کاڵکان: ئەردۆغان هەوڵ دەدات شکستە گەورەکەى بشارێتەوە – ١-

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، دواى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداردا قۆناغێکى نوێ دەستیپێکردووە و وتى، ئەردۆغان هەوڵ دەدات شکست و دۆڕان گەورەکەى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا بشارێتەوە.

دوران کاڵکان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا (هەڵبژاردنى خۆجێى و ناوچەیى) لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی خاکەلێوە دا هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە لە بەرامبەر بلۆکی دیموکراسیی هەدەپەدا تێکشکان. دوران کاڵکان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی خاکەلێوە کورد لە دەوری ستراتیژییەک کۆبووییەوە و ئیرادەى خۆی لەو چوارچێوەیەدا خستەڕوو و ئێستاش لە گۆڕەپانەکەدا خاوەنی تێکۆشانێکى جدین. ئەوە چ مانایەک دەدات؟ دەبێت هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن و هێزە دیموکراتیکەکان بەرامبەر ئەوە چی بێت؟ زیاتر لە ١٥ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئادار دا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکانى روون نیین و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجامەکان ئاشکرا نەکراون. لەو بابەتەدا دەزگایەک کە پێى دەڵێن، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن، ئاکەپە رۆڵێکى بێ عارانە و رووقایمانەى پێدەگێڕێت و هاوشێوەى راگەیاندنى ئاکەپە دەجوڵێتەوە. لە کوردستاندا هەندێک لەو شارەوانییانە کە هەدەپە بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتییان بە دەستیهێناوە، رووقایمانە لە هەدەپەیان سەندەوە و دایانە دەستى ئاکەپە. ئەو ئاکەپەیە کە تەنانەت نیوەى دەنگەکانى هەدەپەی بەدەستنەهێنابوو. سەرباری ئەوانەش تاوەکو ئێستاش لە ئیستەنبول دەنگ دەژمێردرێتەوە.

لە راستیدا ئاکەپە لە قوڕدا چەقیوە. بۆ ئەوەى ئەنجامی هەڵبژاردن بەوشێوەیە بگۆڕێت کە خۆی دەیەوێت پەنای بردووەتە بەر هەموو زۆرداری و ملهوڕی و حیلە و فرتوفێڵێک. ئەوە راستییەکى روون و ئاشکرایە. ئەوانەش هەموو نیشانەى ئەوەن، کە تێکۆشانی دژ بە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە چەند گرنگ و مانادار بووە. لە راستیدا گەلی کورد، هێزە دیموکراتیکەکان و بە کورتییەکەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرکەوتنێکى گرنگیان بەدەستهێناوە.

سەرباری ئەوەى هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە هەموو توانا و دەرفەتەکانى دەوڵەتیان خستەگەڕ و بۆ خۆیان بەکاریان هێنا، بەڵام ئەو ئەنجامە بەدەستهات، کە لە دەرەوەى چاوەڕوانییەکانیان بوو. لە راستیدا فاشیزم گورزێکى گەورەى بەرکەوت. بلۆکی دیموکراتیک کە بە دەوری هەدەپەدا لە ٧ی حوزەیرانى ٢٠١٥ / ١٧ی جۆزەردان دا کۆبووبوونەوە جارێکیتر سەرکەوتنێکى گەورەیان لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا. لەسەر ئەو بنەمایە جارێکیتر سەرکەوتنى هەڵبژاردن لە گەلی کورد، هێزە دیموکراتیکەکان، بزووتنەوەى دیموکراسی و هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پیرۆز دەکەم.

باخچەلی، ئەردۆغان و سۆیلو لە کاتى هەڵبژاردندا مەراییان بۆ میللەت دەکرد

هیوادارین ئەنجامی هەڵبژاردنى ٣١ی ئادار لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە پێشبخرێت و فاشیزم هەڵوەشێنرێت و ببێتە هۆی دروستکردن و بونیاتنانى تورکیایەکى دیموکراتیک. لە راستیدا ئەو ئەنجامە لەو ئاستەدا کاریگەریى سیاسیى هەیە و لەوەش بەرفراوانترە. لە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانى و خۆجێى زیاتر، ئەنجامێک بەدەستهات کە داهاتووی بەڕێوەبەریى سیاسی لە تورکیا خستەڕوو و ئەوەش بە ئاشکرا و روونی دەبینرێت. هەر پێش هەڵبژاردنیش ئەو قەناعەتە دروستبوو بوو. هیچ کەسێک لە چوارچێوەى هەڵبژاردنى خۆجێى و شارەوانییەکاندا لە هەڵبژاردنى ٣١ی ئادار نزیک نەبوویەوە و لەو چوارچێوەیەدا شیکاریى بۆ نەکرا. لە راستیدا هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە بەو شێوەیە لە هەڵبژاردن نزیکبوونەوە و هاوشێوەى ریفراندۆمێک لێکدانەوەیان دەکرد.

