پانۆرامای ٢٠١٩ی ڕووداوەکانی باشووری کوردستان و عێراق
ساڵی ٢٠١٩ بۆ باشووری کوردستانیش پڕبوو لە ڕووداوی گرنگ و بەرخۆدان لەدژی داگیرکەری و هێرشی دڕندانەی دەولەتی تورکی داگیرکەر.
ساڵی ٢٠١٩ بۆ باشووری کوردستانیش پڕبوو لە ڕووداوی گرنگ و بەرخۆدان لەدژی داگیرکەری و هێرشی دڕندانەی دەولەتی تورکی داگیرکەر.
ڕووداوەکانی باشووری کوردستان
لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا چەندین ڕووداو ڕویاندا گرنگترینیان ، سەرهەڵدانی گەلی شێلادزێ دژی داگیرکاری تورکیا و هەرلەو ساڵەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەجەکە دیار غەریب ناسراو بەهەڵمەت لەگەڵ دوو گەریلای تردا لە هێرشێکی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا بە یارمەتی نۆکەران شەهید کران ، هەروەها لەسەروبەندی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان گەنجان لەباشورەوە ڕوویان لەڕۆژئاوا کرد و لەسەرجەم هەرێمە جیاوازەکانی باشوردا هەڵمەتەکانی بایکۆتی کاڵای تورکیان ڕاگەیاند و بڕیاریانداوە ساڵی ٢٠٢٠یش درێژە بەهەڵمەتەکایان بدەن و بەردەوامبن.
ڕۆژی ٧-١-٢٠١٩ ئاسایشی سلێمانی سێ ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی دەستگیرکرد کە کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و هەندێک کتێبی دیەکەیان دەفرۆشت، پاش چەندڕۆژێک سەربەستی کردن.
ڕۆژی ٨-١-٢٠١٩ بەهۆی ئەوەی بڕیاربوو فیلمێک لەسەر ژیانی شەهید ساکینە جانسز نمایش بکرێت، ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالم-ی داخست و پاش هەفتەیەک بەمەرجی نمایشنەکردنی فیلمەکە ڕێگایاندا سینەماکە بکرێتەوە.
لە ١١ی کانوونی دوومی ٢٠١٩، لەسەکۆی ئازادی شاری سلێمانی ئازادیخوازان دژی بڕیاری داخستی بارگاکانی تەڤگەری ئازادی لە لاین حکومەتی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد و لەناو سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی دا ٦٠ کەس دەستگیرکران کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو.
بەبڕیاری دادگا ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە ماوەی چەندین ڕۆژ لە زیندانی ئاسایشدا مانەوە .
لە ڕۆژی٢٦-ی کانونی دووم خەڵکی شیلادزێ و دێرەلۆکی سەر بەپارێزگای دهۆک، لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و سەرهەڵدانیان لەدژی بارەگای سەربازی و میتی تورکیا لە دەڤەرەکەیان بەرێوەبرد و بارەگایەکی سەربازی و میتیان سوتاند لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازی و داوای دەرکردنی بارەگا و سوپای داگیرکەری تورکیایان کرد لە باشووری کوردستان، لەئەنجامی ئەو سەرهەڵدانەدا سەربازانی سوپای داگیرکەری تورکیا دژی خەڵکی ڕاپەڕیو هێرشیان ئەنجام داو ٢ هاوڵاتی شەهید بوون نزیکەی ١٣ کەسی تریش بریندار بوون.
لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووم دا کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆژنامەنوس، لەسەر خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی پارتیەوە دەستگیرکران و کە ژمارەیان ٥٠ کەس دەبوو دیارترین کەسانی دەستگیرکراو، تاکور سەردەشتی، شێروان شێروانی،ڕێکان ڕەشید،ئەیاز کەرەم، بەدەل بەرواری، مستەفا بامەڕنی، ئەمین ئۆرەماری، سەفەر شاجی، دلۆڤان زێباری ، ئومێد بەروشکی، ئەرکان ئێتوتی و چەندین چالاکوانی تر ، کەلەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی پەدەکەوە ئەشکەنجە دران و بەشێک لەو چالاکوانانە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بە دەستبەسەرکراوی لەزیندانەکانی پەدەکەدا مانەوە و لە ڕۆژی ١٠ی ئادار، لەژێر فشاری ڕێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکاندا ئازادکران.
