٣ ژینگەپارێزی کامیارانى دەستگیرکران

٣ ژینگەپارێزى کامیارانى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و بۆ شوێنیکى نادیار گواسترانەوە.

هێزە ئەمنییەکانى ئێران رۆژی دووشەممەى رابردوو هەڵیانکوتاوەتە سەر دوکان و شوێنی کاری هەر یەک لە رەزا ئەسەدی و فازل قیتاسی لە بازاڕی میللەتى کامیاران و دەستگیریان کردوون. ئەو کەسانە هاوکات ئەندامی لقی کوردستانیى حیزبی وەحدەتى میللین لە کامیاران.

هاوکات تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانى ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژینگە پارێزێکى تری کامیارانى بە ناوی هادی کەمانگەر و دەستگیریان کردووە.

هێزە ئەمنییەکان ماڵەکەى هادی کەمانگەریان تێکوپێکداوە و سەر و دەموچاویان داپۆشیوە و لەگەڵ خۆیاندا بۆ شوێنێکى نادیاریان بردووە.

کۆمیتەى ژینگەپارێزیى لقی کوردستانیى حیزبی وەحدەتى میللی لە چەند ساڵی رابردوودا خولی ژینگەپارێزیى لە چەند شارێکى کوردستاندا کردبووە و هەموو ساڵێکیش بەشداربوون لە هەڵمەتى ناشتنى بەڕودا.

تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەى چارەنووس و شوێنى راگرتنى ئەو ٣ ژینگەپارێزە لە بەردەستدا نییە.

ر.م