پەکەکە: تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکەى پاریس دەپارێزرێن

پەکەکە رایگەیاند، کۆمەڵکوژیى پاریس لەلایەن هێزە قڕکەر – فاشیستەکانەوە ئەنجامدرا، کە بوونی خۆیان لە کێشەى کورد دا دەبیننەوە. ئەو کۆمەڵکوژییە هێرشێک بوو بۆ ئاستەنگکردنى چارەسەرکردنی کێشەى کورد.

کۆمیتەى بەڕێوەبەری پارتیا کارکەرێن کوردستان (پەکەکە) بە بۆنەى ٦هەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژییەکەى پاریسەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هاوڕێیان سارا، رۆژبین و رۆناهی لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە ناوەندی پاریس بەشێوەیەکى نامەردانە کوژران. ئەوە هێرشێکى بەرنامە بۆ داڕێژرابوو، کە بە بەڕێوەبەریى تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان بەرپرسی دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەیى تورک (میت) ئەنجامدرا".

لە راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکەدا هاتووە:

"یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبەکەمان و میلیتانى پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیى ژنان، هاوڕێ ساکینە جانسز (سارا) و میلیتانانی ژنی هێژای حیزبەکەیان هاوڕێیان فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) لە ٦هەمین ساڵیادی کوژرانیاندا، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە پاریس کوژران، بە رێز و منەتدارییەوە یادیان بەرز رادەگرین. رایدەگەیەنین: لە ٧هەمین ساڵی ئەو کۆمەڵکوژییە نامەردانەیەدا، ئێمە لەگەڵ حیزب و گەلەکەماندا لە چوارچێوەى هەڵمەتى 'گۆشەگیری تێبشکێنن، فاشیزم هەڵبوەشێنن و کوردستان ئازاد بکەن' خاوەنداری لە یادی شەهیدە هێژاکانمان دەکەین.

وەک دەزانرێت، هاوڕێیانمان سارا، رۆژبین و رۆناهی لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە ناوەندی پاریس بەشێوەیەکى نامەردانە کوژران. کۆمەڵکوژییەکە هێرشێکى بەرنامە بۆ داڕێژراوبوو بە بەڕێوەبەریى تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان سەرۆکى دەزگانى هەواڵگریى نەتەوەیى تورک (میت). ئەستەم دەبوو، کە هێرشێکى لەو جۆرە بەبێ پشتیوانى فەرەنسا و هەندێک لە هێزە ئەوروپییەکان ئەنجام بدرایە. بۆیە بەڕێوەبەریى ئەو کاتی فەرەنسا و هەندێک لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان راستەوخۆ بەرپرسیاری ئەو کۆمەڵکوژییەن. بکوژ عومەر گیونەی دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کرا. لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکەدا، کە ٤ ساڵی خایاند ئەوە ئاشکرا بوو، کە کۆمەڵکوژییەکە بە پلان و بەرنامە رێکخراوە و بە فەرمانى حکومەتى ئەو کاتی ئاکەپە لەلایەن میتەوە پلانى بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە. ئەوەش هەم لە لێکۆڵینەوەى پۆلیس و هەم لە سکاڵانامەکاندا بە بەڵگەوە سەلمێنراوە.

بەڵام مانگێک پێش دەستپێکردنی دادگا، بکوژ عومەر گیونەى لە زینداندا کوژرا و رێگری کرا لە دەستپێکردنى پرۆسەى دادگایکردن لەبارەى ئەو کۆمەڵکوژییەوە. بە بێدەنگ کردنى عومەر گیونەى هەم رێگری لە پرۆسەى دادگایکردن کرا و هەم رێگری لە ئاشکرا کردن و سزادانى تاوانبارانى تری کۆمەڵکوژییەکە کرا.

بەو هۆیەشەوە تاوانبارانى سەرەکی: تەیب ئەردۆغان، محەمەد عەلی شاهین، حوسێن چەلیک و هاکان فیدان پارێزران. ئەگەر وا نییە ئەى بۆ هێزی بەڕێوەبەریى فەرەنسا نەیتوانى رێگری لەو کۆمەڵکوژییە بکات. ئەی باشە گەلۆ هێزی بەڕێوەبەریى فەرەنسا توانای رێگریکردنى لەو کۆمەڵکوژییە نامەردانەیە نەبوو، ئەی نەیدەتوانى لە رێگەى دادگاوە تاوانباران سزا بدات؟ روونە حساباتی هەرزانی بەرژەوەندییەکان رێگری لەوە دەکەن و کۆمەڵکوژییەکە وەک رووڕەشییەک بە نێوچاوانى مرۆڤایەتییەوە ماوەتەوە. ئێمە دەمانەوێت ئیتر کۆتایى بەو دۆخە بهێنرێت، بۆیە بانگ لە بەڕێوەبەریى فەرەنسا دەکەین کە بە بەرپرسیارێتیى خۆی هەستێت و تاوانبارانی تری ئەو کۆڵکوژییە ئاشکرا بکات و دادگاییان بکات.

دەزانرێت، کۆمەڵکوژیى پاریس لە ٩ی کانوونی دووەم / ٢٠ی بەفرانبار لە کاتێکدا ئەنجامدرا، کە لە ئیمراڵی قۆناغێکی نوێی دیالۆگ و چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان دەستپێکردبوو. لەو رێگەی ئەو کۆمەڵکوژییەوە خواسترابوو، دەستپێکردن و بەڕێوەچوونی قۆناغی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد تێکبدرێت. هێرشێک بوو بۆ پێشگرتن لە چارەسەریى کێشەى کورد. هێرشێک بوو لە دژی ئازادی و دیموکراسی. هێرشێک بوو لە دژی کوردان و ژنان. هەموو ئەو تایبەتمەندییانە خۆیان لە دوژمنایەتیکردنى پەکەکەدا خستووەتەڕوو.  

رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئەو فیشەکانەى لە پاریس نران بە هاوڕێیان سارا، رۆژبین و رۆناهی-یەوە وەک بەردەوامیى پیلانگێڕی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ / رەزبەر و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ / ٢٦ی رێبەندان لێکدابوویەوە و رایگەیاندبوو، ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن هێزە پیلانگێڕەکانەوە ئەنجام دراوە. راشیگەیاندبوو، خواستیان لەو رێگەیەوە پیلانگێڕییەکى نوێ ئەنجام بدەن و درێژەشى پێ بدەن. زۆر روون و ئاشکرایە کە خواستیان بەو هێرشە قۆناغی نوێى دیالۆگ تێکبدەن. خواستیان رێگا بۆ هێرشەکانى قاعیدە و داعش بۆ سەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆش بکەن و بۆ ئەوەش خواستیان سەرەتا بەرخودانى دژ بەو هێرشانە ئاستەنگ بکەن. ئەگەر رێگری لەو هیرشە پیلانگێڕانەیە نەکرایە، کە بە کۆمەڵکوژییەکەى پاریس دەستى پێکرد و بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان بەرەپێش نەچوویایە، دواتر ئەو بەرخودانە لە دژی هێرشەکانى داعشی فاشیست ئەنجام نەدرایە ئەوا چەتەگەریى فاشیستی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا خۆی باڵادەست دەکرد.

ئەگەر مرۆڤ بە سەرنجەوە لێى وردبێتەوە، ئەوە دەبینریت کە هەوڵەکانى نوێکردنەوەى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى بە کۆمەڵکوژییەکەى پاریس دەستی پێکردووە و ئەمڕۆش هێرشەکان بە هەمان شێوە بەردەوامییان هەیە. ئەو هێزەى کۆمەڵکوژیى پاریسى ئەنجامدا ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەى کوردستان و دەرەوەى کوردستان کۆمەڵکوژی لەسەر کورد و ژنان ئەنجام دەدات. لە عەفرین، بۆتان، دێرسیم، شەنگال، مەخموور، برادۆست و هەر چوار لاى کوردستانەوە هێرش و کۆمەڵکوژیى قڕکەر – فاشیستییانە بەردەوامییان هەیە. ئەوانەى دوێنێ سارا، رۆژبین و رۆناهییان کوشت، ئەمڕۆش ئاڤێستا، دەلال و زەکییەکان دەکوژن. دەیانەوێت بە کردنە ئامانجی بەڕێوەبەرانى حیزبەکەمان بزووتنەوەى ئازادی و دیموکراسیمان پاکتاو بکەن.

بەڵام حیزبمان و گەلەکەمان، ژنان و گەنجانی کورد بە درێژەدان بە رێگاکەى هاوڕێیان سارا، رۆژبین و رۆناهی و بە تێکۆشانی ٦ ساڵی رابردوویان هێرشە پیلانگێڕییەکانیان تێکشکاند، پلانەکانى سڕینەوە و پاکتاوکردنیان سەر و بن کرد و خواستی بکوژە پیلانگێڕەکانیان لەسەر دڵیان هێشتەوە. لە باکووری کوردستان فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیان هێناوەتە سەر لێواری هەڵوەشاندنەوە، لە رۆژئاوا چەتەکانى داعشی فاشیستیان بە تەواوی تێکشکاند، لە باشوور کردەى سیاسەتى نۆکەرەکانیان تەزاندووە و بوونی کورد و تێکۆشانە مافدارانە و ئازادیخوازانەکەیان بەسەرتاسەری دونیا ناساند. بەوەش تۆڵەى کۆمەڵکوژییەکەى پاریس کرایەوە.

تێکۆشانی تۆڵەکردنەوە ئێستا بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن و لەسەر بنەمای بەرخودانی نوێى ١٤ی تەمووز، لە چوارچێوەى هەڵمەتى سەرکەوتوانەی 'ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێننی و فاشیزم هەڵدەوەشێنینەوە' بەڕێوەدەچێت. هەڵمەتى ئێمە بۆ سەرکەوتن، کە ئامانجەکەى ژیانی ئازادی ریبەر عەبدوڵا ئۆجالانە بە هەموو شوێنێکدا بڵاوى دەکەینەوە و بە بەردەوامى بەرفراوان دەبێت و دەشبێتە راستیى ژیانى راستەقینەى ساڵی ٢٠١٩ و هێڵی چالاکییەکان دەستنیشان دەکات. تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەمان، لە سارا تاوەکو لەیلا لەسەر بنەماى ئازادیى ژن بەهێز و بەهێزتر دەبێت، لە هەڵمەتى 'ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێننین و فاشیزم هەڵدەوەشێنین' لەسەر هێڵی ئازادی بەرەو پێش دەڕوات. ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ئەو هەڵمەتە و دەبێتە ساڵی سەرکەوتن و شەهیدانى پاریسمان بەشدارن لەو سەرکەوتنەدا!

 لەسەر ئەو بنەمایە، لە ٦هەمین ساڵیادی شەهادەتى هاوڕێیانمان سارا، رۆژبین و رۆناهی جارێکیتر بە رێزەوە یادیان بە بەرزی رادەگرین و بانگ لە گەلەکەمان بە تایبەتى لە ژنان و گەنجان، بانگ لە دۆستەکانمان دەکەین کە لە هەموو شوێنێکدا چالاکیى بەهێزی هەڵمەتى سەرکەوتنی 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین و فاشیزم هەڵدەوەشێنین' بەهیز بکەن".

ر.م