پەرلەمانتارانى هەدەپە لە دژی گۆشەگیری دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کرد

پەرلەمانتارانى هەدەپە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە چالاکیى مانگرتنی ئێشکگری کرد.

پەرلەمانتارانى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە بینای کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) لە ئامەد لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە چالاکیى مانگرتنى ئێشکگری کرد.

 

چالاکییەکە هەموو رۆژێک بە بەشداریى ٢ پەرلەمانتاری هەدەپە بەردەوامیى دەبێت. ئەمڕۆش چالاکییەکە بە بەشداریى پەرلەمانتارانى هەدەپە، دێرسیم داغ، ساڵیحە ئایدەنیز، سەمرا گیوزەل، ردڤان توران، موسا فاریس ئۆگیولاری و تولای هاتیم ئۆگیولاری و پاڵێوراوى هەدەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانیى ئامەد سەلجوق مزراکلی دەستیپێکرد.

پەرلەمانتار دێرسیم داغ ئاماژەى بە چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن کرد و وتى، بۆ ئەوەى پشتیوانى لە لەیلا گیوڤەن بکەن دەستیان بەو چالاکییە کردووە.

تولای هاتیم ئۆگیولاری پەرلەمانتارێکى تری هەدەپە وتى "گیوڤەن ورە و شکۆی گەلی کوردە و چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن بۆ داواکاریى کەسی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە گۆشەگیریى سەر رێزدار ئۆجالان کۆتایى پێبهێنرێت تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیری  چالاکییەکان بەردەوامییان دەبێت. گۆشەگیری قورسترین پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤە. لەیلا گیوڤەن بۆ ئەوەى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لاببرێت جەستەى خۆی فیدا دەکات. هەڤاڵەکانى ترمان لە زیندانەکاندا بەردەوامن لە چالاکیی مانگرتنى بێسنوور".

هاتیم ئۆگیولاری وتیشی "چالاکییەکەى گیوڤەن مافدارانەیە و ئێمە پشتیوانی ئەوین. بەرفراوانبوونى چالاکییەکانی مانگرتن لە پێناوى ئەوەدایە، کە دۆخی سەپێنراوى سەر تورکیا تێکبشکێنرێت. لەیلا گیوڤەن مافدارە و دەبێت گۆشەگیری کۆتایى پێبهێنرێت".

هاوکات پەرلەمانتار ردڤان توران رایگەیاند "گۆشەگیریى ئیمراڵی لەسەر رێزدار ئۆجالان، گۆشەگیرییەکە، کە چەندین لایەن و توێژی جۆراجۆری ناو دەسەڵات بەڕێوەى دەبەن. ئەو گۆشەگیرییە کاریگەریى لە چەر چەندین چین و توێژ و پێکهاتەى کۆمەڵگە دروستکردووە. داواى لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵە مانگرتووەکانمان ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا گۆشەگیری بەسەر هەموواندا سەپێنراوە".

توران داواى لە حکومەت کرد 'کۆتایى بە سیاسەتى گۆشەگیرکردن بهێنێت' و وتى، بۆ ئەوەى گۆشەگیریى کۆتایى پێ بێت بەردەوام دەبن لە تێکۆشانەکەیان.

لە دواى خوێندنەوەی راگەیاندراو و پێشکەشکردنى وتەکان، چالاکییەکە دەستیپێکرد.

ر.م