هاوسەرۆکی کۆدار: دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە بەرامبەر ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان سیاسەتی ترس و تیرۆر پەیڕەو دەکات

فواد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازدی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لە میانەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسەکەماندا، باسی لە پیلانگێڕی و دوژمنایەتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی لە دژی تێکۆشانیگەلی کورد کرد.

فواد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازدی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) ڕایگەیاند: دوای پێشکەشکردنی نەخشەڕێگای چارەسەریی دیموکراتیانەی تەڤگەرەکەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێرش و پیلانگێڕییەکان لە دژی تەڤگەرەکەمان زیاتر بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری ئێران ساڵێک پێش ئێستا لە ٧ ئەیلولی ٢٠١٨ هێرشێکی هەمەلایەنەی کردە سەر گەلی کورد و هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە لایەک هێرشی هەوایی کردە سەر ناوەندی حیزبی دیموکرات لە هەرێمی باشووری کوردستان، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ٢٠ کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبە شەهید و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ پیلانگێڕی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە دژی تەڤگەری ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. هەر لە هەمان ڕۆژدا ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی بە هاوکاریی جاش و نۆکەرەکانی هێرشێکی بەرفراوان دەکەنە سەر گەریلاکانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی سنە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەرفراوانەدا دوای بەرخودانێکی بێ وێنە ٤ گەریلای ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتنە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان. لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران سێ گەنج و لاوی تێکۆشەری گەلەکەمان بە ناوەکانی (ڕامین حسێن پەناهی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی) لە سێدارە دا. ئەم سیاسەتانەی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە کاتێک دا بوو کە شەپۆل و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا دەهات تەشەنەی دەکرد و گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازیەکەی بە چەند پرۆژە و نەخشەڕێگایەک هەڵمەتی چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئەو کێشانەیان دەستپێکرد. هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان لەم چاوپێکەوتنەی دا لەگەڵ ئاژانسەکەماندا وردەکارییەکانی ڕووداوەکانی ساڵی پار دەخاتە ڕوو و کورتە باسێک لە کەسایەتی شەهیدانی ئەو قۆناغە دەکات.

"دەوڵەتی داگیرکەری ئێران ئیرادەی گەلان بە مەترسی دەبینین بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان"

لەسەرەتای قسەکانی دا فواد بێریتان باسی ئەو قۆناغەدەکات دەڵێت:" لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە پیلانێکی چەپەڵ هەبوو لەدژی تەڤگەرەکەمان ساڵێک بەر لە ئێستا هەڤاڵانمان شەهید (ئارگەش کارزان، تۆڵهەڵدان، دلۆڤان، ڕۆژهات)، کە لە سەر ئەرکەکانیان بوون لە هەرێمی سنە، ئەوەبوو لە ئانجامی شەڕێکی دژواردا لەگەڵ هێزەداگیرکەرەکانی کوردستان و جاشە خۆفرۆشەکانەوە هەڤاڵانمان دوای بەرخودانێکی بێ وێنە شەڕیان کرد و گەیشتنە کاروانی نەمران".

بێریتان ئاماژە بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە دژی گەلی کورد دەکات و دەڵێت:" گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدەست سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە دەناڵێنێت، بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە تا دێت قەیران و کێشەکان زیاتر دەبن و بەمەش فەقیری و هەژاری ڕوو لە کۆمەڵگا دەکات و ئاستی تاوانکاری و فەساد و گەندەڵی و کوشت و کوشتار زیاتر دەبێت".

ناو براو دەشڵێت:" وەک تەڤگەری ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی پاردا ئەو قۆناغەمان خوێندەوە و هەوڵماندا بە پێشکەشکردنی پرۆژە و نەخشە ڕێگا بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانە هێز و ئیرادەی خۆمان نیشانی هەموو لایەک بدەین. ئەوە بوو لە سێ ڕێگاوە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان (کەژار)، پرۆژە و پێشنیازی خۆمان ئاڕاستەی هێزو لایەنەکان و گەلی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵگای ئێران و ژنان و هەموو ئازادیخوازی ئێران کرد. وەک تەڤگەری ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە هەڵوێستمان بوو، ئێمە دەستنیشانمان کردبوو، کە دەمانەوێت بە ڕێ و ڕێبازی دیموکراتیک لەسەرەتادا گەلەکەمان، پاشانیش هێز و لایەنە دیموکراتەکانی ناو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆبکەینەوە بە هەموومانەوە کۆشش بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە ڕژێمی داگیرکەری ئێران دروستی کردووە".

