ڕۆشنبیرانی کەرکوک پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر داعش دا لە گەلی رۆژئاوا دەکەن

ڕۆشنبیرانی کەرکوک رایانگەیاند، سەرکەوتنى شەڕڤانان بەسەر چەتەکانى داعش دا سەرکەوتنێکى مەزنە و دەستکەوتی سیاسیی مەزنی دەبێت و دەبێتە هۆی پاڵپشتییەکی بە هێزتر لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد.

سەعەد مەلا عەلی ڕاگەیاندکار و چاودێری سیاسی لە شاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "مایەی دڵخۆشییە، کە شەڕڤانان توانییان سەرکەوتنێکی گەورە بە دەستبێنن لە شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی بە ناوی داعش، کە سنووری چەندین وڵاتی بەزاند و بەشێکی زۆری لە کوردستان داگیر کردبوو".

 

سەعەد مەلا عەلی وتیشی: "بۆ هەموو دونیا سەلمێندرا کە بە دەستی شەڕڤانان و کوردانی رۆژئاوا رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناوچوو، شەری پێشمەرگە و شەڕڤانان دژی داعش کوردی بە هەموو جیهان ناساند ".

 

 

ناوبراو ئەوەشی وت: "من گەشبینم بەم سەرکەوتنە، کە قورساییەک بۆ کورد دروست دەکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان". 

هێمن حەسیب چاودێرێکی سیاسی لە شاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "پیرۆزبایی و دەستخۆشیی خۆمان ئاراستەی برایانمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ ئەو سەرکەوتنە مەزنەی بە سەر ریکخراوی تیرۆریستی داعش تۆماریان کرد و ئەمە شکۆمەندی و شەرەفمەندی بۆ گەلی کورد تۆمار کرد".

هێمن حەسیب وتیشی: "ئەم سەرکەوتنەی لە باهۆز بە دەست هاتووە کۆتایی هاتنی جەنگی داعش پێ ڕاگەیەندرا و سەربەرزییەکی گەورە بوو بۆ کورد بەتایبەتی لە شەڕی عەفرین دا، کە جۆرێك لە پشت تێکردن هەبوو لە کورد لە لایەن دۆستەکانییەوە".

ناوبراو پێیوایە ئەم سەرکەوتنە مەزنە دەبێتە هۆی پاڵپشتییەکی بە هێزتر لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ برایانمان لە رۆژئاوا و پێشیوایە ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتی سیاسی و ئەمنی گەورەی بە دواوە دەبێت.

سەڵاح حەمەئەمین نووسەر و هونەرمەندێکی شاری کەرکوکە و دەربارەی سەرکەوتنەکانی هێزی سوریای دیموکرات و گەلی رۆژئاوا بەسەر داعش ڕایگەیاند: "رۆژئاوا توانیی ئەزموونێکی جوان پێشکەش بە هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن، کە سەلماندیان کورد ئەتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێ و هەنگاوێکی زۆر جوانیان بڕی".

هەروەها ناوبراو وتیشی: "بە رای من جیاوازیی ئەم ئەزموونەی رۆژئاوا لەوەدا خۆی ئەبینێتەوە، کە توانییان تەنها یەک هێز لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت، کە ئەمەش خزمەتی زۆری بە کەیسی کورد کرد لە رۆژئاوای کوردستان".

لە کۆتیشدا سەڵاح حەمەئەمین ئەوەشی وت: "هیوادارین ئەزموونی رۆژئاوا بەردەوامبێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانیان بکات و هیودارم ئەم هەوڵ و تێکوشانەیان ئەنجامی هەبێت، دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێئەکەم بە بۆنەی سەرکەوتنیان بە سەر داعش".

ر.م