چارەنووسی ئەیوب خەلیل کە لە لایەن ئاسایشی پ.د.ک-وە گیراوە، نادیار

ئەیوب خەلیل گەنجێکی کوردە و لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەشداری چالاکی قەڵغانی زیندوو لە ناوچەی برادۆست ببوو، ماوەی پێنج مانگە لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان پ.د.ک-وە دەستگیر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە و بنەماڵەکەشی نیگەرانن.

ئەیوب خەلیل خەڵکی باشوری کوردستانە و لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، لە ناوچەی برادۆست بەشداری چالاکیی قەڵغانی زیندوو ببوو، کاتێک ویستبووی بگەڕێتەوە ماڵەوە، ٨ی تەمووز لە ناوچەی سیدەکانی سەر بە شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی پ.د.ک-وە دەستگیر کرابوو. راگەیێنراوە کە ئاسایش لە ١٠ی تەمووزەوە ناوبراوی ڕەوانەی مەسیف کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان ئەشکەنجەش دراوە. دواتر بردویانەتە ئاسایشی هەولێر.

بنەماڵەی خەلیل کە لەبارەی کوڕەکەیانەوە هیچ زانیارییەکیان نییە، نیگەرانی دۆخی کوڕەکەیانن. ئاسایشی پ.د.ک ناهێڵێت بنەماڵەکەی کوڕەکەیان ببینن. هەموو سەردانەکانی بنەماڵەکە بەبێ هۆکار ڕەت دەکرێنەوە. بنەماڵە بە پرسیاری ئەوەی "بۆچی ئاسایشی پ.د.ک ناهێڵێت سەردانی کوڕەکەمان بکەن؟" ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و بانگەوازیان ئاڕاستەی بەرپرسان کرد کە بۆ ئاشکرابوونی چارەنووسی ئەیوب خەلیل بکەونە جموجۆڵ.

لەبارەی دۆخی تەندروستی چالاکوان ئەیوب خەلیل هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.