پایلان: پێویستە پێکەوە کار بکەین

گارۆ پایلان پارلەمانتاری هەدەپەی ئامەد رایگەیاند، رای گشتیی تورکیا دەبینن ناحەقی لەهەدەپە کراوە و پێویستە زۆرتر ناڕەزایەتی دەربڕن و راشیگەیاند، " پێویستە پێکەوە کار بکەین."

ئێشکگریى دیموکراسی لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە لە ١٩هەمین رۆژدایە.. هەدەپەییەکان لە ئامەد، مێردین و وان هەموو رۆژێک دەچنە مەیدانەکانەوە و رایدەگەیەنن، تاوەکو قەیوم لە شارەکانیان دەر بکەن بەرخۆدان دەکەن. گارۆ پایلان پارلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، ئەو ناڕەزایەتییانەی لە رۆژەڤی تورکیادا لە دژی قەیوم دەکرێت وەک پێویست نین، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەموو کەسێک تێگەیشتووە، کە ناهەقییەکی مەزن ئەنجام دراوە.

کەمپەینی ئاکەپە سەرناکەوێت

پایلان سەرنجی خستە سەر کەمپەینی بڕیاری پێشوەختەى ئاکەپە لە دژی هاوسەرک شارەوانییەکانی هەدەپە و وتی،  ئەو کەمپەینەش بە بەکارهێنانى دەستەواژەى "جیاکاری" بەڕێوە دەبەن. پایلان وتیشی، "ئەم کەمپەینە سەرناکەوێت. درۆ دەکەن کە ئێمە پارەمان ناردووە بۆ چیا. بەم گوتنانە و بەو درۆیانە ناتوانن کەسێک بخەڵەتێنن. رای گشتیی رۆژئاواش جیاواز لە جاری پێشوو سەیری ئەو ناهەقییە مەزنە گەورەیە دەکات. بێگومان چالاکییەکان لە ئاستێکی پێویستدا نین. دەنگدەران بە ئاشکرا لە ئەنقەرە، ئیستەنبول، ئەدەنە، مێرسین و ئیزمیر هەڵوێستی خۆیان سەلماند. سەرەڕای هەموو سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ئەردۆغان، دەنگدەران لە یەک دانەبڕان و پێکەوە کاریان کرد."

ئەگەر ئامەد رزگار بکەین، ئیستەنبولیش لەدەست نادەین

پایلان ئەوەشی راگەیاند، گەل هەموویان لە دژی هەڵوێستی ستەمکاریی ئەردۆغان راوەستاون و وتی، " لە دژی ئەردۆغان یەکیان گرت و لە ناویان برد. ئەردۆغان ئێستا هێرش دەکاتە سەر ئامەد، وان و مێردین. هەر بۆیەش پێویستە گەلی رۆژئاوای تورکیا زۆرتر لە گەڵ گەلانی ئەم سێ شارەدا بن. ئێمە ئەم بانگە دەکەین و هەوڵ دەدەین لەو چوارچێوەیەدا بوێرییەک بئافرێنین.  جێگای دڵخۆشییە، کە هەندێک لە هەڤاڵانی جەهەپەیی ئێمە لەم بابەتەدا هەڵوێستێکی پێویست دەخەنەڕوو. هەڵوێستی سەرۆکی جەهەپەی ئیستەنبول جانان کافتانجی ئۆغڵو، هەروەها عەلی شەکەر و چەند کەسی دیکەی جەهەپەیی هێژا بوو. پێویستە جەهەپە وەکوو دامەزاروەش بەو نەترسییەوە هەڵسوکەوت بکات. ئەگەر ئێستا ئەو نەترسییە نیشان نەدەین لەو کاتەدا ئیستەنبول و ئەنقەرەش لەدەست نادەین. رزگار کردنی ئامەد، مێردین و وان لەو دۆخە کەش و هەوای ترس و تۆقاندن تێکدەشکێنێت. پێویستە پێکەوە کار بکەین. بانگ لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە داوای دیموکراسی دەکەین، کە بە بەرپرسیارانە کار بکەن."

ژ.ت