ناسر یاگز لە ٥٠هەمین ڕۆژی مانگرتندایە

مانگرتنەکان لەدژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە، ئەندامێکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان ماوەی ٤٩ ڕۆژە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن ، سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستیشی، بەڵام بەردەوامە مانگرتنەکەی.

٥٠ ڕۆژە ناسر یاگز، ئەندامی نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە شاری هەولێر، بەئامانجی ئیدانەکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و پشتیوانیکردن لە مانگرتنەکەی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ناسر یاگز ئەندامی هەدەپە ڕایگەیاند، کە هەتاکو گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێنەیەت بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکەی، وتیشی: "لەگەڵ ئەوەی دۆخی تەندوستیم خراپە و لەژێر چاودێریی پزیشکدام، بەڵام ئیرادەم بەردەوامیم پێدەدات، کە درێژە بە مانگرتنەکەم بدەم".

ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەولێر داوا لە ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان دەکات یەک دەنگ بن و کاتی هاتنە دەنگی هەمووانە، دەشڵێت: "بۆیە داواکارین لە باشووری کوردستان کار بکرێت بۆ ئەو مەبەستە و دۆخی لەیلا گیوڤەنیش زۆر خراپە، ئەمڕۆ هەموو نەتەوەی ئێمە لەژێر پیلانگێڕیدایە و دەبێت هەموو کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ئەو پیلانانە بەتاڵ بکرێنەوە ".

ناسر یاگزی تەمەن ٢٦ ساڵ، لە دایکبووی شاری ئێلح (باتمان)ی باکووری کوردستانە و ماوەی ٧ مانگە هاتووەتە باشووری کوردستان، لە سەرەتای مانگرتنەکەیەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٠ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە.

شایانی باسە هاوکات لەگەل مانگرتنەکەی لەیلا گیون، بەندکراوانی سیاسی لە باکووری کوردستان و ئەورووپا بۆ دژایەتیکردنی  گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن.

ک ش