چاودێرانی سیاسیی کەرکوك: لابردنی سەرۆك شارەوانییەکانی باکور کودەتایەکی سپییە دژ بە دیموکراتیەت

چاودێرانی سیاسی کەرکوک رایانگەیاند، ئەردۆغان دەیەوێت گەلی کورد بێ هیوا بکات لەوەی لە رێگای دیموکراسی و دەنگادانەوە رێگاچارەیەک بۆ کێشەی نەتەوەکەیان بدۆزنەوە.

چاودیرانی سیاسیی شاری کەرکوک پیانوایە ئەردۆغان وەکو هەموو دیکتاتۆرەکان لە کاتی نزیک بوونەوەی لە کۆتایهاتنیان دەکەونە پەلەماردانی گەلانی وڵاتەکەیان.

محەمەد نەسرەدین چاودێرێكی سیاسییە لە شاری کەرکوک و دەربارەی بڕیاری لەسەر کارلابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "ئەوەی ئێستا لە باکوری کوردستان روودەدات و ئەگەر ئاکەپە پێیوایە ئەو بڕیاری لادانی سەرۆك شارەوانییە کوردانە و دانانی قەیوم لە جێگاکەیاندا ئیرادەی گەڵەکەمان لە باکور دەشکێنێت، ئەوە ئاکەپە بەهەڵەدا چووە، بەدانانی قەیوم دەتوانن دەست بەسەر کاروباری ئیداریی شارەکاندا بگرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن دەست بەسەر ئیرادەی گەلەکماندا بگرن."

محەمەد نەسرەدین وتیشی: "ئەو هەنگاوانەی ئاکەپە بۆ ئەویە گەلی کورد لە باکور بێ هیوا بکات لەوەی لە رێگای دیموکراسی و دەنگادانەوە رێگاچارەیەک بۆ کێشەکانی گەلی کورد بدۆزنەوە. ئەو بڕیارە کودەتایە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچەیەی. ،ئەو کارانەی ئاکەپە و سەرۆکەکەی دەیکات زیاتر لەوە نزیکی دەکاتەوە کە پێی بڵێین رژێمێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێن، رژێمێک کە دژی ئیرادەی گەلانی تورکیا بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتییە."

محەمەد نەسرەدین ئەوەشی وت: "پێموایە ئەو بڕیارانەی ئاکەپە سەرکەوتوو نابێت لە شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و بێ هیواشی ناکات لەوەی لە رێگای دیموکراتییەوە چارەسەری کێشەی نەتەوەی بکات."

مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: ئەو رووداوانەی ئەمدواییەی تورکیا ئەوەمان بۆ دەسەڵمێنێت، کە عەقڵییەتی ئەردۆغان هیچ باوەڕی بە دیموکراتی نییە و ئەمەش کودەتایەکی سپییە بەسەر دیموکراتیەتدا، تورکیا هەمیشە لە کاتی شکستەکانی هەوڵدەدات بە کودەتایەک شکستەکانی پڕ بکاتەوە و ئەمەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی تورکیا ئاکەپە چەندین شاری گەورەی لە دەستدا و پرۆژەی ناوچەی ئارامی لە رۆژئاوای کوردستان لەدەستدا، ئەمەش وایکرد ئەردۆغان پەنا بباتە بەر کودەتا."

مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم وتیشی : "لە ئێستادا لە لایەنی سیاسییەوە ئەردۆغان شکستی هێناوە و لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنی سیستمی رۆژئاوای کوردستان ئەردۆغان و حیزبەکەی زۆر ناڕەحەت کردووە و تەنگی پیان هەڵچنیوە ،بۆیە دەبینین بە چ شیوازێک پەلەماری ئەو شارەوانییانەی دا بە مەبەستی داخستنیان، بەڵام گەلی کورد بە ئیرادەیەکی بەرزەوە رژانە سەر شەقامەکان بۆ بەرگریکردن و پاریزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی گەلەکەیان".

لە کۆتایدا مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم ئەوەشی وت: "ئەم رووداوانە ئەومان پێدەڵێت، کە ئەردۆغان لە کۆتایی حوکمڕانی نزیکبووتەوە، چونکە هەموو سەرۆکە دیکتاتۆرەکان لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە کۆتایهاتنیان دەکەونە پەلاماردانی گەلی خۆیان."

دیار شاکر چاودێرێکی تری سیاسیی شاری کەرکوکە و بە ئاژنسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەوەی ئەردۆغان ئەمڕۆ دەیکات بەتەواوەتی ڕاگەیاندنی شەڕە دژی گەلی کورد. ئەم کودەتا سپییەی کرا بەرامبەر گەلی کورد درێژەی ئەو کودەتا سەربازییەی ساڵی ٢٠١٦یە، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ نەهێشتنی هیچ گفتوگۆیەکی ئاشتی و سیاسی و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی دۆزی رەوای گەلی کورد."

دیار شاکر راشیگەیاند: "ئەمە کودەتایەک بوو بۆ لابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی وان و ئامەد و مێردین و بەداخەوە ئەوەش کودەتایەکە بەسەر ئیرادەی گەلی کورد لە باکوری کوردستان دا، چونکە ئەو سەرۆک شارەوانییانە بە دەنگی گەلی باکور بوونەتە سەرۆک شارەوانی."

لە کۆتایدا دیار شاکر ئەوەشی راگەیاند: "ئەم کودەتایەی ئەردۆغان بەرامبەر کوردانی باکور ئەنجامی داوە بۆ داپۆشینی ئەو شکستانەی خۆیەتی، پێویستە کوردانی هەر چوارپارچە و کوردانی ئەوروپا هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەم کودەتایەی ئاکەپە دژی گەلی کورد."

ژ.ت