخۆشخانەکان چارەسەرمان دەکەن وەکو ئەوەی لە دارستانێکدا دەژین کە شێری تێدا بێت کە ئەو شێرانە قوتی خەڵکی بەسزمان دەخۆن. ئێمە ئێستا لە مانگی یەکداین هەندێک کەس هەن مووچەی مانگی هەشتی ساڵی رابرجوویان وەرنەگرتووە چ سەرۆکێک دەتوانێت قبول بکات کە سەرەکیترین مافی هاوڵاتییەکانی نەدرێت. لەکاتێکدا خەڵکەکان بێ دەنگن مانای ئەوە نییە کە رازین وەک کاتێک کە قسە ناکەن مانای ئەوە نییە کە توانای قسەیان نییە، هەموو ئەو سیاسەتمەدار و (طبقەی سیاسی) ئەوانەی کە ناسنامەی زیاتر لە وڵاتێکیان هەیە کاتی ئەوە هاتووە بەس لەم خاکە بخۆن و بخۆنەوە، با سیاسەتمەداران نەڵێن ئیمە زیاتر لە یەک ناسنامەمان هەڵگرتووە لەبەر ئەوەی زۆلمان لێ دەکرێ، بەڵکو ئێمە لەلایەن ئێوەوە زۆڵمان لێ دەکرێ".

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم کەنیسەیەی ئێمە هاوکاری٦٠٠ خێزانی ئاوارەی کردووە بەبێ ئەوەی حکومەت هیچ هاوکارییەکمان بکات و هیچ دەست خۆشیمان لێ بکات".

کریستایانەکان کە پێکهاتون لە کلدان و سریان و ئاشوری و ئەرمەنەکان، لە دوای روخانی حکومەتی رژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ زنجیرەیەك ئۆپراسێونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە دژیان ئەنجام درا. ئەو گروپە تیرۆریستییانە دەستیان کردووە بە رفاندن و کوشتنی ئەو پێکهاتە ئاشتیخوازە، کە هەمیشە داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و مافی هاووڵاتیبوونی کردووە.

ئاماری کوشتاری مەسیحییەکان لە عێراق

لە ساڵانى (٢٠٠٣ - ٢٠١٤) هێرش کراوەتە سەر ١١٤ کەنیسە و مەزار و شوێنى پیرۆزی مەسیحییەکان.

لە ساڵانى (٢٠٠٧_٢٠٠٨) (١٤) قەشە تیرۆرکراون.

هێرش و پەلامار بۆ سەر کەنیسەی (سیدة النجاة) لە بەغدا و رفاندنی پیاوێکی ئاینییان بە ناوی (المطران بولس فرج رحو) پاشان کوشتنی لە شاری موسڵ لە ساڵی  ٢٠٠٨ .

ژمارەی کوژراوانی ئەم پێکهاتەیە لەسەر دەستى گروپە تیرۆریستییەکان گەیشتووەتە (١١٠٧) هاووڵاتی.

ناو و ئاماری قوربانی و بەرواری هێرش کردنە سەر ئەم پێکهاتەیە دۆکیومەند کراوە لە کتێبێک بە ناوی "قوربانیانی هێرشی تیرۆریستی دژی مەسیحییەکانی کلدان و سریان و ئاشوری و ئەرمەن لە عێراق لە ساڵی٢٠٠٣_٢٠١٤ (ضحایا الارهاب من المسیحین الکلدان و الاشوریین و الارمن في العراق من عام ٢٠٠٣و لغایة٢٠١٤)".

ئەم ئامارە لەلایەن (رێکخراوی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) و (ئەنجوومەنی گەڵی کلدانی و سریانی و ئاشوری) تۆمارکراون بۆ تۆمارکردنی دەستدرێژییەکان دژی مەسیحییەکان لە عێراق.

لەو کتێبەدا ئامارەکان تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئاماری فەرمیی دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بڵاونەکراوەتەوە.

ئەو هێرشانە وایکرد، کە کەسانێکی زۆری ئەم پێکهاتەیە کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی عێراق.

ر.م