ڕۆژی ١٥-٣-٢٠١٩ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شەنگال دەستیپێکرد، کە لەلایەن حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لە گوندی کۆچۆی سەربە شەنگال، کاتێک چەتەکانی داعش لە سێی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال و دەوروبەری، سەدان کەس کۆمەڵکوژکران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان نێژران، تەنیا لە گوندی کۆچۆ ٩ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شەنگال بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٩ بەردەوامبوو، دواتر ئەنجومەنی بەڕێوبەریی شەنگال بڕیاریدا هەموو ڕوفاتەکان لە گۆڕستانێکی تایبەتدا بەخاک بسپێرێن.
یەکێک لە گرنگترین ڕوداوەکانی ساڵی ٢٠١٩ دا لە باشووری کوردستان، مانگرتنەکان بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لەنوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر دەستی پێکرد و دواتر لە سلێمانی، گەرمیان ، مەخمور، خانەقین، کەرکوک و پێنجوێن و چەندین ناوچەی تر مانگرتن بەشێوەی گروپ و خولی بەڕێوەچوون، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشور ناسر یاغز، کە پێشەنگی مانگرتوان بوو بۆ ماوی ١٨٧ ڕۆژ مانگرتنی ڕاگەیاند و لەگەرمیانیش هەرێم مەحمود بەهەمان شێوە مانی گرت تا لەسەر پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانگرتنەکان شکێندران.
هەروەها لە شەنگالیش چالاکی مانگرتن چەندین ڕۆژ بەردەوام بوو و مامۆستایانی دەزگای زمان و پەروەردەی کۆمەڵگای دیموکراتی شەنگال و هاوڵاتیان دەستیان بە مانگرتن کرد.
بە درێژایی ساڵی ٢٠١٩ بە دەیان ژن و کچ و منداڵی ئێزدی لە سوریا لە لایەن شەڕڤانانی یەپەژە، یەپەگە و قەسەدەوە ڕزگارکران و ڕادەستی ئەنجومەنی ئێزیەکانکران.
هەروەها لەم ساڵدا دەستەی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری لە شەنگال دامەزرا
دوای سێهەمین کۆنگرەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ، یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال ئەنجام درا و بەڕێوەبەری شەنگال دامەزرا.
لە کۆبونەوەکەدا هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆزکرا و هەروەها بانگ لە جڤاکی ئێزیدی کرا کە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا بکەنە نمونە بۆ خۆیان.
لە بەردەوامی کارەکانی ئەو کۆبونەوەیەدا دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال دامەزرا و هەریەکە لە ڕێحان هجۆ و قاسم خەڵەف وەک هاوسەرۆک و هەروەها مراد خەڵەف، سەلوا عەلی و فارس حەربۆ وەک ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەری شەنگال هەڵبژێردران.
ساڵی ٢٠١٩ش بەهەمان شیوەی ساڵانی ڕابردوو دۆخی ناوچە دابڕاوەکان بەچەندین قۆناغی سیاسی و بەرێوەبردندا گوزەرا و هەڕەشەکانی تەعریب و دەرکردنی ماڵە کوردەکان لە کەرکوک ، خورماتوو و خانەقین بەردەوامی هەبوو، لە ڕۆژی ٧ی ئادار دا هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان پڕۆژەیەکی چارەسەری پێشنیار کرد و چەندین پێشنیاری خستە بەردەم لایەنە سیاسیەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەکان کەلە یەکێتی ویەکڕیزی لایەنەسیاسیەکان دا خۆی دەبینیەوە.
وەک نەریتی ساڵانە بۆ پیرۆزبایی کردنی نەورۆز لەقەندیل، بەدەیان هەزار کەس ڕودەکەنە قەندیل و نەورۆز پیرۆز دەکەن، لە نەورۆزی قەندیلی ٢٠١٩ دا ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، دیار غەریب پەیامی کەجەکەی پێشکەشکرد و ئەردۆغانی بە زوحاکی سەردەم ناوبرد و بەرخۆدانی کوردانیشی بە بەرخۆدانی سەردەم بەناوکرد.