فواد بێریتان تیشک دەخاتە سەر کاردانەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە دژی تەڤگەرەکەیان لەو قۆناغەدا و دەڵێت:" دوژمنان و داگیرکەرانی وڵاتەکەمان ئەم سیاسەتەی ئێمە، هێز و باوەڕی ئێمە، پرۆژە و پێشنیازی ئێمەیان وەک مەترسیەکی جدی بینی بۆ سەر خۆیان. دوژمن و داگیرکەری گەلی کورد و زاڵمی گەلانی ئێران پێشکەوتنەکانی ئێمە دەبینێت، بێگوومان ئەو دوژمنە خوێنمژە چاوی بەوە هەڵنایەت کە بزاڤی ئاپۆگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو گەورە بوون دەڕوات و تا دێت گەل لە دەوری فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبێتەوە و خۆی بەڕێکخستن دەکات و ڕێکخستنەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندن دایە. دوژمن ئەم پێشکەوتنەی تەڤگەرەکەمانی وەک مەترسییەک بینی، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو مەترسییە لەسەر خۆی لابەرێت لە قۆناغی جیاوازدا پیلانەکانی لە دژی ئێمە دەستپێکرد. سەرەتا دەستی کرد بە گرتنی خەباتکاران و وڵاتپارێزان و چالاکوانان، پاشانیش کەمینی بۆ هێزەکانی گەریلا دەنایەوە، دواتریش هێزەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر کرد، لەو قۆناغەدا ئیعدامکردنی جەوانان، قەتڵکردنی دۆستان و لایەنگرانی گەلەکەمان، هەروەها هێرشی سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان سیاسەتی سەرکوتکارانەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بوو لە دژی ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان".

"تیرۆرکردنی ئیقباڵ مورادی سەرەتای پیلانگێڕییەکان بوو"

هاوسەرۆکی کۆدار ئاماژەی بە تیرۆر کردنی وڵاتپارێزی کۆڵنەدەر و ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان شەهید  ئیقباڵ موردی دەکات و دەڵێت:" مانگ و نیوێک پێش شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵانەمان، خەباتکار و وڵاتپارێز و تێکۆشەری مافی مرۆڤ شەهید ئیقباڵ مورادی تیرۆرکرا! شەهید ئیقباڵ مرۆڤێک بوو کە بە درێژایی تەمەنی خۆی لە تێکۆشانی ئەوەدابوو گەنجان ڕاکێشێ ناو تەڤگەری ئازادیخوازی بکات و گەلەکەمان بە فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ ئاشنا بکات. هەڤاڵ ئیقباڵ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو  دەنگی چالاوانانی زیندان و دەنگی زیندانی سیاسی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ڕابگەیەنێتە ڕای گشتیی جیهان. لەبەرامبەردا یەکەمین هێرش لە دژی گەلەکەمان لەو قۆناغەدا تیرۆرکردنی هەڤاڵ و شۆڕشگێڕی خۆنەویستی گەلەکەمان شەهید ئیقباڵ مواردی بوو".

هاوسەرۆکی کۆدار ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای تیرۆر کردنی ئیقباڵ مورادی پەرەیان بە تێکۆشان دا و لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت:" دوا بەدوای ئەمە تەڤگەرەکەمان بۆ بەرز ڕاگرتنی شەهید ئیقباڵ مورادی خەباتی ڕێکخستنی و پەرەوەردەیی گەلەکەمانیان گوڕتر کردەوە. لە چوارچێوەی تۆڵەسەندنەوە دا بەو پەڕی ئاستی بەرزی هۆشیاریەوە کەوتینە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لە شار و دێهاتەکان، لە کوچە و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵمەتی خەباتی پەروەردەیی و هۆشیارکردنەوەیان گەلەکەمانیان دەستپێکرد، شەو ڕۆژ گەریلاکانمان ماندوو نەناسان بەو پەڕی بوێری و لە خۆبردوویی و خۆنەویستانەوە کار و خەباتیان دەکرد، گەریلاکانمان هەلومەرجی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان باش خوێندەوە بەبێ ئەوەی بەریەک کەوتنیان لە گەڵ هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەردا هەبێت خەباتی ڕێکخستنیان پەرە پێدا".