بەرپرسانى هاوپەیمانیى جمهور؛ دەوڵەت باخچەلی، تەیب ئەردۆغان و کەسانى وەک سولەیمان سۆیلو چوونە بەرامبەر خەڵک و رجایان لە خەڵک دەکرد و مەراییان بۆ دەکردن و دەیانوت 'رووی رەشەمان ئاشکرا مەکەن و شەرمەزرامان نەکەن' و بەو شێوەیە داواى دەنگیان دەکرد. چاییان دابەش دەکرد، بەرتیلیان دەدا و دەیانخواست بەو کارانە دەنگ بەدەست بهێنن. فەرماندەکانى سوپا و بەرپرسانی پۆلیس، هەموو راگەیاندنەکان و دادوەرەکان، هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەتیان لەو پێناوەدا سەفەربەر کرد و خستنیانە گەڕ. بۆ خۆیان ئەنجامی هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداریان وەک "کێشەى مانەوە و مان و نەمان" بە دەنگی بەرز دەخستەڕوو و کردیان بابەتى گفتوگۆ و مشتومڕەکانیان.

لە زۆرێک لە ناوچەکانى کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا

ئەوان بەشێوەیەکى جدی لە ترسی دۆڕاندان و نیگەرانیدا دەژیان. بەو شێت و هاربوونە بانگەشە و کاروباری هەڵبژاردنیان بەڕێوەدەبرد. هێرشیان کردە سەر ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتى هێرشی چڕیان کردە سەر کوردان، هەموو رۆژێک بەلانیکەمەوە ١٠ بۆ ١٥ ئەندامى هەدەپەیان دەستگیر دەکرد و زیندانیان دەکردن. بەرزترین ئاستی گوشار و توندوتیژییان بەکارهێنا. لە رووداوەکانى شرنەخ، ئاگری و موش و لەو هەڵبژاردنەدا و لە هەندێک شوێن دا جگە لە حیلە و ساختەکارییەکانیان جموجوڵی تریان ئەنجامدا. لە راستیدا لە زۆرێک لە ناوچەکانى کوردستاندا هەڵبژاردن بەڕێوە نەچوو. سندوقەکان و دەنگەکان ئامادەکران و پێشوەختە سندوقەکانیان پڕکردبوو لە دەنگ. ئەو سندوقانە کە لە رۆژی هەڵبژاردندا دانرابوون بۆ دەنگدان شەوەکەى بران بۆ شوێنێک و ئەو سندوقانە کە پێشتر ئامادەکرابوون خرایە شوێنی سندوقەکانى دەنگدان. ئەو راستییە بە شێوەیەکى ئاشکرا و روون بۆ هەموان دەرکەوت.

هەر چەند کەمیش بێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستێکى گرنگیان خستەڕوو. ئەوەى کە وەک پێویست نەبینراوە بریتییە لەمە؛ ئاکەپە دێتە پێشەوە و دەڵێت 'من لەگەڵ فڵان حیزب هاوپەیمانى دەکەم' ئەو حیزبە (ئاکەپە) لەگەڵ فەتحوڵا گیولەنییەکان هاوپەیمانیى ئەنجامدا، هەندێکجار لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانیى ئەنجامدا، لەگەڵ مەهەپە هاوپەیمانیى کرد، زۆر جار لەگەڵ کوردان پەیوەندی و هاوپەیمانیى دروستکرد. هاوپەیمانى مەهەپە – ئاکەپە – دەدەبە و هوداپار بەشێوەیەکى روون خۆی دەرخست. بەڵام بەهۆی بەڕێوەبەرانى ئێستای جەهەپەوە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئاکەپە – مەهەپە بە هیچ شێوەیەک بە روونی و ئاشکرا نەچوونە پاڵ یەکتر و بەشێوەیەکى روون پشتیوانییان لە یەکتر نەکرد.