ئەم ساڵەش ڕەوشی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی هیچ بەرەوپێشچونێکی بەخۆیەوە نەبینی و لەم ساڵ دا بەدەیان چالاکوان و ڕۆژنامەوان دەستگیر یان بانگکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئاسیش دا.
لە ڕۆژی ٨ی ئایار لە شاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی ئیدریس سەلیم مەحمود، کە پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەری ئازادی کوردستانە دەستگیردەکرێت و تا ئێستا لەزیندانەکانی پەدەکەدایە وێڕای ئەوەی کە ڕەوشی تەندروستیشی ناجێگیرە و سەرەڕای ئەوەی فشارەکان بۆ ئازادکردنی تادێت زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت بەڵام هەر لە زینداندا ماوەتەوە .
لە شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ی ئایاری ئەم ساڵ زنجیرەیەک تەقینەوە لەشاری کەرکوک ڕویاندا و ٢ کەس شەهید و ٣٨ کەسیش بریندار بوون، ئەو کردەوانەش قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیە بوو کە لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا لەناوچە جێناکۆکەکان سەری هەڵدا و چەتەکانی داعش هەموو دەرفەتەکانیان لەو بۆشاییە ئەمنیە دەقۆستەوە بۆ تێکدانی زیاتری زیاتری ئاسایشی ناوچەکان.
داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لەباشووری کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە و لە ڕۆژی ٣١ی ئایار دا لە سیدەکان سوپای داگیرکەری تورکیا لەڕێگەی سیستەمی دەنگی و فڕۆکەی درۆنەوە گوندنشینیان ئاگادار دەکردەوە کە ناوچەکە و زێدی خۆیان چۆڵکەن و هەڕەشەیان لەخەڵکی دەکرد کە دەکرێنە ئامانجی هێرشی سەربازی کەئەمەش لەبەرچاوی ڕایگشتی و بێدەنگی حکومەتی هەرێم و بەغداد دا بەرێوەدەچێت و تائێستا بەردەوامە.
ڕۆژی ٣١-٥-٢٠١٩ ئاگر لەدەغڵ و دانی پێنج گوندی سنووری شارەدێی پردێ بەردرا، بەهۆیەوە سەدان دۆنم دەغڵودان سوتان، ئەم دیاردەیە لە مانگەکانی داهاتووشدا بەردەوام بوو، لە سنووری ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ سەدان هەزار دۆنم دەغڵودانی جوتیاران، بەتایبەت جوتیارانی کورد سوتان، هەروەها لە وەرزی هاویندا سەدان هەزار دۆنم پوش و پاوان لە سنووری شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە و دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان سوتان.
لە ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ئەم ساڵ لەسنوری زاخۆ بەدەسترێژی گولەی سوپای داگیرکەری تورکیا هاوڵاتیەک بەناوی ئەمین ساڵح تەمەن ٢٢ ساڵان شەهید بوو، ئەمین کۆچبەرێکی خەڵکی شەنگال بوو لەکەمپی چەم مشکۆ لە زاخۆ نیشتەجێبوو.
لەڕۆژی ٧ی حوزەیران دا لەبەرامبەر هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر خاکی باشووری کوردستان،هێزەکانی پاراستنی جەوهەری باشور لەدژی بارەگایەکی سوپای تورکیا لەزاخۆ چالاکییەکیان ئەنجام دا و ٢٠ ئەندامی سوپای داگیرکەری تورکیا لەو چالاکیەدا کوژران و ژمارەیەک لە حەشارگە لە ناو بارەگا سەربازیەکەدا سوتێنران و بارەگاکەش زیانی زۆری بەرکەوت.
