ریکخستنی هەدەپەی شاری ئامەد لە بارەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد. کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لە هۆڵی کۆنفڕانسی ڤەدات ئایدن لە شاری ئامەد بەڕێوە چوو، هەر یەک لە سەمرا گوزەل و موسا فارس ئۆغلو و دەرسم داغ ئەندام پەرلەمانەکانی هەپەدە و زەینەب جەیلان و هولیا ئالۆکمەن هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری ئامەد، هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییە دەست بەسەردا گیراوەکان، ئامادە بوون.
'گۆشەگیری بە خۆڕاگری تیک دەچیت'
سەمرا گوزەل ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تیشکی خستە سەر تیکۆشانی دژی گۆشەگیری و بە بیری هێنایەوە کە بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن کە بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن بەڕێوە چوو، گۆشەگیری کۆتایی پێهاتبوو.
گوزەل رایگەیاند بە تێکچوونی گۆشەگیری، هیواکان بۆ ئاشتی و چارەسەریی سەر لە نوێ دەستیان پێکردەوەو وتی:"ئوجالان بە رێگای پارێزەرانیەوە وتبووی'٣٠- ٤٠ رۆژی داهاتوو، چارەنووسساز دەبن".
گوزەل رایگەیاند بە سیاسەتی شەڕ وڵامی داوای ئاشتیی ئوجالان درایەوە و بە بیریشی هێنایەوە کە گۆشەگیری هێشتا بەردەوامە و وتی:"گۆشەگیری یەکێکە لە رێبازەکانی ئەشکەنجەدان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ. یاسا بوونی نییە. ئەوەی دەرگای ئاشتی بکاتەوە تەنها بەڕێز ئوجالانە. بۆیە تا ئەو رۆژەی کۆتایی بە گۆشەگیری نەیێت، تێکۆشانی ئێمەش بەردەوام دەبیت."
سەمرا گوزەل رایگەیاند زیهنییەتی فاشیزم لە ساڵی ١٩٩٩ بە پلانگێریی نێودەوڵەتی بەڕێز ئوجالانی بەدیل گرت و هەوڵیدا هیوای ئاشتیی گەلان لەناو بەرێت. ئێستاش بە رێگای شەڕ و رێگای نایاسایی هەوڵ دەدات، بەردەوامی بدات بە بوونی خۆی."
گوزەل رایگەیاند، بەڕێز ئوجالان بە سەلماندن و هەڵوێستەکانی نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت جیهانیش پەرسپەکتیفی چارەسەری خستە روو، هەمیشەش ئەمەی پاراستووە. ئەم پەرسپەکتیفی چارەسەرییە خزمەت بە ئاشتی دەکات. پەرسپەکتیفی نەتەوەی دیمۆکراتیکە کە سەرچاوەکەی لە پێوانەکانی ژیانی کۆمەڵگا وەردەگرێت."
سەمرا گوزەل هەروەها رایگەیاند، ئەم کریارە نامرۆڤانەیە تەنها لە دژی ئوجالانە و لە کەسایەتی ئوجالاندا لە دژی کۆمەڵگا و کەلتوورەکەیەتی و بەم رێگەیە دەیانەوێت هەموویان گۆشەگیر بکەن.
'کاتێک ئوجالان قسە دەکات، ئاشتی بەدی دێت'
گوزەل وتی، بێدەنگکردنی ئوجالان بە واتای قوڵکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان و بە واتای شەڕ و نایەکسانی و فاشیزم دێت. ئەگەر ئوجالان قسە بکات ئاشتی بەدی دێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر گۆشەگیری بەردەوام بێت، شەڕیش گەورەتر و بە گوڕتر دەبێت.
گوزەل لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەوانەی گۆشەگیری لەسەر ئوجالان دەسەپێنن، خاوەنی زیهنییەتێکی فاشیستن و جەختیشی کردەوە کە گۆشەگیری هەم بە پێی یاسای دەوڵەتان و بە پێی یاسایی نێودەوڵەتیش تاوانە.
سەمرا گوزەل ئەندام پەرلەمانی هەپەدە وتیشی، ئەم حکومەتەی ئێستا سیاسەتێکی وا پەیرەو دەکات کە دەبێتە هۆی بنپێکردنی مافی مرۆڤ. لە هەمان کاتدا دەستوورەکەشی بێواتا هێشتووەتەوە و لەسەر بنچینەی نایاسایی هەوڵ دەدات خۆی رەوا پیشان بدات.
ز.ش