ڕۆشنبیرانی هەولێر: تورکیا بە گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ هەموو گەلی کوردی کردووەتە ئامانج

دەستەیەک لە ڕۆشنبیرانی هەولیر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕێن بەرامبەر گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ پشتیوانیی چالاکیی مانگرتنی نوێنەرایەتیی هەدەپەیان لە هەولێر کرد. راشیانگەیاند، دەبێت گۆشەگیریى سەر ئۆجالان نەمێنێت بۆ ئەوەى ئاشتی و چارەسەری بێتەدی.

ئەو دەستەیە لە چالاکوانان و رۆشنبیرانى هەولێر بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکە بۆخۆشیان دەستیان بە مانگرتن بە شێوەى دەوری کرد و لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

 

دکتۆر قاسم مەرزانی مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی کشتوكاڵ یەکێکە لە مانگرتووەکان وتی: پێموایە ئامانج لە گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئەوەیە، کە گەلانی ناوچەکە بە دوور بگرن لە فکر و فەلەسەی بەڕێزیان، کە ئۆجالان ئامانجی ئەوەیە کێشەکانی ناوچەکە بە شێوازێکى ئاشتییانە چارەسەر بکات.

وتیشی، دەبێت گەل پشتیوانی ئەو چالاکییانە بکات کە ئامنج لێی شکاندنی گۆشەگیرییە. دەبێت فشار بخەینە سەر ڕێکخراو و  ناوەندە جیهانییەکان و ئەو وڵاتانەی کە بڕیاریان لە دەستە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ناچار بکەن گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵگرێت و فکرو فەلسەفەی ئاشتی و ئازادی بێتەوە ناوچەکە.

هەروەها مامۆستا ئیدریس دیبەگەیی یەکێکیترە لە مانگرتووەکان ڕایگەیاند: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی نوێدا تێپەر دەبێت. نەخشەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دادەڕێژرێت، دەوڵەتی تورکیا بە هێرشەکانی لەسەر گەلی کورد و گۆشەگیرکردنی ڕیبەری گەلی کورد دەیەوێت کورد بێبەش بکات لەوەی، کە لەم گۆڕانکارییانەدا ببنە خاوەن ستاتۆ.

دیبەگەیی وتیشی: دەبێت کورد و لایەنە سیاسییەکان لە ئێستادا هەموو یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی بتوانن مەترسییەکان لەسەر گەلی کورد بڕەوێننەوە، چونکە تەنها یەکێتیی کورد لە ئێستادا دەبێتە وەڵام بۆ ئەو هێرشە گەورەیە، کە لەسەر گەلی کورد ڕێبەر ئۆجالان هەیە.

 

کاوە نادر چالاکوانى مەدەنی پێیوایە، ئۆجەلان دەستگیر نەکراوە، بەڵکو لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە دیلکراوە. ئاماژەی بەوەشدا لە تەواوی دونیادا هەر گەلێک وڵاتی داگیر بکرێت و کەسێک ڕێبەرایەتیی ئازادیی خاک و میلەتەکەی بکات دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەیەکی یاسایی جیهانی لەگەڵ بکرێت نەک بەپێی یاساکانى ئەو وڵاتە، کە خاکی داگیرکردووە سزا بدرێت.

ئەو چالاکوانە وتیشی، تورکیا سەرباری دیلگرتنی ڕیبەر ئۆجالان، بەڵام نەیتوانی کاریگەریی کەم بکاتەوە، چونکە ئۆجالان لە زیندانەوە ڕێبەرایەتیی شۆڕشی دەکرد، بۆیە دەوڵەتى تورکیا لە ساڵێ ٢٠١١ ەوە ئیزن نادات پارێزەرکانی سەردانی بکەن. ئیستاش نزیکەى ٣ ساڵە هیچ کەسێک چاوی بە بەڕیز ئۆجەلان نەکەوتوە.

ئەو چالاکوانە لە کۆتایی قسەكانیدا وتی، تورکیا بەو شیوازە گۆشەگیرییە لەسەر ئۆجالان، تەواوی گەلی کوردی کردووەتە ئامانج، بۆیە دەبێت ئێمە وەک تەواوی گەلی کورد کار بکەین بۆ ئەەی ئەو گۆشەگیرییە لەسەر ڕیبەر ئۆجالان بشکێنین.

ر.م