فواد بێریتان وتیشی: "هەر لەم قۆناغەدا بوو کە دوژمن ئاستی پێشکەوتنەکانی ئێمەی بینی، ئەو ڕاستیەشی دەدیت کە گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئاپۆیی ئاستی هۆشیاری سیاسی و فەرهەنگی و مێژووی و زانستی خۆی بەرزکردووەتەوە، ڕێکخستن بەرفراوان و گۆڕەپانەکانی تێکۆشان گەورە تر بووە. ئەم پێشکەوتنەی تەڤگەرەکەمان کاریگەریی لەسەر ڕژێمی داگیرکەری ئێرانیش کرد، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لەو قۆناغەدا دابوو هەر دوو جەوانی تێکۆشەر زانیار و لوقمان مورادی، هاوکات لەگەڵ چالاکوان و ئازادیخواز رامین حسێن پەنایی لە سێدارە دا. زانیار و لوقمان مورادی دوو گەنج و لاوی کورد بوون کە بە درێژایی تەمەنیان لەگەڵ ئێش و مەینەتی گەلەکەیاندا گەورەببون، ئەو دوو لاوە تێکۆشەرە هەر لەسەرەتای منداڵیانەوە بە زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی ئاشنابوون، هەربۆیە ئەو دوو گەنجە تێکۆشەرە هیچ کات سەریان بۆ زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی دانەنەواند. کاتێک ئەو دوو شۆڕگێڕە لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا بوون، کارو خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی فکر و فەلسەفەی ئاپۆیی لە زیندانەکان بڵاو بکەنەوە، تێدەکۆشان بۆ چالاک کردنی زیندانیان و بە ڕۆحی گەنجانەی خۆیانەوە جۆش و خرۆشی زاندانیان زیاتر دەکرد و ورە و هێزیان پێ دەبەخشین. لە کۆتا هەڵوێستیشتیاندا ئەوەمان بینی کە زۆر سەربەرزانە نۆکەرییان قبوڵ نەکرد و بە عەشقە و ورە و باوەڕییەوە کۆتا ساتەکانی تەمەنی خۆیان هیواکانیان لەژێر سێدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بردە سەر و دلێرانە چونە کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە. لە سێدارەدانی گەنجانی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەگەڵ هێرشی داگیرکەران و جاش و نۆکەرانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر هەڤاڵانمان لە یەک کاتدا پێکهات. لە بیرمان نەچێت هەمیشە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کەی هەستیان بە زیندووبوونەوەی گەل و بەرفراوانی خەباتی ئایدۆلۆژیا و سیاسی، ڕێکخستنی و لەشکەری تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردیان کردبێت سیاسەتی ترس و تیرۆریان بەڕێوەبردووە".

