هەنێک لایەن لە کەرکوک تۆمەتی بێ بنەما دەدەنە پاڵ پەکەکە

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاژانس و کەناڵە عێڕاقیەکان (پەکەکە) تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە ناو کەرکوک ئاڵای عێڕاقیان دڕاندووە و ئاڵای (پەکەکە)یان بەرز کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو تۆمەتانە هیچ ڕاستیەکیان تێدا نیە.

لە ماوەی ڕابردودا لە شاری کەرکوک (پەکەکە) تۆمەتبار کراوە بەوەی ئاڵای عێڕاقیان دڕاندووە و لە جێی ئەوە ئاڵای (پەکەکە)یان بەرز کردوەتەوە، ئەم تۆمەتەش لایەنەکانی نزیک لە جەبهەی تورکمانی ئەیدەنە پاڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پروپاگەندەی بێ بنەمای لەسەر دەکەن.

لە ماوەی ڕابردودا ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی جەبهەی تورکمانی نزیک لە تورکیا، دەربارەی ئەم بابەتە لە ڕاگەیاندنە عێڕاقیەکانەوە ڕاستەوخۆ و بە بێ هیچ بەڵگە و بنەمایەک پەکەکەی بە ئەنجامدەری ئەو کارە تۆمەتبار کرد.

لەسەر ناوی مەجلیسی عەرەب لە شاری کەرکوک حاتم ئەلتائی بە ڕاگەیەندراوێک دووبارە ئەو تۆمەتانەیان بەخشیە پاڵ پەکەکە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی هەوڵی فورات(ANF)ی ڕاگەیاند کە ئەو کردەوانە دورە لە پرەنسیب و بنەماکانی پەکەکە و بە هیچ جۆرێک پەکەکە کاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە، هەروەها وتیشی سەر لە بنی ئەو پڕوپاگەندانەش بێ بنەمان و مەرامی سیاسی قێزەونیان لە پشتەوەیە.

هەنێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم کردەوەیە جەبهەی تورکمانی خۆی ئەنجامی داوە و تەنها دەیانەوێت بیانو بدەنە دەستی تورکیاوە بۆ ئەوەی لەشکەرکێشی تورکیا بهێننە ناو شاری کەرکوکەوە.

ف.ق