چالاکیی مانگرتن لە مەخمور لە رۆژی ٢٣هەمدایە

چالاکیى مانگرتن لە خواردن لە کامپی مەخمور لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٣هەمین رۆژدایە و ٨ هەمین دەستەى مانگرتوو، بەردەوامن لە مانگرتنەکە.

دەستەى ٨هەمینى مانگرتووان لە مەخموو بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیداى تێکۆشانی ئازادیى کوردستان، چالاکییەکەیان لە دەستەى پێشووتری مانگرتوو وەرگرت.

هەر لەو مەراسیمەدا یادی ٣ ژنە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕی کورد سێڤی دەمیر ئەندامى ئەنجوومەنی پارتی دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە)، پاکیزە نایر هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى گەلی سلۆپی و فاتمە ئویار ئەندامی کۆنگرەى ژنانى ئازاد (کەژەئا - KJA) کرایەوە، کە رۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ / ١٤ی بەفرانبار لەلایەن چەکدارەکانى تورکیاوە لە کاتى قەدەغەى هاتووچۆدا لە سلۆپی دەستگیر کران و دواتر تیرۆریان کردن.

سدیق کارا بە ناوی دەستەى ٧هەمی مانگرتووەکانەوە وتەیەکەى پێشکەشکرد و رایگەیاند "دوژمن لە هەموو شوێن و روویەکەوە هێرش دەکاتە سەر بزووتنەوەکەمان. دەیانەوێت پەیوەندیى نێوان گەل و رێبەرایەتى بپچڕێنن، بەڵام پلانى دوژمن سەر ناکەوێت".

دواى ئەنجامدانى مەراسیمەکە، دەستەى ٨هەم چالاکییەکەیان لە دەستەى ٧هەم وەرگرت و دەستیان بەچالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد.

ر.م