هاوسەرۆکانى شارەوانیى ئامەد دواى ١٦ رۆژ بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان وەرگرت

عەدنان سەلجوق مزراکلی و هولیا ئالۆکمەن هاوسەرۆکانى شارەوانیى ئامەد دواى ١٦ رۆژ بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان بۆ شارەوانیى گەورە شاری ئامەد وەرگرت. مزراکلی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکەى پێشکەشی لەیلا گیوڤەن و گیولتەک کشاناک کرد.

دواى ئەوەی هاوسەرۆکانى شارەوانیى گەورە شاری ئامەد بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان وەرگرت، لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەڕیوەبەرانى هەدەپە لە بەردەم دادگاى ئامەد کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییان بەڕێوەبرد.

مزراکلی بە کوردی وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند "هەر چەند درەنگیش بێت، بەڵام بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونمان وەرگرت. پێش رژێمى قەیوم، گەل لە رۆژی هەڵبژاردندا بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونى بە ئێمە بەخشی. ئێستا ئێمە لە ژێر باراندا ئەم کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییە بەڕێوەدەبەین، با ئەو دۆڵۆپانەى باران، کە بە سەرسەرماندا دەبارێن، ببنە هۆی ئاشتى. ئێمە هەر رۆژی یەکەم بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونمان لە گەل وەرگرت".

راشیگەیاند "ئەمڕۆ لەیلا گیوڤەن ١٦٠ رۆژە لە دژی گۆشەگیری لە چالاکیى مانگرتن دایە. هەزاران زیندانى لە زیندانەکاندا لە چالاکیى مانگرتندان. ئێمە هیوادارین ئەو داوایەى ئەوان رێگا بۆ ئاشتى بکاتەوە. گۆشەگیری کارێکى دژ بە مرۆڤایەتییە. ئێمە هیوادارین کە ئیدی قۆناغەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ هێنانەدیى ئاشتییەکى هەمیشەیى".

مزراکلی سپاسی گەلی کرد و وتى "ئێمە بەڵگەنامەى دەستبەکاربوون وەک تۆمارێکى فەرمی و ئیداری کە لە ئەنجامى هەڵبژاردنەوە بەدەستهاتووە، سەیر دەکەەین. ئێمە سپاسی گەلی ئامەد دەکەین، کە بە رێژەیەکى بەرز دەنگیان پێداین و ئەو دەرفەتیان پێبەخشیین. ئێمە ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنە دەکەینە دیاری بۆ بەڕێز لەیلا گیوڤەن و بەڕێز گوڵتان کشاناک، کە بە ناهەقی زیندانیکراون. بەو هیوایە ئەو بەرخودانە و ئەم ئەنجامە ببێتە هۆکاری ئاشتى".

ر.م