لە ڕۆژی ١٠ی حوزیران، دوای ٢٥٤ ڕۆژ بەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە گشتیەکان لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانی هەرێم کۆبونەوەی ڕاسپاردنی مەسرور مەسعود بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بەڕێوەبرد و لەو کۆبونەوەیەدا جگە لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی و گۆڕان فراکسیۆنەکانی تر دەنگیان بە مەسرور بارزانی نەدا بۆ پێکهێنانی حکومەت ، لە ڕۆژی ١٠ی تەمموز پەرلەمانی هەرێمی کوردستان متمانەی بەخشی بە کابینەی ٩ی حکومەت.
لە ڕۆژی ١٤ی حوزەیران، دژی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان، گەنجان ڕوویان کردە بناری قەندیل و چالاکی قەڵغانی زیندوویان دەستپێکرد، لەئاستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە لە باشووری کوردستانەوە پشتیوانی ئەو چالاکییەی گەنجان کرا و گروپ گروپ سەردانی بناری قەندیل و چالاکونانیان دەکرد.
هەروەها لەدرێژەی پشتیوانیەکان بۆ چالاکی قەڵغانی زیندو گەنجان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان سەردانیان کردن و پشتیوانی خۆیانیان بۆ دەربڕین.
لە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران گەنجان لە بناری قەندیلەوە بۆ گەیشتنە دەڤەری برادۆست و لەو دەڤەرەشدا چالاکی قەڵغانی زیندویان ڕاگەیاند و لەلایەن گوندنشینان و کۆچەریەکانی دەڤەرەکەوە پێشوازیان لێکراو پشتیوانی ئەو چالاکیەیان کرد دژی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەیان و باشووری کوردستان دا.
ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩، هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان بە شیوازێکی فەرمی دامەزرانی خۆێ ڕاگەیاند، ئەو هێزە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی باشووری کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی دامەزراندنی ئەم هێزە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بوو لە باشووری کوردستان، کە لە مانگەکانی ڕابردوودا، چەند چالاکییەکیان دژی سەربازانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان ئەنجامدا، دامەزراندنی ئەم هێزە زۆرترین گفتوگۆی لە ڕاگەیەندنەکانی باشووری کوردستان لەبارەوە کرا.
هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان، پێش ئەوەی دامەزراندی خۆیان ئاشکرابکەن، لە ٧حوزەیرانی ٢٠١٩دا دژی بارەگایەکی سوپای دەوڵەتی تورک لە زاخۆ چالاکییەکیان ئەنجامدا و بووە هۆی کوژرانی ٢٠ سەربازی سوپای تورک.
لە ڕۆژی ٥ی تەمووزدا، لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەهاوکاری سیخوڕەکانی لە باشووری کوردستان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، دیار غەریب ناسراو بە هەڵمەت، لەگەڵ ٢ هەڤاڵی گەریلای دا بەناوەکانی دەڤران و شاهین شەهید بوون.
کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد شەهید کردنی دیارغەریب و هەڤاڵانی بە رێکەوت نەبووە و دەوڵەتی تورکیا هەموو سیخوڕەکانی لەو پیلان و هێرشەدا ئەرکدار کردوە، کەجەکە ڕاشیگەیاند زوو یان درەنگ ئەوسیخوڕانەی هاوکاری ئەو هێرشەبوون دەدۆزرێنەوە و بەسزای خۆیان دەگەن.
ڕۆژی ٦ی تەمووزی ٢٠١٩، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆبووە و ئیدانەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی کرد و داواشی لە پەرلەمانی عێراق کرد قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێوارەی ٢٧ی حوزەیران ٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژییەکیان لە سنووری کورتەک پێکهێنا، کە لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهیدبوون و پێنج هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، کە هەموویان ئەندامیی خێزانێک بوو، پێش چەند ڕۆژێکیش دژی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك، لەباشووری کوردستان كەمپینێكی كۆكردنەوەی واژۆ بەڕێوەبرا، ٨٩١ واژۆ پێشکەشی پەرلەمانی عێراق و هەرێم کرا، بەئامانجی ڕاگرتنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان.
