پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ / ١٦ی گەلاوێژ چوونە ئیمرالی و دیداریان لەگەڵ موەکیلەکەیان ئەنجام دا. دوای دیدارەکە پەیامی ئۆجالان بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە. ئۆجالان لە پەیامەکەیدا وتی: "من هەوڵدەدەم ستاتۆ و پێگەیەک بۆ کورد بخوڵقێنم، وەرن با کێشەی کورد چارەسەر بکەین. لە هەفتەیەکدا من دەتوانم شەڕ بوەستێنم، دەتوانم ئەگەری شەڕ نەهێڵم. من دەڵێم؛ دەتوانم چارەسەری بکەم، بڕواو بە خۆم هەیە و ئامادەم بۆ چارەسەری. بەڵام دەبێت دەوڵەت و عەقڵی دەوڵەتیش ئەوەی پێویستە و دەکەوێتە سەر شانی ئەنجامی بدات".
وتەبێژی دەستەی ئاشتی نورەدین تورگوت ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر بانگەوازی ئۆجالان لە کامپی مەخمورەوە گەڕایەوە بۆ تورکیا و شیکاریى بۆ لێدوانەکەی ئەم دواییەی ئۆجالان کرد.
تورگوت باسی ئەوەیکرد، ئۆجالان ٣٠ ساڵە بەبێ کەموکوڕی و بە بەردەوامی بۆ ئاشتی هەوڵ دەدات و وتی: "رێبەرمان هەمیشە ئاشتیی خستوەتە ڕۆژەڤەوە و بۆ ئەوەش هەوڵی زۆری داوە. زانیویەتی مەسەلەی کورد نزیکەی ١٠٠ ساڵە بەردەوامە تەنها بە شەڕ کۆتایی نایەت. لە ساڵی ١٩٨٣ەوە بۆ ئاشتی و چارەسەریی هەوڵ دەدات. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی زیاتر کەوتە ڕۆژەڤەوە. بەداخەوە ئێمە لە سەرەتاوە زانیمان و دەمابینی ئەم دەوڵەتە هیچ کاتێک مل بە چارەسەری نادات".
هەموو ئەوانەی خۆیان بە مرۆڤ دەزانن دەبێت بەشداری لەم تێکۆشانەدا بکەن
تورگوت ڕاشیگەیاند، وێڕای هەموو هەنگاوەکانی دەوڵەت لە دژی ئاشتی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد بە هەنگاوەکانی خۆیان هەمیشە نیشانیان داوە لایەنگری ئاشتین. یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانە گەڕانەوەى دەستەی ئاشتی بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ دا، کە لە مەخموورەوە بۆ نیازپاکی و هێنانەدیى ئاشتی گەڕانەوەیە بۆ تورکیا.
ئەوەشی راگەیاند: "هاتنمان بەهۆی تامەزرۆیمان بۆ ئاشتی بوو. بەڵام دەوڵەت چیی کرد؟ ئەو مێزەشی هەڵگێڕایەوە، لە دیدارەکانی ئاشتیدا لە ساڵی ٢٠١٣ دروستکرابوو و لە وڵاتدا دۆخێکی ئارام هەبوو. بەداخەوە ویستیان ئەو ئارامییە تێکبدەن و دەوڵەت ئەو مێزەی هەڵگێڕایەوە".
تورگوت باسی ئەوەشیکرد، ئەمڕۆش ئۆجالان بۆ ئاشتی هەوڵ دەدات، بۆ ئەوەش بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگەوازی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، بۆیە دەبێت دەوڵەت گوێ لەو بانگەوازە بگرێت. وێڕای ئەو بانگەوازییانە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەو هەنگاوانەی دەوڵەت لەم ڕۆژانەی دواییدا ناونی بۆ ئاشتی نین، بەڵکو بۆ شەڕن. وتیشی: "وێڕای ئەوەی ئێمە بۆ ئاشتی هەوڵ دەدەین، ئەو قەیومانەی کە بەسەر ٣ گەورە شارەوانییەکانمان دا سەپێنراون ئەوە دەسەلمێنن، کە دەوڵەت بە تەما نییە و نیازی نییە لەگەڵ ئێمە ڕێکبکەوێت".
تورگوت وتەبێژی دەستەى ئاشتی ئەوەشی وت "کاتێک ئۆجالان دەڵێت، ئاشتی. دەوڵەت بە قەیومەکانییەوە دەڵێت، شەڕ. ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا هەمیشە دەڵێین ئاشتی، بەڵام لەدژی ئەو تێڕوانینە تاکپەرست، نەژادپەرست و دژە دیموکراسییە تێدەکۆشین. بانگەوازی من تەنها بۆ گەلی کورد نییە. بانگەوازی من بۆ هەموو کەسێکە، خۆی بە مرۆڤ دەزانێت و خۆی بە خاوەن ویژدان دەزانێت، داوا دەکەم بەشداری لەم تێکۆشانەدا بکەن".
ژ.ت