هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په: پێویسته جه‌هه‌په ده‌رباره‌ی مانگرتنه‌كان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت
هاوسه‌رۆكی گشتیی ده‌به‌په محه‌مه‌د ئارسلان ڕایگه‌یاند، پێویسته جه‌هه‌په و ڕوناكبیران له‌پێناو جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی مانگرتوان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
هاوسه‌رۆكی گشتیی ده‌به‌په محه‌مه‌د ئارسلان ڕایگه‌یاند، پێویسته جه‌هه‌په و ڕوناكبیران له‌پێناو جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی مانگرتوان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتیی هه‌رێمه دیموكراتییه‌كان (ده‌به‌په) محه‌مه‌د ئارسلان له شاری ئامه‌د كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی پارتییه‌كه‌ی له شاره‌كان ساز كرد. ئارسلان ڕایگه‌یاند، گه‌لان بۆ دیموكراتیبوونی توركیا په‌یامی گرنگیان داوه‌ته پارتییه سیاسییه‌كان.
«گۆشه‌گیری قه‌یرانه‌كه قووڵتر ده‌كات»
هاوسه‌رۆكی گشتیی ده‌به‌په ڕایگه‌یاند، «له ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه قه‌یران هه‌یه. ئه‌و قه‌یرانه به گۆشه‌گیری ده‌ستی پێكرد. بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بكرێت پێویسته كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیموكراتی چاره‌سه‌ر بكرێن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێمه ڕایده‌گه‌یه‌نین كه گۆشه‌گیری قبووڵ ناكه‌ین. مانگرتنه‌كان گه‌یشتوونه ئاستی كۆتایی. ڕۆڵه‌كانی كورد له‌پێناو جێبه‌جێكردنی قانوون گیانی خۆیان داوه‌ته‌به‌ر مردن. داواكاریی چالاكانی مانگرتن له خواردن داواكاریی دیموكراتی و ڕه‌وان.»
«پێویسته جه‌هه‌په ڕۆڵی خۆی بگێڕێت»
ئارسلان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، پارتیی كۆماری گه‌ل (جه‌هه‌په) و پارتیی سه‌عاده‌ت چاوی خۆیان له ئاست مانگرتنه‌كان داخستووه. گوتیشی، «قانوون به گوێره‌ی كه‌سه‌كان نییه. بۆیه ده‌بێ هه‌موو كه‌س له‌پێناو شكاندنی گۆشه‌گیری ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئه‌م گۆشه‌گیرییه ته‌نیا له‌سه‌ر كوردان نییه به‌ڵكوو له‌سه‌ر هه‌موو توركیایه. بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی له توركیا بچه‌سپێت ده‌بێ گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێت. نابێ جه‌هه‌په سیاسه‌تێكی دیكه بگرێته‌به‌ر. كاتێك له توركیا گه‌لان هاتنه لای یه‌كتر و پشتگیریی كاندیده‌كه‌ی ئه‌وانیان كرد، به‌و واتایه نایه‌ت كه سیاسه‌تی جه‌هه‌په‌یان پێ په‌سه‌نده. وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌نگیان به جه‌هه‌په دا. به‌ڵام په‌رله‌مانتار و شاره‌دارانی ئه‌وان له ئاست گۆشه‌گیری ده‌نگ ناكه‌ن. جه‌هه‌په له به‌رانبه‌ر ئه‌م زوڵمه بێده‌نگ ده‌مێنێته‌وه؟ خانه‌واده‌ی چالاكانی مانگرتن ده‌نگی خۆیان به ئه‌وان دا. ئایا چاوه‌ڕوانی ته‌رمه‌كان ده‌بن؟ ده‌بێ جه‌هه‌په ئه‌م ڕاستییه بزانێت. كورد گه‌لێكی سیاسییه. كوردان له ئیسته‌نبووڵ ده‌نگیان به جه‌هه‌په دا. ئه‌گه‌ر جه‌هه‌په نه‌توانێت به‌رپرسایه‌تیی سیاسیی ئه‌م شته هه‌ڵگرێت، ئه‌وان كورد وه‌ڵامێكی جه‌هه‌په‌ش ده‌ده‌نه‌وه.»
محه‌مه‌د ئارسلان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ڕایگه‌یاند، ڕوناكبیرانی توركیاش ته‌نانه‌ت ناڵێن با گۆشه‌گیری نه‌بێت. به تێڕوانینی ئێمه ئه‌وان دڵسۆز نین. بۆ ئه‌وه‌ی مانگرتوان نه‌مرن ده‌بێ گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێت.
s.m