لە نیوەڕۆی ١٧ی تەمووزدا لە ڕیستۆرانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر، لە هێرشێکدا جێگری کونسوڵی تورکیا و ئەندامی باڵای میت کوژرا و چەندین سیناریۆ لەو هێرشەدا لەلایەن حکومەتی هەرێم و میدیاکانەوە خرانە ڕوو، حکومەتی هەرێم و پەدەکە دەستی تۆمەتیان بۆ گەریلا ڕاکێشا و هەر ئەوکات کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێک دا بێ ئاگایی خۆیان لەو هێرشە دەبڕی بەڵام نەشیان شاردەوە کە دەستخۆشیان بۆ ئەنجام دەرانی ئەو هێرشە هەیە چونکە دوژمنێکی گەل و ئازادی کراوەتە ئامانج.
لە ڕۆژی ١٨ی تەمووز ، کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە ، لەلێدوانێکدا، باس لە خەباتی شەهیدانی نەورۆزدەکات و کەلە ڕۆژی ٢١ی ئایار دا وتەبێژی کەجەکە و ٤ هەڤاڵی تری لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دا لە قەندیل هەڤاڵان سەرحەد ڤارتۆ و ناڤدار سینەگر، سەرحەد شەفاق و شیار فەراشین شەهید بوون، کەجەکە لەو لێدوانەدا ئاماژە بەوەدەکات کە دەستی خیانەتکاران لە پشتی ئەو هێرشەوە هەیە.
لە ڕۆژی ١٩ی تەمووز، فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی و مەخموریان کرد و لەو هێرشەدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، هاوکاتی ئەو هێرشە، ئاسایشی پەدەکە لە شاری هەولێر هەڵی کوتایە سەر ماڵی گەنجان کە ژمارەیەک لە ژنانی کەمپی مەخموری تێدا دەمانەوە و ڕۆژانە سەرقاڵی کرێکاریبوون لە هەولێر تابژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لەو ڕۆژەوە تائێستا کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور کەوتە بەر گەمارۆی حکومەتی هەرێم و ئاسایشی پەدەکەوە و سەرەڕای هەوڵەکان لە ئاستی ناوخۆ و عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و شاندە ئەوروپاییەکان بەڵام گەمارۆکە بەردەوامە و بەهۆیەوە نزیکەی ١٢ هەزار کەس لە ژێر گەمارۆدان و لەو ماوەیەشدا ٥منداڵ لە بارچوون بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدرا بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر ڕەوانە بکرێن و راگیراون لەبازگەکاندا و منداڵێکیی ٥ ساڵانەش بەهۆی ئەوەی نەخۆشبووە و لەبازگەکانی پەدەکە ڕاگیرابوو درەنگ گەیەندرایە نەخۆشخانە و ئەویش گیانی لەدەست دا، جگەلەوەی لەکەمپەکەدا ئێستا نەخۆشخانەکەیان توشی کەمی دەرمانبووتەوە و چەندین جار بانگەوازی ئەوەیان کرد کە ڕەوشی ژیان لەکەمپەکەدا لەبەردەم مەترسی دایە.
لە ڕۆژی ٢١ی تەمووز، هێزێکی پێشمەرگە لەلایەن فەرماندەی هەڵگورد سەر بە پەدەکە، بانگی زوبێر برادۆستی ڕۆژنامەوان و پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوزدەکەن و دەستگیری دەکەن و لە دوای ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ ئێوارەی ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم ئازادکرا و هیچ تۆمەتێکیش بەسەردا ساغنەبویەوە.
لە ڕۆژی ٢ی ئاب، دایکانی ئاشتی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور، لەدژی گەمارۆی سەر کەمپەکە کە لەو ڕۆژەدا ٤٧ ڕۆژ بوو حکومەتی هەرێم و ئاسایشی پەدەکە خستبوویە سەر کەمپەکە بەنیاز بون بچنە هەولێر و لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی تری حکومەت لەبارەی ئەو گەمارۆیانە گفتوگۆ بکەن بەڵام لە بازگەی هەولێر مەخمور ڕادەگیرێن و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە هەولێر ، دایکانی ئاشتی وەک ناڕەزایەتیەک لە بازگەکەدا دەمێننەوە و مانگرتنیان ڕاگەیاند.
