٥ زیندانیى تر مانگرتنی بێسنووریان دەستپێکرد

٥ زیندانیى سیاسی تر لە زیندانى جۆری تیى ئامەد لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە مانگرتن لە خواردن بە شێوەى بێسنوور کرد.

رۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٥ی بەفرانبار ٥ زیندانیى سیاسی بە ناوەکانی رەجەب بال، فرات ئەرتونچ، عەدنان یگیت تەکین، فاروق ئاکبای و مەزڵوم دیلەک لە زیندانى جۆری تیى ئامەد دەستیان بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور کرد. زیندانییەک بە ناوی نەجاتی چەپک رۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢١ی بەفرانبار لە زیندانى جۆری تیى ئامەد ئازاد کرا و لەبارەى دۆخی زیندان و چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردنى زیندانیان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

 

"زیندانییە مانگرتووەکان تەنها گوێ لە بانگی ئۆجالان دەگرن"

چەپک رایگەیاند، گۆشەگیریى چڕ و سەپێنراو بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دا کاریگەریى لەسەر هەموو زیندانییەکان لە کوردستان و تورکیا دروستکردووە و راشیگەیاند "گۆشەگیرکردنى رێبەر ئاپۆ تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. گۆشەگیری ئیزۆلاسیۆن و دابڕاندن و تەریک کردن و ئەشکەنجەیە. دەیانەوێت بە گۆشەگیری کۆمەڵگە دیل بکەن. نەک تەنها رێبەر ئاپۆ گۆشەگیر کراوە، بەڵکو هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گۆشەگیرکراون. گۆشەگیرکردنى رێبەر ئاپۆ کاریگەریى لەسەر هەموو زیندانییەکان دروستکردووە".

ئەوەشی وت "٥ هەڤاڵمان بە ناوەکانى رەجەب بال، فرات ئەرتونچ، عەدنان یگیت تەکین، فاروق ئاکبای و مەزڵوم دیلەک بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاریى جۆلەمێرگی هەدەپە لە رۆژی ٥ی کانوونی دووەمەوە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردان. هەڤاڵانی مانگرتومان دەیانەوێت تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادیى ئۆجالان لە چالاکییەکەیان بەردەوام بن".

"لە زیندانەکاندا زۆر بە چڕی مافەکانى مرۆڤ پێشێل دەکرێن"

چەپک سەرنجی خستە سەر پێشێلکاریى مافەکان لە زیندانى جۆری تیی ئامەد و رایگەیاند "زیندانى جۆری تیى ئامەد ٧ مانگ لەوە پێش کراوەتەوە و زیندانیی بۆ براوە. لەبەر ئەوەى زیندانەکە تازەیە لە سیستمى گەرمکەرەوەیدا کێشە هەیە. هەروەها بەڕێوەبەرانى زیندانەکە، زیندانییەکان نابن بۆ پشکنینی پزیشکی و پزیشکیش لە زیندانەکەدا سەردانى زیندانییە نەخۆشەکان ناکات. بە پاساوی نەبوونی وەرگێڕیش بە هیچ شێوەیەک رێگا نادەن کتێبى کوردی ببرێتە زیندانەکە. رۆژنامەى یەنی یاشامیش نادەن بە زیندانییەکان".

راشیگەیاند "زیندانەکە ئاوی گەرمی نییە و کاتێک ئاویش گەرم دەکرێت تەنها بۆ چەند کاتژمێرێک ئاوەکە بۆ ١٨٠ زیندانى دەکەنەوە. موحەڕەم کازان بەڕێوەبەری زیندانەکەش هەڕەشە لە زیندانییەکان دەکات و بە میزاجی خۆی زیندانییەکان سزا دەدات و ریزیان دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەن. بەهۆی سزای میزاجییەوە من ماوەى ٢ مانگ زیاتر لە وادەى خۆم لە زیندانەکەدا راگیرام. تەنها نەک من، بەڵکو بۆ هەموو ئەو زیندانییانەى کە وادەى زیندانییەکەیان تەواو بوو، هەمان سیاسەتیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن".

ر.م