هەڤاڵامان پێشەنگی تێکۆشان و خەباتی ڕێکخستنی بوون

هاوسەرۆکی کۆدار بە شێکی قسەکانی بۆ کەسایەتی شەهیدانی ئەو قۆناغە تەرخان کرد، لەسەر کەسایەتیی شەهید ئارگەش کارزان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدارهەڵسەنگاندنی کرد و وتی:" شەهید ئارگەش کارزان وەک گەنجێکی مەنتیقەی کامیاران، لە سەرەتاکانی ٢٠١٠ دا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبێت. پێش بەشداربوونی بۆ ناو ڕیزەکانی گەریلادا، شەهید ئارگەش تێکۆشانی ئەوەی کرد کە لە چوارچێوەی خەباتی دانیشجو (خوێندکاری لە زانکۆ)دا خەباتی و تێکۆشان بۆ بڵاو کردنەوەی فکر و فەلسەفەی ئاپۆیی دەکرد. خەباتی ڕێکخستنەکانی دانیشجووی تاران و تەورێز و شارەکانی دیکەی دەکرد. لەبەر ئەوەی بەشداری کار و چالاکییەکانی ڕێکخستن دەبوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شەهید ئارگەش دەگیرێت و دەکەوێتە زیندانەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە. شەهید ئارگەش لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا وەک هەڤاڵانی ترمان تەسلیمیەتی قبوڵ نەکرد و سەربەرزانە لە بەرامبەر ئەشکەنجە گوشارەکانی ڕژێم دەوستایەوە، هەتا سەربەرزانە لە زیندان ئازاد کرا. هەڤاڵ ئارگەش وەک خۆی باسی دەکرد کە لەو قۆناغەدا ئەوەی بۆ قبوڵ نەدەکرا کە لە جێگای خۆیدا بمێنێتەوە، ئەو وەها باسی ئەو قۆناغەی دەکرد: پێویست بوو هەنگاوێکی گەورەتر و ڕادیکاڵتر هەڵگرم و چەک هەڵگرم و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببم. ئەوە بوو لە سەرەتاکانی ٢٠١٠ دا هەڤاڵ ئارگەش هاتە ناو ڕێزی تێکۆشانی تەڤگەرەکەمانەوە. هەڤاڵ ئارگەش خاوەن مەعنەویاتێکی زۆر بوو، خاوەن باوەڕی و هێزێکی گەورەبوو، کەسایەتیەکی دڵنزم و لە خۆبوردووبوو. هەڤاڵ ئارگەش بە کەسێکی بێدەنگ و هێمن لە ناو هەڤاڵانی دەناسرا. بێدەنگ بوو، بەڵام دڵێکی گەورەی هەبوو، بێدەنگ بوو بەڵام جۆش و خورۆشێکی زۆری هەبوو، سەرەڕای هێمنی هەڤاڵ ئارگەش هەست بە توڕەیی و ڕق و کینە و تۆڵە دەکرا لە دوژمن و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران".

لەسەر کەسایەتی شەهید فارماندە تۆڵهەڵدان هاوسەرۆکی کۆدار دەڵێت:"هەڤاڵ تۆڵهەڵدان سنە کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو خەباتی کۆمەڵایەتیی دەکرد، لەگەڵ زیندانیانی سیاسی دۆزی پەژاکدا ئاشنابوو، ئەمەش دەرفەتێک بوو بۆ هەڤاڵ تۆڵهەڵدان بۆ ئەوەی بتوانێت فکری سەرۆک ئاپۆ بخوێنێتەوە. هەڤاڵ تۆڵهەڵدان وەک خۆی باسی ئەو قۆناغەی دەکرد و دەیووت" لەو کاتەدا هەرچەندە فکر و ڕامانی سەرۆک ئاپۆم دەخوێندەوە زیاتر خۆم دەناسی، ئەو خۆناسینەش بوو کە پاڵی پێوەنام بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا ببم". کاتێک هەڤاڵ تۆڵهەڵدان بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوو، هەر لەسەرەتادا بەڕاستی وەک تینوی ئەو فکر و ڕامانە بێ ماندوو بوون بە دوای تێگەیشتنی زیاترەوە بوو، هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا کە زیاتر لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بگات. ئەم تایبەتمەندییەی هەڤاڵ تۆڵهەڵدان پاڵنەرێک بوو، کە لە زووترین کاتدا هەڤاڵ تۆڵهەڵدان لە ڕووی سیاسی و لەشکەری و ڕێکخستنییەوە خۆی پێشبخات. هەڤاڵ تۆڵهەڵدان هەمیشە پێشەنگایەتی هەڤاڵانی دەکرد، زۆری پێخۆش بوو کە هەڤاڵانی نوێ پەروەردە بکات، ئەوەبوو ماوەیەک لەسەر پەروەردە شەرڤانانی نوێ ڕاوەستا و وەک مامۆستا و خوێندکار بوو لەگەڵ هەڤاڵانیدا، هەرچی لەدەستی هات بۆ پێگەیاندنی کادیرانی ناو تەڤگەرەکەمان درێغی نەکرد. هەڤاڵانی شەڕڤانی نوێ کاتێک باسی شەهید تۆڵهەڵدانیان دەکرد بە کەسایەتییەکی دڵنزم و خۆنەویست و هێز و ورەو باوەڕ ناویان دەهێنا. ئەوان دەیانگووت کاتێک هەڤاڵ تۆڵهەڵدان لە گەڵیان دایە هەست بە هێز و ورەو باوەڕی دەکەن. لە ڕاستیدا شەهید تۆڵهەڵدان لە ناو تەڤگەرەکەماندا وەک ئارتەشێک بوو".

