هۆکار و ئەنجامی سەردانی شاندەکەی تورکیا ئاشکرا بوو

ئاشکرابوو، شاندەکەی تورکیا، کە بۆ بەربەست دروستکردن لەبەردەم یەکێتیی کوردان و شکاندنی بایکۆتی کاڵای تورکیی سەردانی باشوری کوردستانیان کردبوو، بە ئەنجام نەگەشتوون.

هەفتەی ڕابردوو شاندێکی تورکیا کە لە بەرپرسانی میت، ئەندامانی کونسوڵخانەی هەولێر و بەرپرسانی سەربازیی پێکهاتبوون، سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و دەوترێت، کە سەردانی زۆربەی حزبەکانی باشوریان کردووە و داخوازییەکانی خۆیانیان خستووەتەڕوو.

دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، لە باشوری کوردستان هەڵوێستێکی جدیی دژی دەوڵەتی تورک دەرکەوت، کە لە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیی و گەشتکردن بۆ تورکیا، خۆپیشاندان دژ بە تورکیا و بەشداربوون لە بەرخۆدانی شکۆمەند و چوونی گەنجان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، خۆی نواند، ئەوە جاری یەکەم بوو، کە گەلی باشوری کوردستان بەیەک دەنگ و جەماوەرییانە دژ بە دەوڵەتی تورک بڕژێنە سەر شەقامەکان.

ئەم هەڵوێستەی گەلی باشوری کوردستان بەرپرسانی دەوڵەتی تورکی نیگەران کرد، بۆیە کەوتنە هەوڵدان بۆ لەباربردنی ئەو یەکدەنگییە، بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، شاندەکە لەلایەن خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورکەوە ئەرکدارکراون تا پەیامی ئەو بگەیەننە بەرپرسانی باشور.

ئەو سەرچاوە بۆ ڕۆژنیوزی ئاشکرا کرد، سێ داخوازیی ئەردۆغان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندەکە بووە، لە یەکەمیاندا داوایان لە لایەنەکانی باشور کردووە دژایەتیی پەکەکە بکەن.

داواکاریی دووەمیش، بەربەست دروستکردن لەبەردەم پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردان، داوایان کردووە، کە بەشداریی ئەو خەباتە نەبن و ڕێگاش نەدەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە دەوری ڕۆژەڤی یەکێتی نەتەوەیی کۆببنەوە.

شکاندنی بایکۆتی کاڵای تورکیی داواکارییەکی دیکەی شاندەکە بووە و داواشیان لە هەندێک لە کۆمپانیا و بازارگانەکان کردووە، کە هەوڵی پێویست بدەن بۆ زیادکردنی بازرگانیی لەگەڵ تورکیا.

شاندەکە هەوڵیانداوە، کە حزبەکانی باشور قایل بکەن، کە گوایە دەوڵەتی تورک لەدژی ئەوان نییە.

وەڵامی حزبەکانی باشور چی بووە؟

بەپێی سەرچاوەکان، زۆربەی حزبەکانی باشور ئامادەنەبوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە و تەنانەت هەندێکیان بۆچوونی خۆیان دەربارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا هێناوەتە زمان و ڕایانگەیاندووە، چارەسەری کێشەی کورد ئیمرالی و پەکەکەیە.

هەروەها، هەندێک لەو حزبانە تەنیا گوێیان لە شاندەکە گرتووە و هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی یانیش نەرێنییان نیشان نەداوە، تەنیا هەندێک کەس لەناویاندا پستگیریی داخوازییەکانی شاندەکەیان کردووە.

سەرچاوەکان، ڕایانگەیاند، کە شاندەکە نەگەشتووەتە ئامانجی خۆی، بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئاستەنگکردنی یەکێتی کوردان و شکاندنی بایکۆتی کاڵای تورکیی لە باشوری کوردستان، بەردەوام دەبێت.

ف.ق