هەدەپە:ئێمە ناهێڵین گەلی ئێزدی کۆچبەر بکرێت

نەعمەتواللە ئەردۆغموش ئەندام پەرلەمانی هەدەپە رایگەیاند، ئەوان رێگا نادەن هیچ هێزێک، ئێزیدییەکان لە سەر خاکی خۆیان کۆچبەر بکات.

نەعمەتواللە ئەردۆغموش ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری روحا کە هاوکات وتەبێژی رێکخراوی گەلان و بیروڕاکان-ی هەدەپەیە، راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بە هێچ شێوەیەک رێگا نادەن جارێکی دیکە گەلی ئێزیدی لەسەر خاکەکەیان کۆچەبەر بکرێتەوە.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە:

"ئێزدییەکانی گوندی کەلهۆکی سەر بە ناوچەی بشێریای شاری ئێلح کە لە ساڵی ١٩٩٢ ناچار بوون لەسەر خاکەکەیان کۆچ بکەن، دوای ٢٧ ساڵ ویستیان بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان. لە ساڵی ٢٠٠١ لە هەوڵە یاساییەکانیاندا سەرکەوتوو بوون و هەوڵێکی زۆریان دا بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، بەڵام بەهۆی ئەو هەوڵانەیان، توندوتیژیان بەرامبەر کرا و رێگیریان لێکرا.

پێشتریش ئێزیدییەکان لە گوندی بشێری و وێرانشار و میدیاد و نسێبین هەوڵێکی زۆریان دا بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، بەڵام خێزانە مافیاچییەکانی سەر بە دەوڵەت هەڕەشەیان لێ کردبوون.

فشارەکانی سەر ئێزیدییەکان تەنها لەسەر گوندێک نەبووە، بەڵکو هەڕەشە و دژایەتی بەرامبەر بە بیروبڕواکانیشان دەکریت. ئەم فشارانە کۆتایی قڕکەرییەکانی سەر ئێزدییەکان پیشان دەدات.

ئەم هێرشانە لە لایەن هەر کەسێکەوە بکرێت، بەرپرسیاری یەکەم دەولەتە. بۆ رێگریکردن لەم یارییە قێزەوەنانە پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێن. بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان پێویستە رێوشوێنی یاسایی بگیرێتە بەر و ئاسایشی گیانی و ماڵییان پارێزراو بێت.

ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو رێکخراو و ریش سپی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسیەکان و رۆشنبیران دەکەین کە لە دژی ئەو هێرش و فشارانەی سەر ئێزدییەکان هەڵوێستیان بنوێنن.

ئێمە ناهێڵین جارێکی دیکە هیچ کەسێک ئێزیدییەکان لە سەر خاکەکەیان کۆچبەر بکاتەوە."

ز.ش