"٢٠٢٠ دەبێتە ساڵی تێکۆشانی دژی گۆشەگیری"

زەیات جەیلان هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری ئامەد لە بارەی سیاسەتی پارتەکەیان بۆ ساڵی ٢٠٢٠، جەختی کردەوە کە پێویستە هەمووان بە یەکەوە زنجیرەکانی گۆشەگیری لە ئیمرالی بشکێنین و وتیشی، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی تێکۆشانی دژی گۆشەگیری."

زەیات جەیلان هاوسەرۆکی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و لە چوارچێوەی قسەکانیشیدا باسی لە رۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی پارتەکەیان بۆ ساڵی نوێ، کرد.

جەیلان رایگەیاند، هەدەپە بۆ ساڵی نوێ لە رووی تەکنیکیەوە رێکخستنەکەیان بەرفراوانتر دەکات و بە کۆنفڕانسی ژنان و گەنجان و کۆنفڕانسە گشتییەکان زەمینە بۆ بەرفرانکردنی رێکخستن بەهێزتر و بەرفراوان دەکات و بەم شێویە تێکۆشانیان بەردەوام دەکەن.

جەیلان هەروەها رایگەیاند، کۆتایی مانگی شوبات کۆنفڕانسی گشتی پارتەکەیان ساز دەکرێت و جەختیشی کردەوە کە بەم کۆنگرەیە، هەدەپە دەبێتە خاوەنی ئیرادە و دەستپێشخەرییەکی گەورەتر و وتی:"بەڕێوەبەرایەتیمان هەمیشە سیاسەتی ئاشتییانە پەیرەو دەکات و لە ئێستاش بەدواوە، لە سەر هەمان سیاسەتی خۆیدا بەردەوام دەبێت."

گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی

جەیلان رایگەیاند، وەکو ساڵی ٢٠١٩، ساڵی ٢٠٢٠یش سیاسەتەکانی قڕکردن-ی هێزە ئیمپڕیالیست و هاوکارەکانیان لە ناوچەکە بەردەوام دەبن و وتی:"بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لە ناو ببرێن کە بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر هەموو شتێکدا دەبینن، پێویستە گەلی کورد بە یەکەوە بجوڵێتەوە. بۆیە پێویستی بە بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد هەیە. ساڵی ٢٠٢٠ پێویستە ئەم قۆناغە سەر بخەین. گەلی کورد ئەگەر کێشەی یەکێتی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان چارەسەر بکات، لە رۆژئاواش بە هێزە دیمۆکراتەکان دەتوانرێت فاشیزم تێک ببرێت. بەو بیروبڕوایەی کە ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە بەهاری گەلان و بڕواکان، پێویستە تێکۆشان بەرفراوانتر بکرێت."

"ئێمە لە سیاسەتی دیمۆکراتیکدا سەر دەکەوین"

جەیلان رایگەیاند ئەوەی هاوپەیمانیی نێوان ئاکەپە و مەهەپە لە دەسەڵاتدا دەپارێزێت، سیاسەتی شەڕە و وتی:"بەم شێوەیە کۆمەڵگا لە ژێر فشار و زۆرداریدا دەهێڵنەوە. بەڵێنیان دابوو کە یەکسانی ناو کۆمەڵگا چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمەیان جێبەجێ نەکرد. دەتوانین بە روون و ئاشکرا بڵێین کە ئێستا لەسەر هێڵی ئەرگەنەکۆن رێدەکەن. بەڵام بەدیل و سیاسەتی چارەسەری کێشەی گەلان لە ئاردا هەیە. پێویستە ئەمە بەرفراوان و بە کۆمەڵایەتی بکرێت.

ئێمەش سیاسەتێکی راست لە باکوری کوردستان پەیرەو دەکەین. ئێمە سوور دەبین لەسەر سیاسەتی دیمۆکراتیک و رێبازە سیاسیەکان. لە راستیدا ئەو سیاسەتەی تا ئێستا پەیرەومان کردووە، بەم شێوەیە بووە، کە سیاسەتێکی راست بووە. گومان لەوەدا نییە کە کەموکورتیمان هەبووە، بەڵام ئێمە هیچ کات واز لە تێکۆشانمان ناهێنین. "

"بەڕێز ئۆجالان هەمیشە بووەتە دەنگی ئاشتی"

جەیلان لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان و وتی:" سیاسەتی گشەگیریی بەرامبەر بە بەڕێز ئوجالان، گۆڕا بۆ سیستمێک کە رێگری لە ئاشتی کۆمەڵگا دەکات. بەڕێز ئوجالان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ژێر گۆشەگیریدا، هەمیشە بوو بە دەنگی ئاشتی. کاتێک کۆمەڵگا دەنگی ئەوی بیست، بینیمان کە رەوشەکە ئارام بووەوە. ئەمە هەم بۆ تورکیا، هەمو بۆ کوردستان و هەمیش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروستە.

بەڕێز ئوجالان بۆ چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆژەی پێشکێش کرد. ئەوەی دەیوت لە بەرژەوەندی گەلاندا بوو، بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا نەبوو. پێویستە ئەمە تێک بدەین. پێویستە دەنگی ئاشتیی بەڕێز ئوجالان بگەیێنینە گشت گەلان. دەبێت هەموومان بە یەکەوە زنجیرەی گۆشەگیری ئیمرالی بشکێنین. ساڵی ٢٠٢٠ هاوکات دەبێتە ساڵی تێکۆشانی دژی گۆشەگیری."

رێبازەکانی تێکۆشان

جەیلان هەروەها باسی لەوەش کرد، پێویستە میکانیزمی رەخنەکردن و خۆرەخنەکردن بە بەردەوامی بەکار بهێنین و وتی: بۆ دەولەمەندکردنی ژنان و بەرێکخستن کردنی گەلەکەمان، هەروەها بۆ وەستاندنی زیهنییەتی فاشیزم، پێویستە رێبازە جیاوازەکان وەک بنچینە وەربگرن. هەر هەڵوێستێکمان ئەنجامێکی ئەرێنی بەدی هێناوە. زۆرن ئەو رێبازانەی لەبەردەستماندا هەن، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانەوە بگرە، تا دەگاتە تێکۆشانی دژی ئاسیمیلاسیۆن. بۆ ئەم مەبەستەش دەست دەکەین بە سازکردنی زنجیرە کۆنفڕانس. بە رەخنەکردن و خۆرەخنەکردن، خۆمان باشتر پێش دەخەین."

ز.ش