چاودێرانی سیاسی: لە ئێستادا کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە

چاودێرانی سیاسی لە شاری کەرکوک دەلێن: لە ئیستادا کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد هەیە بۆ ئەوەی یەک دەنگ و یەک بڕیار بن.

چاودێرانی سیاسی لە شاری کەرکوک جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ببەسترێت و دەلێن، ئیستا لە هەموو کات زیاتر کورد پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی هەیە، بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ ئەوە گۆرانکاریە گەورەیەی لە ناوچەکەدا روودەدات.

بۆ یەکڕیزی کورد لە ئیستادا کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە

بورهان حاجی سلێمان رۆژنامەنووس و چاودێرێکی سیاسی شاری کەرکوکەو لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەموو جیهان کورد پەرتەوازە و بڵاوە، بۆ یەکخستنی کورد لە ئیستادا کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە بۆ ئەوەی خەباتی پەرتاوەزەی گەلی کورد کۆبکاتەوە و بەرەو ئاڕاستەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ببات لە پێناو بەرژەوەندی هەر چوارپارچەی کوردستان.

پێویستە دیدێکی هاوبەش بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دیاری بکرێت

هەروەها بورهان حاجی سلێمان وتی: "پێویستە لە کۆنگرەی نەتەوەییدا، دیدێکی هاوبەش بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دیاری بکرێت لەلایەن سەرجەم حزبەکانەوە، ئەگەر ئامادەباشی بکرێت بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بە بەشداری حزبە کاریگەرەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان ئەوە ئەو کۆنگرەیەیە ئامانجی خۆی دەپێکیت."

دەبێت لە کۆنگرەی نەتەوەییدا هێڵە گشتیەکانی خەباتی کوردایەتی و نەتەوایەتی دیاری بکرێت

هەروەها بورهان حاجی سلێمان وتیشی: "پێویستە لەو کۆنگرەیەدا حزبەکان بە کۆمەڵی مانشێتی گەورە دەربچن کە هێڵە گشتییەکانی خەباتی کوردایەتی و نەتەوایەتی دیاری بکات و گەیشتن بە جۆرە تەباییەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان و زاڵ بوونی بەرژەوەندیە نەتەوەیە باڵاکانی کورد لەسەرووی دەستێوەردانی هەرێمی، ئەگەر بە نیەتی پاک و باش کار بۆ کۆنگرەی نەتەوەی کورد بکرێت، ئەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت."

پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجامبدرێت تا کورد بتوانێت یەک وتاری گشتی هەبێت

مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم چاودێرێکی سیاسی شاری کەرکوکە دەربارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەی کورد بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "لەئیستادا ناوچەکە بە گۆرانکاری و مڵملانێ تێپەردەبێت، گەلی کوردیش کەوتۆتە نێو ئەو مڵملانەیە، بۆیە پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئەنجام بدرێت تا کورد بتوانێت یەک وتاری گشتی هەبێت بۆ ئەوەی سەنگێکی بەهێزی هەبێت لەو گۆرانکاریەی کە لەناوچەکە روودەدات، چونکە ئەو پەرتەوازەبوونەی کورد سوود بە دۆزی ڕەوای کورد ناگەینێت."

ئەو لایەنانەی کۆسپ دروست دەکەن لە بەردەم بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بەرژەوەندیان تێکەل بە بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەر بووە

دەربارەی ئەو کۆسپانەی دورست دەبن لە بەردەم ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەی ئەسکەندەر سەلیم ڕایگەیاند: "لە ئیستادا بەداخەوە هەندێک لایەن هەن کە کۆسپ بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی دروست دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەم لایەنانە بەرژەوەندیان تێکەل بە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بووە و بەرژەوەندیی حزبیان لەسەروی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی کورد هەڵبژاردووە."

هەروەها ئەسکەندەر سەلیم وتی: "گرنگی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی لەوەیە کە کورد لەم کۆنگرەیەدا بە خاوەن یەک بڕیار و یەک ئاڵا و یەک سرودی نیشتیمانی دەربچێ تا بتوانێ لە گۆرەپانی سیاسی سەنگێکی کاراو بە توانای هەبێت تا دوژمان نەتوانن بەپی مەرامی خۆیان کورد بەکاربهێنن و پێویستیشە هێڵی سوور دیاری بکریت تا هیچ لایەنێک هاوکاری دوژمنانی کورد نەکات بۆ داگیرکردنی پارچەکانی کوردستان."

'کوردێکی یەکگرتووم بدەرێ وڵاتێکی سەربەخۆت دەدەمێ '

ستار جەباریش کە نووسەر و چاودێرێکی سیاسی شاری کەرکوکە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "سەدەیەک پێش ئیستا رەوشەن بەدرخان وتەیەکی هەبوو دەلێت 'کوردێکی یەکگرتووم بدەرێ وڵاتێکی سەربەخۆت دەدەمێ '، پێوستە پێش بەستنی کۆنگرەکە قسە لەگەل هەموو لایەنەکان بکرێت و هەموو لایەنەکان ڕازی بکرێن بۆ بەشداری کردن لە کۆنگرەکەدا و پیان بوترێت کە ئەمە کۆنگرەی نەتەوەییە نەک حزبی کە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیە حزبیەکانە تا هەموو کوردێک بریار و یەکدەنگ بێت."

ناوچەکە بە گۆرانکاریدا تێپەردەبێت بۆیە گرنگە کورد یەک دەنگ و یەک بڕیار بێت

هەروەها ستار جەباری وتی: ''لە ئیستادا زۆر گرنگە کورد کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستێت چونکە ناوچەکە بە گۆرانکاریدا تێپەردەبێت بۆیە گرنگە کورد یەک دەنگ و یەک بڕیار بێت تا بتوانێت مافەکانی خۆی بەزیادەوە بەدەست بێنێت چونکە کورد هەمیشە غەدرلێکراو بووە بۆ نموونە لە ئیستادا ڕاپرسیەک کراوە دەربارەی زمانەکان کە زمانی کورد بە پلەی ٥٩هەمین زمان دادەنرێت چونکە ژمارەی کوردیان تەنها بە ٢١ ملێۆن حیساب کردووە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ یەک دەنگ نەبووونی کورد."

لە کۆتایدا ستار جەباری ڕایگەیاند، کورد لە ئیستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بەستنی کونگرەی نەتەوەییە بۆ رووبەروبوونەوەی دوژمنان و نەیارانی کورد لەم گۆرانکاریە گەورەیەی رووی لە ناوچەکە کردووە.

ز.ش