دایکانی ئاشتی کەمپی مەخمور لە ڕۆژی ٢٨ی ئاب و دوای ٢٧ ڕۆژ مانگرتن لە بازگەی نێوان هەولێر مەخمور هیچ بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم بەدەم داواکەیانەوە نەچوون و لە ڕەوشێکی تەندروستی ناجێگیردابوون بۆیە بڕیاریاندا لە بازگەکەدا چالاکیەکەیان کۆتایی پێبهێنن و بەشێوەی جیاواز تائێستا لەچالاکیدان بۆ کۆتاییهێنان بەگەمارۆی سەر کەمپەکە.
لە ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم دوای هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بانگی سەفەربەری کرا و لەباشووری کوردستانەوە گروپ گروپ و دەستە دەستە گەنجان ڕوویان لە ڕۆژئاوا کرد و لەسەنگەرەکانی بەرخۆدانی پڕشکۆدا دژی داگیرکەران جێیان گرت. هاوکات لە باشووری کوردستان لەدژی ئەو داگیرکاریانە هەڵمەتەکانی بایکۆتی کاڵاو گەشت وگوزار بۆ تورکیا ڕاگەیەندرا و تائێستا درێژەی هەیە. چالاکوانانی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشووری کوردستان لەبارەی بایکۆتەوە دەڵێن لە ساڵی داهاتوودا واتە٢٠٢٠ بەگڕوتین و بەجۆشەوە درێژە بە هەڵمەتەکانیان دەدەن.
لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمەوە گەلی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی پڕشکۆی ڕۆژئاوا و شەرمەزارکردنی داگیراکاریەکان دەستیان بەچالاکی رد و لەو ڕۆژە بەدواوە کەمپینەکانی پشتیوانی و کۆکردنەوەی هاوکاری لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان دەستیان پێکرد و لەڕێگەی مانگی سوری کوردیەوە هاوکاریەکانیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەم، کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کەجەکە لەلێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە لە ڕۆژی ١٥ی تشیرنی یەکەمدا، هەردوو تێکۆشەر دەمهات عەگید،(سەیدخان ئایاز) و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماک)، کە بۆ مەبەستی چارەسەری برینەکەی لەسلێمانی بوون لە چیای ئەزمەڕ بەدەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هاوکاری سیخوڕەکانی شەهید کران و لە ڕۆژی ٢٣ی ئۆکتۆبەردا بە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری بەرفراوان تەرمەکانیان لە سلێمانیەوە بەرەو بناری قەندیل بەڕێکران و لەقەندیل بەخاکسپێردران.
لە شەوی٢٢ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی، هەواڵی کۆچی دووایی شاعیری ناوداری کورد محەمەد عومەر عوسمان، ناسراو بە جەنەڕاڵی پاییز بڵاوکرایەوە و پۆلیس لەسەر گیان لەدەستدانی جەنەڕاڵی پاییز، ڕایگەیاند، کە خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە لەماڵەکەیدا،
لە بەیانی ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەمدا، لە رێوڕەسمێکی شایستە و دا بەئامادەبونی نوسەران و ڕۆشنبیران و جەماوەرێکی بەرفراوانی شاری سلێمانی شارەکانی تر لە گردی سەیوان و لەسەر وەسێتی خۆی بەخاکسپێردرا.
لە ڕۆژی ٢ی تشرینی دووم کە وەک ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستنیشان کرا لە ٧ شار و دەڤەری باشووری کوردستان ڕێپێوان و چالاکی بەڕێوەچون و پشتیوانی خۆیانیان بۆ بەرخۆدانی پڕشکۆی ڕۆژئاوا دەربڕی.
