‌هاووڵاتییانی کەرکوک لادانی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی باکوری کوردستانیان ئیدانە دەکەن

هاووڵاتییەکی شاری کەرکوک دەڵێت: ئەو کارەی ئاکەپە خۆسەپاندنێکی نایاساییە بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا.

لانە شکور ژنێکی شاری کەرکوکە و دەربارەی ئەو کودەتایەی لە دژی هەدەپە لە باکوری کوردستان ئەنجامدرا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "ئێمە وەکو هاووڵاتییانی شاری کەرکوک ئیدانەی ئەو بڕیارەی تورکیا دەکەین بۆ لادانی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان، ئەو کارەی ئاکەپە خۆسەپاندنێکی نایاساییە بەسەر ئیرادەی گەلی کورد لە باکوری کوردستاندا."

لانە شکور وتیشی: "تورکیا دەیەوێت بە لابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی باکور کورد بخاتە ژێر دەسەڵات و رکێفی خۆی و ئیرادەی گەلی کورد نەهێڵێت، ئێمەش وەکو هاووڵاتییانی شاری کەرکوک بەتوندی ئیدانەی ئەم کارەی تورکیا دەکەین."

بەڵێن نامیق هاووڵاتییەکی تری شاری کەرکوکە و دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەدەپە وتی: "ئێمە وەکو هاووڵاتییانی شاری کەرکوک ئیدانەی ئەو ڕەوشە نالەبارەی تورکیا دەکەین، کە بەرامبەر کوردانی باکوری کوردستان پێشەلکاری دەکرێت. ئەوەش  کودەتایەکە بەرامبەر نەتەوەی کورد، ئیستا ئەوپەڕی نادیموکراتیەت لە تورکیا جێبەجێ دەکرێت لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە."

بەڵێن نمیق وتیشی: "داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بێ هەڵوێست و بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەم کودەتا و نادیموکراتەی لە تورکیا پەیرەو دەکرێت."

کارساز بێستوون هاووڵاتییەکی دیکەی شاری کەرکوکە و دەربارەی لەسەر کارلابردنی هاوسەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و دانانی قەیوم لە جێگایان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "من وەکو ‌هاووڵاتییەکی شاری کەرکوک نیگەرانم بەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەریان کردووە دژی هەدەپە، لەکاتێکدا هاوسەرۆکانی هەدەپە بە بەزۆرینەی دەنگی گەل بوونەتە سەرۆک شارەوانی."

هەروەها کارساز بێستوون وتیشی: "ئەو بڕیارانەی دەوڵەتی تورک خزمەت بەیەک ریزی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە ناکات، تورکیا هەوڵدەدات کورد بسڕێتەوە لە رووی سیاسی و نەتەوەییەوە و ناچاریان دەکات خەباتی چەکداری هەڵبژێرن."

لە کۆتایشدا کارساز بێستوون ڕایگەیاند: "داوا دەکەم لەو رێکخراو و لایەنانەی کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەم پێشەلکارییانەی دژی کورد دەکرێت لە باکوری کوردستان. هەروەها داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان دەکەم بێ هەلوێست نەبن بەرامبەر لەسەرکار لابردنی هاوسەرۆکەکانی شارەوانییەکانى هەدەپە."

ژ.ت