پارتی هەڵمەتی پاکتاوکردنی سیاسی بەڕێوە دەبات

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەنگی جێاوازی سیاسی و ڕۆژنامەوانیی ئازاد قبوڵ ناکات و پاکتاوکردن و سڕینەوەى سیاسییان لە دژ بەڕێوە دەبات.

دیندار زێباری سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاسپاردە نێو دەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، تەحدا دەکەین هیچ گیراویکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا نییە، بەڵام ئەو بەڵگانەی بەر دەستن لەسەر گیراوی سیاسی و ڕۆژنامەوانان تەحدای دیندار زێباری دەکەن.

 لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستا هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و فڕاندی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان و ڕۆژمەوانانی ئازادیی دەستپێکردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا سەرنج دەخەینە سەر کەیسی چەند هاووڵاتییەکی باشووری کوردستان، کە  لە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراون.

کەیسی  پەیامنێرانی ڕۆژنیوز

زریان  برادۆستی پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز لە ٢١ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٣٠ی پووشپەڕ لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەی پارتییەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.

 هەروەها مانگێک دوای دەستگیرکردنی زریان برادۆستی ڕۆژی ٢١ی ئابی ٢٠١٩ / ٣٠ی گەلاوێژ، بڕیار محەمەد پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لەشاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی دەستگیرکرا. تاکو ئێستاش ئاسایش ڕێگەی بەکەس نەداوە سەردانی بکات.

لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بڕیار محەمەد پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز ئەو ئاژانسە ڕۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠١٩ / ٣ی خەرمانان لە ڕێگەی پارێزەر گۆران زاهیر بە واژۆی دادوەر مەسعود خزر مەحمود، بریکارنامەی تایبەت بە داوای سزایی ئاراستەی ئاسایشی هەولێر کرد بۆ ئەوەی (گۆران زاهیر) ببێتە پارێزەری بڕیار محەمەد، بەڵام تا ئێستا ئاسایشی هەولێری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەڵامی ئەو دادوەرەی نەداوەتەوە.

پێشمەرگەی بریندارە و بە هۆی ڕای جیاوازەوە دەستگیرکراوە

ئیدریس سەلیم محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی هەولێر-ی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠١٩ / ١٨ی گوڵان لە بازگەی چوونە ژوورەوە بۆ ناو شاری هەولێر لە مەخمورەوە، لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە و ڕەوشی تەندروستیی نالەبارە. ئەو پێشمەرگە دێرینە لە دژی دەستگیرکردنەکەى ماوەی ٣٥ ڕۆژە لە ناو زینداندا لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە.

حەوت جار لە پێشمەرگایەتیدا بریندار بووە

ئیدریس سەلیم تەمەنی ٦٠ ساڵە و ماوەی ٤٠ ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتیی دژی ڕژێمی بەعس کردووە و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا ٧ جار برینداربووە و خۆی و سێ برای کەم ئەندامی سەنگەر-ن.

ئیدریس سەلیم هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەولێر و نزیکەی چوار مانگە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە و هەر لە زیندانی ئاسایشی هەولێر زیندانیکراوە و بەوتەی بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادی "ئاسایش خۆیان پێیان وتوون 'ئیدریس سەلیم تەنها تۆمەتی ئەوەیە، کە ئەندامی تەڤگەری ئازادییە' و لەبەر ئەوەش دەستگیرکردنەکە بە سیاسیی دەزانین نەک یاسایی".

تا ئێستا بەرپرسانی ئاسایش ڕێگایان نەداوە هیچ پارێزەرێک بۆ ئیدریس سەلیم بگیرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت. بە هیچ شێوەیەکیش دادگایی نەکراوە و کەیسەکەی بەکراوەیی هێڵدراوەتەوە.

گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩ /  لە هەرێمی برادۆست دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک چالاکیی قەڵغانی مرۆییان دەستپێکرد. یەکێک لە ئەندامانی ئەو قەڵغانە کە ناوی ئەیوب خەلیل و خەڵکی کەرکوک بوو ڕۆژی ٨ی تەمموزی ٢٠١٩ لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکراو دوای ڕۆژێک گواسترایەوە بۆ زیندانی مەسیف لە هەولیر.

سەرەڕای ئەوەی ٥٣ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا تێپەڕ دەبێت، تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ئەندامەی قەڵغانی زیندوو ڕوون نەبووەتەوە و رەوانەى دادگاش نەکراوە.

'تاکە تاوانی ئەوەیە دژی داگیرکەریی تورکیایە'

باز شاهۆ ئەندامی بەرێوبەری قەڵغانی زیندوو دژی داگیرکەریی تورکیا پێشتر بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاندبوو: "هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ئەندامەمان  تەنها ئەوەیە دژی داگیرکەریی تورکیا خۆی کردووەتە قەڵغانی زیندوو تاوەکو پێش لە داگیرکەریی تورکیا بگرێت".

ژ.ت