لەم ساڵەدا کە هاوکاتبوو لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەی نەتەوەی کوردستانیش بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد دەستی بە ڕیزە کۆبوونەوەکان کرد و ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی گشتی کەنەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژ نیوز ڕایگەیاند، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەرجەم پارت لایەنە سیاسیەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیداریان ئەنجامداوە و هەڵوێستیان ئەرینی بوو بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەی و پێمان وایە ئەوپرسە دەبێت کارێکی لە پێشینەی کورد بێت
ئاڵۆزیەکانی عێراق و قەیرانی سیاسی
ڕەوشی عێڕاق لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩وە بەرەو ئاڵۆزی هەنگاوی نا، لە پاش کۆتاییهێنانی داعش و دەسبەسەرداگرتنی ناوچە جێناکۆکەکان و دروست بوونی حکومەتێکی نوێ، گرژی و ئاڵۆزێکان دەستیان پێکرد.
ئەم ئاڵۆزیانەش لە بەسڕاوە سەری هەڵدا و لە سەرەتای مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٩ دەستیان بە خۆپیشاندان کرد بە هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، بەرزبونەوەی ڕێژەی گەندەڵی، زۆربوونی ڕێژەی بێکاری و لە دژی دەستێوەردان و قۆرخکاری دەوڵەتی ئێران بۆ سەر عێڕاق، یەک لە هۆکارەکانیش پیسکردنی کەنداوی عەرەبی بوو لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، بە شێوازی گروپی عەشایەری دەستیان پێکرد و زۆر جاریش ڕوبەڕوبونەوە بە چەکی قورس دروست دەبوو لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان. گەیشتە ئەو ئاستەی لە مانگی ئەیلول خۆپیشاندان بە شێوەیەکی بەرفراوەنتر دەستی پێکرد و قونسوڵخانە و بارەگەکانی میلیشاکانی سەر بە ئێرانیان لە بەسڕا سوتێنران.
پاشان خۆپیشاندان گەیشتە بەغدا و سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی ناوەڕاست و خواروی عێڕاقی گرتەوە. لە ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم خۆپیشاندان لە بەغداد دەستی پێکرد لە دژی گەندەڵی، بێ کاری، گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبەری و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران عادل عەبدول مەهدی، لایەنە ئەمنیەکان لەو ڕۆژەدا بە توندی وڵامی خۆپیشاندانیان دایەوە.
لە ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم هێزە ئەمنیەکان قەدەغەکردنی هاتوچوویان لە بەغداد ڕاگەیاند و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەنتەرنێتیان لەسەر تەواوی عێڕاق ڕاگرت جگە لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها گروپێکی نهێنی دەستیان کرد بە کوشتنی چالاکوانەکان بە هۆکاری هاندانی خەڵکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، یەکەک لەوانەش حوسێن عادل و خێزانەکەی سارا لە بەسڕا لە نێو ماڵی خۆیاندا کوژران.
لە ڕۆژی ٣ی ئەکتۆبەر ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دەسبەجێ لێکۆڵینەوەی کرد لە کوشتنی ١٨ خۆپیشاندەران لە لایەن چەند گروپێکی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەکان.
لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەم سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی نوێنەرانی خۆپیشاندانەکەی بانگێشتی پەرلەمان کرد بۆ گوێگرتن لە داواکارێکانیان، بەڵام بە هۆی کوشتار لە نێو خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەران ڕەتیان کردەوە کە نوێنەریان هەبێت و دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەت بکەن. لە هەمان ڕۆژدا لە هێزە ئەمنیەکانەوە هێرشکرایە سەر کەناڵەکانی عەرەبیە و ئەل حەدەس، ئێن ئاڕ تی، دیجلە و دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان.
لە ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێڕاق چەند بەڵێنێکی بە گەلی عێراق دا، ئەو بەڵێنانەش ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، دابەشکردنی خانو و زەوی، دابین کردنی موچە بۆ خێزانە هەژارەکان. لە هەمان ڕۆژدا لە شاری بەسرا خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە سوتاندنی بینای حزبی دەعوەی ئیسلامی، حزبی فەزیلەی ئیسلامی، ڕێکخراوی بەدر، ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی و هەروەها چونە ناو بینای حزبی شیوعی عێڕاقی و دەستیان گرت بەسەر سەرجەم شت و مەکەکانی ناو بارەگاکە.
لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندەر بە دەستی هیزە ئەمنیەکان گەیشتە ١١٠ کەس، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی بڕیاری کشانەوەی سوپای دا لەو ناوچانە و لە شوێنی ئەوانیشدا پۆلیسی فیدڕاڵی ئەرکیان وەرگرت.
لە ڕۆژی٨ی تشرینی یەکەم خۆپیشاندان ڕاگیرا بەهۆی چلەی ئیمام حوسێن و لە پاش ئەو ناوبەرە خۆپیشاندەران بە ئامادەکاریەوە لە ٢٥ی ئەکتۆبەر دەستیان کردەوە بە خۆپیشاندان و ئەم جارەیان تەواوی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێڕاقی گرتەوە، ئەو شارانەش بریتین لە بەغداد، زیقار، دیوانیە، میسان ، بەسڕا، نەجەف، واست، بابل، موسەنا و کەربەلا.
لە ٢٨ی تشرینی یەکەم سەرتاسەری زانکۆ و خوێندنگاکانی عێراق بڕیاری بەشداربوونیاندا لە نێو خۆپیشاندەران و بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.
لە ١ی تشرینی دووەم خۆپیشاندەران دەستیانگرت بەسەر مینای ئوم قەسر لە بەسڕا و بڕیاریاندا هەتاکو داواکاریەکانیان جێ بەجێ نەکرێت ئەو مینایە چۆڵ نەکەن. لە میسان دەسیان گرت بەسەر کێڵگەی نەوتی بزرکان و ڕێگریان لە کارمەندەکان کرد کە کار بکەن لە کێڵگەکە.
لە ٣ی تشرینی دووەم خۆپیشاندەران لە کەربەلا قونسوڵخانەی ئێرانیان سوتاند و ئەمەش بۆیە دووەم قونسڵخانەی ئێران کە بسوتێت لە عێڕاق لە دوای قونسلخانەی ئێران لە بەسڕا.
لە ١٠ی تشرینی دووەم دەستەی پەرلەمانی عێڕاق بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ٣١٩ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و زیاتر لە ١٥٠٠٠ کەسیش بریندارن.
لە ١٦ی تشرینی دووەم ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد تەقییەوە و بۆیە هۆی کوژرانی ٤ خۆپیشاندەر و برینداربوونی ٢٠ کەس، هیچ هێز و لایەنێک ئەو ڕووداوە تیرۆریستیەی نەخستە ئەستۆی خۆی.
لە ٢٧ی تشرینی دووەم خۆپیشاندەران لە نەجەف قونسوڵخانەی ئێرانیان سوتاند و هێزە ئەمنیەکان بە توندی وڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە و لە ئەنجامدا ١٦ خۆپیشاندەر کوژران و ١٠٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون.
لە ٢٨ی تشرینی دووەم سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دا و داواکەی پێشکەش پەرلەمانی عێڕاق کرد، هەروەها پارێزگاری زیقار عادل دخێلی، پارێزگاری نەجەف تەڵال بیلال دەستیان لەکارکێشایەوە. خۆپیشاندەران بەم بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕا و هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد خۆپیشاندان ناوەستێت هەتاکو تەواوی دەسەڵاتداران لەسەر دەسەڵات لانەچن.
لە ١ی تشرینی دووم پەرلەمانی عێڕاق ڕەزامەندیان نیشاندا و سەرۆک وەزیرانی عێڕاق عادل عەبدول مەهدی بە فەرمی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لە ٤ی کانونی یەکەم کۆمسیۆنی عێڕاق بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند " بە هۆی پێکدادانەوە تا ئێستا ٤٦٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧٠٠٠ هەزار کەس بریندارن".
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاکو ئێستا ٤٨ کەس ڕفێندراوە و تا ئێستا بێ سەر و شوێنن.
بە نزیکبوونەوەی سەری ساڵی میلادی و دەربازبوون بۆ ساڵی نوێ کە دەکاتە ٢٠٢٠ خۆپیشاندان لە سەرانسەری عێڕاق بەردەوامە و تا ئێستا حکومەتی عێڕاق نەیتوانیوە ڕەوشی وڵات ئارام بکاتەوە و چارەسەری بکات.
ف.ق