"ڕێگرێکان بەرامبەر هەدەپە و تەڤگەری ئازادی دو دیوی یەک دراون"

چالاکوانانی باشووری کوردستان دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان شەرمەزار دەکەن و تەڤگەری ئازادیش پێیوایە ڕێگریکردن لە خەباتی دیموکراسی تەنها لە باکور نییە و تورکیا لە ڕێگەی حکومەتی باشوورەوە رێگری لەلایەنە دیموکراتی خوازەکان دەکات.

چالاکوان هەرێم مەحمود ماوەیەک لەمەوبەر مانگرتنی ڕاگەیاند بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد و لە ئێستادا لە خەباتی دیموکراتیکی خۆی بەردەوامە و سەبارەت بە هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ی ڕاگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها لە باکوری کوردستان، بەڵکو لە باشووری کوردستانیش داگیرکەریی فراوان کردووە و دەیەوێت باشوور بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک لایەن و کەسایەتی ئەرکدار کردووە بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکات و هاوکاری بن لە داگیرکردنی باشووری کوردستان. لە باشووری کودستاندا ئەو حکومەتەی کە هەیە چەند لایەنێک بەڕێوەی دەبەن و ئەو لایەنانەش سەر بە دەوڵەتانی داگیرکەرن و هاوکاریی داگیرکەر دەکەن".

هەروەها وتیشی:"گەلی کورد هەمیشە دەست پێشخەر بووە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری، وەک ماوەیەک لەمەوبەر عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی پێکرد لە توانایدایە لە ماوەی هەفتەیەکدا شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە ڕابگرێت و پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بەداخەوە هەمیشە شەڕی هەڵبژاردوە و لە ئێستادا کەوتووەتە حاڵەتێکی وەهاوە، کە بەرەو ڕوخان دەچێت و دەستی داوەتە کاوەلکاری و هێرشکردن لە کاتێکدا بە هیچ شێوەیەک ئەنجام لەو هێرشانەی وەر ناگرێت.

سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و دانانی قەیوم لە شوێنیان سەرنجی خستە سەر دورکەوتنەوەی دەوڵەتی تورکیا لە دیموکراسی و نزیکبونەوەی لە چەسپاندنی پایەکانی دیکتاتۆریەت لە تورکیا و ڕایگەیاند: "پێویستە گەلی ئێمە یەکگرتوانە وڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە و تەواوی پلانەکانی دوژمنان شکست پێ بهێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش کۆنگرەی نەتەوەیی گرینگە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لەم گۆڕانکارییەدا مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت".

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان پێییوایە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی لە باشووری کوردستان دو دیوی یەک دراون و ئامانجیش لەو ڕێگرییانە داگیرکردنی خاکی کوردستان و کپ کردنی لایەنە دیموکراتێکانە لە ناوچەکە.

 دکتۆر ئازاد ئەندامی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەو هێرشانە ئەمڕۆ دەکرێت، ئامادەکارییەکی لە مێژینەی هەیە، ئەو ئامادەکاریەش تایبەت بە هەرێمێکەوە نییە و گرێدراوە بە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە. دەوڵەتی تورکیا ترسی لە هەڵوێستی تەڤگەری ئازادی هەبوو، چونکە دەیزانی تەڤگەری ئازادی دەتوانێت شەقام بجوڵێنێت، بۆیە پێش ئەوەی هێرشی سەربازی ئەنجام بدات، لە ڕێگەی حکومەتی باشووری کوردستانەوە هێرشی سەر تەڤگەری ئازادی کرد و بارەگاکانی لە ناوچەکە داخست".

دکتۆر ئازاد سەبارەت بە ڕێگرییەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: "حکومەتی عێڕاق لە ئێستادا وەک دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ خۆی لە بن کاریگەرییەکانی دەوڵەتانی ئیقلیمی ڕزگار دەکات، دەرفەت و ئیمکانی ئیرادەی خۆی پێش دەخات، نایەوێت دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئێران بڕیار لەسەر سیاسەتی عێڕاق بدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەتی باشووری کوردستان تا دێت زیاتر ئیرادەی خۆی تەسلیمی دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئێران دەکات، تەڤگەری ئازادیش خەتی دیموکراتیە لە باشووری کوردستان و عێراقدا، بۆیە ئێمە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێڕاق سەربەستانە کار و خەبات دەکەین وەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی هەرێمی کوردستان".

ژ.ت