لەو بابەتەدا هەستیارییەکى لەو جۆرە دروستکرا، کە گوایە جەهەپە پەیوەندیى بە هەدەپەوە هەیە. قسەیەک بکات دونیا ئاخر دەبێت و قیامەت روودەدات. وەک ئەوەی ئەو دەنگانە، کە ئێستا بە دەستیهێناوە بە دەستى نەهێنێت. بەڵام ئەوە لە کاتێکدابوو دیسانەوە بە هێزی هەدەپە و بە پشتیوانى هەدەپە ئەو ئەنجامەى ئێستای بەدەستهێنا. لێرەدا سیاسەت و عەقڵییەتى پێشوو وەک قاوغ و بەرگی فاشیزم، لە دوای ئەو روودانەش، کە خۆی بە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەى دەسەڵات دەزانى، بەڵام نەیتوانى خۆی بکاتە هێزێکى راست و دروستى ئۆپۆزسیۆن. سەرباری ئەوەش بلۆکی دیموکراسیى پێکهاتوو لە هەدەپە و هێزە دیموکراتیکەکانى تر لە دژی هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە و هەر چەندیش بەشێوەى فەرمی نەبێت ئەو ئۆپۆزسیۆنەى ئێستایان خستە پێشەوە و لە ئەنجامدا ئەوەى سەرکەوت ئۆپۆزسیۆن بوو.

حیزبەکان نەچوونە پاڵ یەکتر، بەڵام لەسەر سندوقەکاندا گەل چوونە پاڵ یەکتر

حیزبەکان نەچوونە پاڵ یەکتر، بەڵام لەسەر سندوقەکاندا گەلان، کۆمەڵگە، رەنجدەران و زەحمەتکێشان، تورک و کورد چوونە پاڵ یەکتر. دەبێت بەڕێوەبەرانى جەهەپە ئەو راستییە بە باشی ببینن. لە راستیدا ئۆپۆزسیۆن بەو شێوەیە لە دژی گوشاری بنخستن و پارچەکردنى ئاکەپە – مەهەپە ریگاى بەرووی تورکیادا کردەوە. ئەوەى سەلماند، کە یەکێتیى دیموکراتیکی تورکیا نەک ئەستەم نییە بەڵکو دێتە دی و بەدیهاتنیشی نزیکە. بەوەش ئومێدێکى بۆ داهاتووی تورکیا ئافراند.

سەرباری هەموو هێرشەکانى فاشیزم بۆ سڕینەوە و ناشیرینکردن لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەوە، بەڵام ئەوە سەلمێنرا داهاتوویەکى دیموکراتیکی ئۆپۆزسیۆن بۆ تورکیا زۆر گرنگە. لەو بابەتەدا هێزە سیاسییەکان، کە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەکی دیموکراتیکیان لە دژی هاوپەیمانیى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە دروست نەکرد، پێویستە سەیرێکى دۆخی خۆیان بکەن. کۆمەڵگە هاوپەیمانیى دروستکرد. یەکێتیى دیموکراتیکى دژە فاشیستى دروستکرا. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لە ناو یەکێتیى دیموکراتیک دا ژیانێک، کە هەموو کەس بتوانێت بەشێوەى ئازاد خۆی بناسێنێت و راکانى دەرببڕێت کارێکى ئەستەم نییە.

ناتوانن لە دژی فاشیزم ئەڵتەرناتیڤی بەڕێوەبەریى دژە فاشیست پێشبخەن

لە تورکیا هەموو کەس لە ژێر روانینەکانى ئاکەپە – مەهەپەدایە و کەسانێک هەبوون، کە دەیانوت 'لەم کۆمەڵگەیەدا هیچ روونادات'. راستییەکە ئەوە نییە، کۆمەڵگەى تورکیا لە ساڵی ١٩٧٠ەوە بزووتنەوەیەکى جەماوەریى گەورە، کە تێکۆشانی دیموکراتیکی تورکیا بەڕێوەدەبات و لە شۆڕشێکی دیموکراتیکدا ژیاوە، کۆمەڵگەیەک کە پێشتریش رێگاى بە فاشیزم نەداوە بەسەریدا زاڵ بێت جارێکیتر بە روونی لەم هەڵبژاردنەدا خۆی خستەوە ڕوو و خۆی سەلماندەوە.

ئەگەر لە راستیدا لاوازییەک هەبێت ئەوە لاوازیى کۆمەڵگە نییە، بەڵکو لاوازییەکە لە هێزە شۆڕشگێڕە – دیموکراتیکەکاندایە، لەوانەدایە کە دەبێت پێشەنگایەتیى بۆ کۆمەڵگا بکەن. گەل پەروەردە ناکەن، بە رێکخستنیان ناکەن و چالاکیى دیموکراتیک پێشناخەن. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە، کە یەکێتیى دیموکراتیک بونیات نانێن و هاوپەیمانییەک و ئەڵتەرناتیڤێک دروست ناکەن.

