هونەرمەندانی سلێمانی هێرشەکانی تورکیایان شەرمەزار کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی شێلادزێ دەربڕی

لە بەردەوامی هەڵوێست و چالاکیەکانی گەلی باشوور لە دژی لەشکرکێشتی سوپای تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، هونەرمەندانی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد.

هونەرمەندانی شاری سلێمانی لە دژی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و تیایدا هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەریان شەرمەزار کرد، هاوکات هونەرمەندانی شاری سلێمانی پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکانی شێلادزێ دەربڕی و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدانی شێلادزێ خواست.

هونەرمەند تارا محەمەد لەسەر ناوی هونەرمەندانی شاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەیەوێت خاکی ئێمە داگیر بکات، دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها لە ڕێگەی سوپاوە، بەڵکو لە ڕێگەی هونەر و کەلتوریشەوە دەیەوێت ئێمە داگیر بکات و لە ناومان ببات.

هونەرمەندان پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی شێلادزێ دەربڕی و خەباتی مەدەنی و دیموکراتی گەلی شێلادزێیان پیرۆز ڕاگرت، هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد کە داواکاری گەلی شێلادزێ داواکاری هونەرمەندانیشە.

ف.ق