هاووڵاتییانی برادۆست پشتگیری لە خەڵكی راپەڕیوی بادینان دەكەن

دوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری ناحیەی دێرەلووك-یان بۆردومان كرد و چەندین هاووڵاتییان شەهید کرد، هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیەش بنکەیەکى سوپاى تورکیایان ئاگرتێبەردا. هاووڵاتییانى برادۆستیش رایانگەیاند، پیشتگیری لە خەڵكی بادینان دەكەن.

 هاووڵاتیان و كەسوكاری شەهیدان و تەواوی خەڵكی بادینان خۆپیشاندانیان لە دژی هێرشەكانی سوپای تورکی داگیركەر ئەنجامدا و دەستیان بەسەر بارەگای سەربازیی سوپای توركی داگیرکەردا لە ناوچەى شیلادزێ دا گرت و ئاگریان لە كەلوپەلی سەربازیی بارەگەکە بەردا .

هاووڵاتییانی هەرێمی برادۆست پشتگیری لە خەڵکی بادینان دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن، ئەمڕۆ براكانیان لە دیرەلووك شەهید بوون سبەی برا و کەسوکاری ئێمەش لە دەڤەری برادۆست شەهید دەکرێن، بۆیە پێویستە هەموومان راپەڕین لە دژی هێرشەکانى سوپای توركیای داگیررکەر بەرپا بكەین و لە خاكی باشووری كوردستان دا بیانکەیەنە دەرەوە .

ئەمبر مستەفا دانیشتووی دەڤەری برادۆستە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات  (ANF)ی راگەیاند: بەراستی خەڵکی شیلادزی زۆر قارەمانانە توانیان راپەڕین لە دژی سوپای داگیركەر بەرپا بکەن. ئێمە لە ناوچەی برادۆست پشتگیرییان دەكەین و سەرخۆشیش لە قوربانییەكان دەكەین .

هاووڵاتییەكی تری ناوچەكە بە ناوی خدر عەبدوڵا بە ئاژانسەکەمانى راگەیاند: "ئەوە سەلماندی هاووڵاتییانى قارەمانی دەڤەری بادینان چیتر زوڵم و زۆرداری و بۆردومان و هێرشەكانی سوپای توركیا قبول ناکەن. ئێمەش لە دەڤەری برادۆست زۆر بەو راپەڕینە دڵخۆشین و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریان دەکەین بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی توركیا و کردنەدەرەوەیان لە خاکى باشوور.

سوپای کۆماری تورکیاى داگیرکەر بە بۆردومانى بەردەوامی فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانى بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، چەندین کۆمەڵکوژیى ئەنجامداوە و چەندین هاووڵاتیى سنوورەکەى شەهید کردووە و زیانێکى زۆری بە هاووڵاتییان و ژینگە و سروشتى ناوچەکە گەیاندووە، لەبەر ئەو زوڵمانەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر خەڵکی شیلادزێ لە باشووری كوردستان لە دژی بنکە سەربازییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر راپەڕین.

ر.م