پۆلیس لە ئامەد هێرش دەکاتە سەر گەل و گەلیش بەرەنگاری دەکات

پێش ئەنجامدانى کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی هەدەپە لە ئامەد، هەموو ئەو رێگا و شەقامانەى کە دەچوون بۆ شارەوانیى ئامەد لە لایەن پۆلیسەوە بەربەرستی تیادا دانرا. پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر گەل و پەرلەمانتاران و گەلیش بەرەنگاری دەکات.

پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى شارەوانیى گەورە شارەکانى ئامەد، مێردین و وان بە بەشداریى سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە و پەلەمانتاران و هاوسەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە، کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی بەڕێوەدەبات.

پێش بەڕێوەبردنى کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکە، بیناى شارەوانیى گەورە شاری ئامەد و دەورووبەری لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا. پۆلیسی تورک بەربەستیان لەسەر شەقامی ئەلازیگ و هەموو ئەو شەقام و رێگایانەدا دانا، کە دەچوونەوە لای شارەوانیى ئامەد. هەروەها چەندین پۆلیس بە زرێپۆشی جۆری تۆما و زرێپۆشی تری جۆراجۆرەوە براونەتە ئەو ناوچەیە.

هێرشیان کردە سەر گەل

پۆلیسی تورک لە یەنی شەهیر هێرشی کردە سەر گەل. سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتارانى هەدەپە لە بەردەم بینای شارەوانیى گەورە شاری ئامەد رێپێوانیان ئەنجامدا. گەلیش  لە دژی گەمارۆدانەکە و هێرشەکان و بۆ خاوەنداریکردن لە ئیرادەی خۆیان خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکەن.

ئاماژە بەوە دەکرێت، بەهۆی هێرشی پۆلیسەوە چەندین کەس بریندار بوون و چەندین کەسی تریش دەستگیرکراون.

چاوەڕێ دەکرێت تەمەلی و پەرلەمانتارانى هەدەپە و هاوسەرۆک شارەوانییەکان لە بەردەم بینای شارەوانیى گەورە شاری ئامەد دا کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی بەڕێوەببەن.

رێگریکردن لە گەل و پەرلەمانتاران

پۆلیس و جەندرمە لە شاری ئامەد رێگاکانى رحا، مێردین، خارپێت و فارقین بە توندی کۆنترۆڵ دەکەن و رێگا نادەن ئۆتۆمبێل بڕوات بۆ شاری ئامەد. هاوکات لەگەڵ شەقامە سەرەکییەکانى ناو شاری ئامەد، لە هەموو شەقامەکانى تری ناوشاردا سەرباز بڵاوەی پێکراوە.

پەرلەمانتاری هەدەپە هشیار ئۆزسۆی لە چەولیکەوە رۆیشتووە بۆ ئامەد و ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەى دەگیرمەن دەرەی ئەرغەنی لەلایەن بنکەى سەربازییەوە راگیراوە و ئۆتۆمبێلەکەیان پشکنیوە. لە کاتژمێر ١٠ی ئەم بەیانییەوە رێگا نادەن ئۆتۆمبێلەکەى ئۆزسۆی بڕوات بۆ شاری ئامەد.

ژ.ت