دەستەى بەڕێوەبەریى پارتی ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) لەبارەی هێرشەکەى سوپای تورکیا لە رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٢ی سەرماوەز بۆ سەر مەخمور و شەنگال راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و ئەو هێرشانەی ئیدانە کرد.
لە راگەیاندراوەکەدا بەهۆی شەهیدبوونی ٤ هاووڵاتییەوە کە لە مەخمور بەهۆی بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکەوە شەهید کرابوون سەرەخۆشی لە بنەماڵە و گەلی وڵاتپارێز و گەلی کورد کراوە.
پاژک لەبارەى کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) رایگەیاندووە "زۆر ئاشکرا و روونە گەلەکەمان لە مەخمور لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە پەنابەریدا دەژین و دڵسۆزی تێکۆشانی ئازادی بوون و فیداکارییان لە ناو شۆڕشی ئازادیدا دەزانرێت. هەرگیز سەریان دانەنەواندووە و لە ئێستا بە دواوەش هەموو هێرشەکان جگە لە بەهێزکردنى ورەی بەرزی شۆڕشگێڕییان هیچ ئەنجامێکى تری لێناکەوێتەوە.
گەلەکەمان بە خاوەنداریکردنى ئاست بەرزانە لە شەهیدەکانی و بە رێکخستن بوونە بەهێزەکەى، بە دڵنیایەوە بەهێزترین وەڵامى دەبێت. دەبێت ئەوەمان لەلا روون بێت، کە سوپای کۆماری تورکیا بەمجۆرە مایەپووچ و تێکشکێنراو دەردەچێت و وەڵامەکەشی دەبینێت. بۆ ئەوەش ژنان و گەنجانی پەنابەر لە کامپی مەخمور و هەموو کەسە پێشەنگەکانى کۆمەڵگە ئەرک و کاری سەرشانیان بۆ تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەن.
بزووتنەوەکەمان بە نوێنەرایەتیى مرۆڤایەتى تێکۆشان لە دژی ئاکەپە و داعش دەکات
ئەردۆغانی سەرەک چەتە لەگەڵ چەتەکانى ئاکەپە – مەهەپە چاودێریى هەموو دەستکەوتەکانى کورد دەکەن و هەموو ناوچەیەکیان کردووەتە ناوچەى شەڕ و بەوەش دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانەى کورد لە ناو ببەن، کە بە هێز و نرخی خۆی بونیاتى ناون. کاتێک بابەتەکە بێتە سەر کورد و کوردستان ئەردۆغانى سەرەک چەتە و چەتەکانی شێت و هار دەبن. بۆ ئەوەش بزووتنەوەى ئازادیمان نەک تەنها لە باکوور بەڵکو لە هەر شوێنێکدا کە کورد تیایدا دەژی رژێمى فاشیستیى کۆماری تورکیا و چەتەکانى ئاکەپە – مەهەپە دەکەونە دژایەتیکردنی، بەڵام ئەوە یەکلایى بووەتەوە، کورد لە کوێ بێت لە دژی ئەو رژێمە تێدەکۆشێت و بەردەوامیش دەبێت لە تێکۆشانەکەى. رژێمى داگیرکەری کۆماری تورکیا بە دژایەتیکردنى بەرامبەر بە شۆڕشی رۆژئاوا شەڕێکى گەورەی لە دژی هەموو کوردان راگەیاندووە و سوود لە هەموو دەرفەتێک وەردەگرێت و بە پشتیوانیى نێودەوڵەتیش پشتگرمە و هێرشەکانى ئەنجام دەدات.
گەلانى کوردستان کە لە بەر رووناکایى فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ هۆشیار بوونەتەوە و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش لەگەڵ شۆڕشی رۆژئاوادا کراونەتە ئامانجی چەتەکانى ئاکەپە – ئەردۆغان. ئەو پرۆسەیە بە چڕکردنەوە و قورسکردنى گۆشەگیریى سەر ئیمرالی دەستیپێکردووە. بە داگیرکردنى عەفرین چووەتە قۆناغێکى نوێ و ئێستاش بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا دەستکەوتەکانى کوردیان کردووەتە ئامانج.
لەبەر ئەوەش تێکۆشان لە دژی چەتەکانى ئەردۆغان و چەتەکانی، کە بوونەتە مەکینەى ئەنجامدانى تاوان ئەرکێکى مرۆییە. تەنها بزووتنەوەى ئازادیى کورد بە ناوی هەموو مرۆڤایەتییەوە لە دژی رێکخستنى تاوانکاری داعش و ئاکەپە تێدەکۆشێت.
لەبەر ئەوەش بۆ تێکۆشان لە دژی رێکخستنی چەتەکانی ئاکەپە، ئێمە داوا لە تێکۆشان لە هەموان دەکەین و داوا دەکەین، بەها و نرخە دیموکراتیک و ئازادیخوازانەکان و مرۆڤایەتییەکان لەو چەتە تاڵانکارانە بپارێزن.
بە تایبەتى داوا لە ژنان دەکەین کە لە دژی ئاکەپە، کە دوژمنى گەورەى ژنانە تێبکۆشن، داوا لە گەنجان، چەپەکان، سۆسیالیستەکان، دیموکراتەکان، شۆڕشگێرەکان دەکەین کە لە دژی فاشیزم لە سەر هێڵێکى هاوبەش پێکەوە بن و لە تێکۆشاندا بن. لە تورکیا و لە ناوچەکانى تر جگە لە تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوانەى شۆڕش، هیچ رێگایەکى تر بۆ چارەسەرییەکى راستەقینە و ئەنجامگیر بوونی نابێت. لەبەر ئەوەش روونە، کە تێکۆشانی هاوبەش پێویستى بە پێشەنگایەتیى ژنان هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگیى نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتى ناوەندی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتى تورک بۆ سەر مەخمور و شەنگال قبوڵ ناکرێن.
هێرشەکان نیشانەی لاوازی و بێزاریى ئەردۆغانە
لە کۆتایدا دەمانەوێت ئەوە بڵێین، وەڵامى هێرشەکانى دەوڵەتى فاشیستیى کۆمارى تورکیا بۆ سەر مەخمور و شەنگال و رۆژئاوا بە توندترین و بەهێزترین شێوە دەدرێتەوە. ئەو هێرشانە بە نیشانەى لاوازی و بێزاری و تەنگاویى ئاکەپە و ئەردۆغان دەبینین. دیکتاتۆر کە بەسەر شوێنى ژیانى هاووڵاتییانى مەدەنیدا بۆمب دەبارێنێت، ئەوا لە ویژدانى مرۆڤایەتیدا دادگایى دەکرێت و بزووتنەوەکەمان، بزووتنەوەى ئێمەى ژنان بە ئەنجامدانى چالاکی و بە رێکخستنکردن وەڵامى ئەو هێرشانە دەداتەوە. بۆ ئەوەش هیچ هێرشێک بە بێ وەڵام نابێت. لە کوردستان سەردەمی بەڕێوەبەریى بێگانە و داگیرکەر کۆتایى پێهاتووە. کاتی ئەوە هاتووە چەتە داگیرکەرەکانى کۆماری تورکیای فاشیست سەرهەڵگرن، چونکە بەهاری ژنان و گەلان هاتووە".
ر.م