لە بەردەوامی قسەکانیدا فواد بێریتان باسی لە کەسایەتی هەردوو شەهیدی دیکەی ئەو قۆناغە دلۆڤان سەردەشت و ڕۆژهات بۆکانی کرد و وتی:"هەڤاڵ دلۆڤان سەردەشت و هەڤاڵ ڕۆژهاتیش یەکێک بوون لە هەڤاڵانی پێشەنگی تەڤگەرەکەمان. هەڤاڵ دلۆڤان سەردەشت هەڤاڵێکی گەنج بوو، لەناو دەستەی ڕێوەبەریی ڕێکخستنەکانی گەنجاندا کاروخەباتی دەکرد. هەمیشە هەڤاڵ دلۆڤان هەوڵی دەدا، کە جەوانان بەڕێکخستن بکات و هۆشیاریان بکاتەوە و بەشدارییان بکات لە ڕێکخستنەکاندا. شەهید دلۆڤان هەمیشە بە ڕۆحی جەوانتیەوە ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند، هەمیشە بەوە باوەڕ بوو کە ڕۆحی جەوانتی ڕۆحی گۆڕانکارییەکان، ڕۆحی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانە، رۆحی سەربەرزی و سەرکەوتنەکانە، هەربۆیە بەو ڕۆحەوە تا دوا دڵۆپی خۆی خزمەتی جەوانان و گەلەکەی کرد".

لەسەر کەسایەتیی شەهید ڕۆژهات بۆکان هاوسەرۆکی کۆدار دەڵێت:" هەڤاڵ ڕۆژهات بۆکان، وەک لاوێکی ئازا و بوێری هەرێمی موکریان و شاری بۆکان بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوو. بۆکان شاری تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانە، شاری شەهید عاکیف مامۆ زاگرۆسە. هەر بۆیە بەو زانیارییەوە هەڤاڵ ڕۆژهات بەشداری کار و خەباتی ڕێکخستنی دەبوو. ئەو کاتەی کە لەگەڵ هەڤاڵ ڕۆژهاتدا بووین بەڕاستی هەوڵدانی هەڤاڵ ڕۆژهاتمان بینی کە دەخوازێت لاوازیەکانی وەلاوە بنێت و کەسایەتییەکی بەهێز و تۆکمە و کارامە بونیاد بنێت. ئەوەمان دەبینی کە هەڤاڵ ڕۆژهات هەوڵدەدات کەسایەتی هەڤاڵ عاکیف لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستە بکات. شەهید ڕۆژهات ڕۆحێکی سەرهەڵدێر و بەرخودێری هەبوو".

لە کۆتاییدا قسەکانیدا فواد بێریتان وتی:" بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهیدان بکەینەوە دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانێکی ڕاستە، خەباتی ئێمە خەباتێکی ڕاستە. هەتا ئارگەش و دلۆڤان و ڕۆژهات و تۆڵەهەڵدانەکان هەبن، گەلەکەمان سەنگەری بەرخودانیان گەشاوەتر دەبێت و چەکی ئازادی و بەرخودانیان بەرز دەبێت. هەتا خاوەن لاوی ئازاو بوێری وەک زانیار و لوقمان مورادی بین هەمیشە کۆمەڵگاکەمان خاوەن هێز و ورە و باوەری دەبێت. هەتا گەریلا و ڕێکخستن هەبێت کەس ناتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر گەلەکەمان. لە کۆتایی دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنم و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە گەلەکەمان و هەڤاڵانمان و سەرۆک ئاپۆ دەکەم و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە تۆڵەی شەهیدانمان دەکەینەوە و ئارەزوو و خولیای ئەوان کە ژیانێکی ئازاد و شکۆداربوو ئێمە دەبینە هێزی بەدی هێنەری ئەو داخوازیانە.

 ژ.ت