لە دژی فاشیزم ئەڵتەرناتیڤی بەڕێوەبەریى دژە فاشیستى پێشناخەن. ئەڵتەرناتیڤێکی بەڕێوەبەرى کە کۆمەڵگە بتوانێت خۆی خۆی بەڕێوەببات پێشکەشی کۆمەڵگە ناکەن. کێشەکە و کەموکووڕییەکە لەوێدایە. ئێستا ئەوەى کە ئاکەپە خواستى ئەنجامی بدات بۆی نەهاتەدی و بە کورتى لە قوڕدا چەقیوە. خۆیان دەڵێن 'پاڵەوانی دۆڕاو و شکستخواردوو لە پاڵەوانی بێزار نابێت'. دەیانوت، هەر چۆنێک بووە دیسانەوە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەینەوە. هەڵبژاردنى نوێش ئەنجامدران، بەڵام تۆ هەڵبژاردنیشت دۆڕاند. سەرکەوتن و دۆڕانیش هەیە، کاتێک سەرکەوتیک ئەوە بە هەڵبژاردن دەزانیت، بەڵام کاتێک دۆڕایت ئەوە بە هەڵبژاردن نازانیت و قبوڵی ناکەیت؟

قسەى 'بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئازادە، سەرکەوتن قەدەغەیە' لەم هەڵبژاردنەدا پشتڕاست بوویەوە

لە راستیدا قسەکەى قلیچدار ئۆغڵو کە وتبوی 'دۆڕان لە هەڵبژاردندا ئازادە، بەڵام بردنەوەى هەڵبژاردن قەدەغەیە' بەم هەڵبژاردنە پشتڕاستکرایەوە. چۆن لە کوردستاندا ئەوانەی بەڕێژەى ٧٠ بۆ ٧٥ لە سەدا سەرکەوتون، بەڵام سەرکەوتنەکەیان قبوڵ ناکەن و ئەو کەسانەى کە سەدا ٢٥ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە بە سەرۆک شارەوانی رادەگەیەنن. باشە کێ ئەوە قبوڵ دەکات؟ ئەوە کام یەک لە یاسا و مەرجەکانى هەڵبژاردنە، ئەوە یاسا و قەدەغەکارییەکانى باری نائاساییە. باشە کاتێک ئەوان خۆیان بۆ هەڵبژاردن پاڵاوت و بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد بۆ ئەو کاتە کار بە یاسا و قەدەغەکارییەکانى باری نائاسایى نەکرا؟

لە راستیدا هەر وەک ساروخان ئۆلاچ وتەبێژی هەدەپە رایگەیاند 'ئەوە فێڵ و تەڵەکەبازییەک بوو لە دژی هەدەپە'. دەڵێن بەشداری بکەن، بەڵام ئەگەر ئێوە سەرکەوتن، ئەوا لە ئەنجامدا ئێمە ئێوە لە ناو دەبین و دەتانسڕینەوە و قبوڵتان ناکەین. تەیب ئەردۆغان وتى 'ئەگەریش سەر بکەون، ئێمە پێیان نادەین'. ئەوە ئێستا لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەوە بەڕێوەدەچێت. باشە بەو شێوەیە دەبێت؟، باشە ئەوە پێشبڕکی و ململانێیە؟، یانی ئەوە چۆن دەبێت لە یارییەکى وەرزش دا ئەوەى لە خولەکە دۆڕاوە و چووەتە دەرەوە و بووە بە دووەم، بەڵام لە کۆتایدا کاسەکەى پێبدرێت؟ بەو مافەوە بەڕێوەبەری هەڵدەبژێردرێت. لە راستیدا ئەوەى لێرە دەبینرێت لۆژێک و عەقڵییەتى سڕینەوەى بەڕێوەبەرییە، یان ئەو بەڕێوەبەرانە کە بەو شێوەیە دادەنرێن بە عەقڵییەتی سڕینەوە و پاکتاوکردن کار دەکەن. ئەوەش بەپێى لۆژیکى ئەوان کارێکى گونجاوە! بە وتنى قسەیەکى وەک 'ئێوە یەکەمن، بەڵام زیادەن' دەیانەوێت گەلێک بسڕنەوە. ئەوە هیچ پەیوەندییەکى بە دادپەروەری و حقوق و یاسا و مافەکانەوە نییە.

 

ر.م