٣٥٠ ئۆپەراسیۆن لە دژی هەدەپە، ٤٤ ئۆپەراسیۆنیش لە دژی ماددەى هۆشبەر!

هێزەکانى دەوڵەتى تورک ئەمساڵ لە وان ٣٥٠ جار هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و هەزار و ٢٠٠ کەسیان دەستگیرکرد. سزای زیندانیشیان بەسەر ٢٢٣ کەسدا سەپاند. لە بەرامبەریشدا لە دژی بازرگانان و بەکارهێنەرانى ماددە هۆشبەرەکان تەنها ٤٤ ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراوە.

ساڵی ٢٠١٨ بۆ گەلی وان ساڵێکی قورس و زەحمەت بوو. حکومەتى ئاکەپە بە درێژایى ئەمساڵ و بە تایبەتى لە چەند مانگی کۆتایى ئەمساڵدا گوشار و زۆرداری و ملهوڕییەکى زۆر بەرامبەر بە گەلی وان ئەنجام دەدات. لە دژی زۆرینەى هەرە زۆری هەموو بابەت و پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە دژی هەموو لێدوان و کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیى هەدەپە سکاڵا تۆمار کران و دۆسیەیان لە دژ کرایەوە.

پۆلیسی تورک بە پاساوی چالاکیى مانگرتن ٢ جار هەڵیکوتایە سەر بارەگاى هەدەپە لە وان. هێزە چەکدارەکانى رژێمى ئاکەپە، واتە هێزى تایبەتى پۆلیس و هێزى تایبەتى جەندرمە لە وان ٣٥٠ جار هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و لە هەڵکوتانەکانیاندا هەزار و ٢٠٠ کەسیان دەستگیرکرد. لەو دەستگیرکراوانە سزای زیندانیکردن بۆ ٢٢٣ کەسیان بڕایەوە و ٩٧٧ کەسی تریشیان بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کران.

دەوترێت لە وان ٢٠ هەزار کەس ماددەى هۆشبەر بەکاردەهێنن. پۆلیسى تورک کە بە بەردەوامى هێرش دەکەنە سەر هەموو چالاکییەکى هەدەپە، تەنها ٤٤ جار ئۆپەراسیۆنیان لە دژی بازرگانان وبەکارهێنەرانى ماددە هۆشبەرەکان لە وان ئەنجامداوە!.

بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان و ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى هەدەپە لەبارەى ئۆپراسیۆنەکانى هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە لە دژی هەدەپە رایگەیاند "دەیانەوێت هەدەپە بە تەواوی گۆشەگیر و تەریک بکەن".

ئۆزگۆکچە راشیگەیاند، دواى ئەوەى مێزی دانوستانەکانى 'قۆناغی چارەسەری قڵپ کرانەوە' بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن لە دژی هەدەپە ئەنجام دەدرێت "لەبەر ئەوەى تاکە ئۆپۆزسیۆنی دژ بەو دەسەڵاتە هەدەپەیە، کوردە و دۆستەکانی ئێمەیە. بۆیە بۆ چاوترساندن و سەرکوتکردن ئۆپەراسیۆن ئەنجاما دەدەن. بۆ ئەوەى بێکاری، هەژاری و گەندەڵی بشارنەوە ناوی 'بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر' بەکار دەهێنن. هەزاران کەس تووشی ماددەهۆشبەرەکان و لەشفرۆشی بوون، بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوە و پێشگرتن لەو کارانە هیچ کارێکى راستەقینە ئەنجام نادرێت. تەنانەت پارێزگاری لەو چەتانە دەکرێت، کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانى ئەو کارانە. بەڵام لە بەرامبەردا کەسەکانى ئێمە کە تەنها مافی ناڕەزایەتى دەربڕینى خۆیان بەکار دەهێنن، دەستگیر و زیندانى دەکرێن. هەموو بەڕێوبەران و خەباتکارەکانمان دەبێت بە مەرجی مانەوەى لە ژێر چاودێریى دادگادا بجوڵێنەوە و ناچار دەکرێن هەموو هەفتەیەک جارێک بڕۆن بۆ ئاسایش".   

موراد ساری ساچ پەرلەمانتارێکى تری هەدەپەیە لە وان و رایگەیاند، بە زۆر و زۆرداری مافی کورد لە کورد سەندراوەتەوە و دەستبەسەر مافەکانیدا گیراوە و هەموو رۆژێک ئۆپەراسیۆن لە دژی هاووڵاتییان، چالاکوانان، لایەنگران، ئەندامان و بەڕێوەبەرانى هەدەپە ئەنجام دەرێت، بەڵام لە بەرامبەردا پۆلیس و دەوڵەت لە شارە کوردییەکاندا بەرەنگاری تاوان و تاوانبارانى ماددەهۆشبەرەکان، لەشفرۆشان و قومار نابنەوە، یان هەر چاویان لێدەپۆشن و بە نەبوویان حساب دەکەن!

ر.م