چەتەکانى "تیمى تۆڵە"ی دەوڵەتى تورک لە وان هەڕەشە لە دەنگدەرانى هەدەپە دەکەن

گروپێک چەتەی چەکدار، کە خۆیان بە ناوی "ئێمە دەوڵەتین" دەناسێنن لە ناوچەى قرەقەلیی وان و گوندەکاندیدا هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن، کە نابێت دەنگ بە هەدەپە بدەن. گروپێکى تریش بە ناوی "تیمى تۆڵە" نامەى هەڕەشیان بۆ بەڕێوەبەرانى هەدەپە ناردووە.

عایشە ئاجار باشاران ئەندامى کۆمسیۆنى مافەکانی هەدەپە رایگەیاند، هەفتەى رابردوو نامەى هەڕەشە بە ئیمزای گروپێک بە ناوی "تیمى تۆڵە" بۆ بەڕێوبەرانى هەدەپە نێردراوە.

باشاران راشیگەیاند "ئەگەر خوێن لە پەنجەى ئەندامێکى حیزبەکەمان بێت، ئاکەپە لێ بەرپرسیارە".

هەر دواى لێدوانەکەى باشاران، گروپێکى چەکداری کۆنترا بە گوندەکانى ناوچەى قەرقەلیى وان دا گەڕاون و دەستیان بە هەڕەشە لە هاووڵاتییان کردووە، کە نابێت دەنگ بە هەدەپە بدەن.

ئەندامانى ئەو گروپە چەتەیە چوونەتە هەر گوندێک سەرەتا لەگەڵ کوێخاى گوندەکەدا قسەیان کردوو و دواتر هەڕەشەیان لە هاووڵاتیان کردووە و وتویانە "هەر کەس دەنگ بە هەدەپە بدات دوژمنى دەوڵەتە. ئێمە دەوڵەتین. بە ئاشکرا هۆشداریتان پێدەدەین. ئێمە هاتووین بۆ ئەوە کۆتایى بە تیرۆر بهێنین".

 ئەو هاووڵاتییە گوندییانەى کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە نەیانخواست ناویان ئاشکرا بکرێت لەو بارەیەوە رایانگەیاند، ئەو گروپە چەتانە ئێواران بە پاسی جام رەش دەست بە گەڕان دەکەن. زۆربەی ئەو چەتانە ریش درێژن و جلوبەرگی پیس و پۆخڵیان لەبەردایە. ئەو چەتانە خۆیان بە ناوی "ئێمە دەوڵەتین" دەناسێنن.

ئەو هاووڵاتییانە راشیانگەیاند، نیگەرانی ئاسایش و ژیانیانن، چونکە ئەو چەکدارانە هەڕەشەیان لێکردون و پێیان وتون "نابێت دەنگ بە هەدەپە بدەن".

ر.م