وەقفی ئەنسار لە وان دەستی بە کۆکردنەوەى دەنگ بۆ ئاکەپە کرد

وەقفی ئەنسار کە لە باکووری کوردستان و تورکیادا ناوی بە دادۆشین و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان زڕاوە و نزیکە لە ئاکەپە، لە پارێزگای وان یەک لە دواى یەک لقەکانى دەکاتەوە و بۆ کۆکردنەوەى دەنگ بۆ ئاکەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەستبەکاربووە.

وەقف و کۆمەڵەکانى نزیک لە ئاکەپە، لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا دەستیان بە جموجوڵی زیاتر کردووە. ئەو وەقف و کۆمەڵە و جەمعیەتانە لە ژێر ناوی کردنەوەى خولی قورئان و قسەکردنى ئایینى-ییەوە منداڵان، گەنجان و ژنان دەخەنە بۆسەی خۆیانەوە. یەکێک لەو وەقفانە، وەقفی ئەنسارە.

 وەقف و کۆمەڵەکانى ئەنسار، ÎHH، ÎMD، ÎHYA-DER، Başak-Der، نەقشبەندی و سولەیمانجی کە لەلایەن ئاکەپەوە پاڵپشتى دەکرێن، لە زۆربەى هەرە زۆری شەقامەکانى شارەکاندا لقیان کردووەتەوە.

وەقفی ئەنسار، کە نزیکە لە ئاکەپە ناو و ناوبانگی بە دادۆشین و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بڵاوبووەتەوە. بەڵام سەرباری ئەوەش لە ناو شاری وان و ناوچەکانى پارێزگاى وان کارەکانى خۆی زۆر کردووە. ئەندامانى وەقفی ئەنسار بە ناوی "قسەکردنەوە" دەچنە ماڵی هاووڵاتیان و پڕوپاگەندە بۆ ئاکەپە دەکەن.

هاووڵاتییەک، کە بەهۆی ئەمنییەوە نەیخواست ناوەکەى ئاشکرا بکرێت وتى "ئەندامانى وەقفی ئەنسار هەموو شەوێک دەچن بۆ ماڵێک. خەڵک لە ماڵەکاندا کۆدەکەنەوە و پڕوپاگەندە بۆ ئاکەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەکەن. هەر وەک ئەندامانى ئاکەپە دەجوڵێنەوە و کار دەکەن و داواى دەنگ بۆ ئاکەپە دەکەن".

وتیشی "ئێمە لێیان بێزارین و نامانەوێت لێرە کار بکەن، چونکە ئەوەى ئەوان پێشتر لێرە کردوویانە زۆر قێزەون بووە. ئایین بەکار دەهێنن و دەیانەوێت بە ناوی ئایینەوە هاووڵاتییانمان لە خشتە ببەن. بۆیە گرنگە کەس بڕوایان پێنەکات و بنەماڵەکانیش منداڵان و گەنجان نەنێرن بۆ کۆبوونەوەکانیان".

وەقف و کۆمەڵەکان وەک تۆڕی جاڵجالۆکە بە کوردستاندا بڵاودەبنەوە

عوسمان نوری گیولئاچار پەرلەمانتاری ئاکەپە لە وان، پێش هەڵبژاردنى ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بۆ پەرلەمانى تورکیا، سەرۆکى لقی وەقفی ئەنسار بوو لە وان.

دواى ئەوەى ژمارەى وەقف و کۆمەڵە و جەمعیەتەکانی سەر بە ئاکەپە لە شارەکەدا زیادیان کرد، دادۆشین و دەستدرێژیکردن، کوشتنى منداڵان و بەشودان لە تەمەنی منداڵیدا زۆر زیادیکردووە.

ئەو وەقف و جەمعیەتانە، کە ناو و ناوبانگیان بە دادۆشین و دەست بۆبردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان بڵابووەتەوە، بەشێوەیەکى تایبەت لەلایەن ئاکەپە و دەوڵەتەوە لە کوردستاندا پشتیوانى جۆراجۆری ماددی و ئەمنی دەکرێن. هەر وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە بە کوردستاندا بڵاویان دەکەنەوە.

وەقف، جەمعیەت، تەریقەت و ئەو کۆمەڵە و رێکخراوانە بە پشتیوانی و هاوکاریى دەوڵەت و دامودەزگاکانى دەوڵەت و ئاکەپە و هێزە ئەمنییەکان لە شاری وان و ناوچەکانى پارێزگاى وان دا دەجوڵێنەوە. ئایین بەکار دەهێنن و هەوڵ دەدەن بە ناوی ئایینەوە گەل لە خشتە ببەن. بە تایبەتیش کار لەسەر منداڵان، گەنجان و ژنان دەکەن.

ر.م