کۆدار: شۆڕشگێڕی بەجێهێنانی ئەرکی پێشەنگایەتییە

دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادی شەهیدانى نێوان کامیاران و سنە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆداردا هاتووە "لە ساڵیادی شەهادەتی هەر چوار پێشەنگی خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات جارێکی تر یادیان بەرز ڕادەگرین و ئەزموونەکانیان بە هەند وەردەگرین، سەری ڕێز و نەوازش لە هەمبەریان دادەنەوێنین و بەڵێنی درێژە پێدانانی ڕێبازی پێشەنگایەتیان دووبارە دەکەینەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە "شۆڕشگێڕی، بەجێهێنانی ئەرکی پێشەنگایەتیە. کاتێک کۆمەڵگا ڕێپێوانی خۆی بەرەوە ئازادی دەست پێدەکات، بۆ تێپەڕین لە دەربەندە مێژووییەکان بەردەوام پێویستە ئاستی ئافرێنەری خۆی لە بواری واتادا بەرز ڕابگرێت و لە بواری ڕێبازەوە هەنگاوی دەوڵەمەندانە هەڵگرێت".

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و  ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار)

شۆڕشگێڕی، بەجێهێنانی ئەرکی پێشەنگایەتیە

کاتێک کۆمەڵگا ڕێپێوانی خۆی بەرەوە ئازادی دەست پێدەکات، بۆ تێپەڕین لە دەربەندە مێژوویەکان بەردەوام پێویستە ئاستی ئافرێنەری خۆی لە بواری واتادا بەرز ڕابگرێت و لە بواری ڕێبازەوە هەنگاوی دەوڵەمەندانە هەڵگرێت. ئەو بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاستی ئاگاداری و توانایی کۆمەڵگاوە هەیە، ئاگاداری و زانابوونێک کە بەرهەمی تێفکرین و کردارە. ئەو خاڵە لە کەسایەتیی پێشەنگی کۆمەڵگادا خۆی دەبینێتەوە. پێشەنگێک کە لەسەر ئەو بنەمایە پێگەیشتووە، تێکەڵاوییەکە لە ماف و بەرپرسیارێتی. تاکێک کە ڕیشەی لە شوناسێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییدا هەیە و بەرپرسیارێتییەک کە بەرهەمی یەکگرتنەوەی مافەکانی تاک و کۆمەڵگایە لە بەستێنی ئاییندە بینیدا. پێشەنگێک کە گەشەکردن و پێکاندنی کۆمەڵگاکەی بە ئامانج دەگرێت، بۆ ئەو مەبەستە ڕوو لە بونیادنانی واتای تازە و ڕێبازمەندی دەکات. کەسایەتییەکە سیاسەتکردن و مەیدانداری بە بنەما وەردەگرێت، تێکۆشانێکی فرەڕهەند ئەنجام دەدات. تەڤگەرەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە لە پێگەیاندن و ناساندنی پێشەنگی وەها، کە هەڵگری ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەن لە پێناو کۆمەڵگا و گەشەپێدانیدا. نموونەی هەڵکەوتەی ئەم پێناسەیە لە کەسایەتیی پێشەنگ و شۆڕشگێڕی گەلەکەمان لە هەڤاڵان (تۆڵهەندان سنە، ئارگەش کارزان، دلۆڤان فەدا، ڕۆژهات شەڕ) دا دەبینین. کە بە نواندنی ئاستی بەرزی ئافرێنەری و خوڵقکاری و ڕێبازمەندنی ئەرکی پێشەنگایەتیی کۆمەڵگایان  بەجێ هێنا.

شەهید تۆڵهەڵدان سنە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار، مامۆستایانە لە ناو بزووتنەوەکەماندا خەباتی کرد. فێرکەر و خۆبەخشبوو، ماندوو نەناسانە بۆ پێگەیاندن و ڕێنوێنی بە ئەندامانی تازە بەشدار بوو و هەڤاڵانی نوێ، سەرجەم کات و ساتی خۆی تەرخان دەکرد. ڕێزلێنان و پێوانداری لە کار و تێکۆشانیدا ببوو بە هۆی کاریگەری ئەوتۆی لەسەر هەڤاڵان و تەنانەت لەسەر بڕیارداری و سەقامگیری خەباتی ئەواندا کارتێکەر بوو. هێزی باوەڕی و چاونەترسی، گەریلایەکی بەتوانا و چالاکی بەدی هێنابوو، کە لەکاتی سەختی و دژواریدا پاڵپشت و یارمەتیدەر بوو. مرۆڤێکی گەل پەروەر و خەڵک دۆست کە هەتا هەتایە وانەکانی لە یادی گەلدا دەمێنێتەوە. شەهید تۆڵهەڵدان ڕێبازمەندی لە ڕێوەبەریدا وەک یادگار بۆ بەجێهێشتین.

هەڤاڵ ئارگەش کارزان ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کۆدار، خوێندکارێکی فێرگەی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر بە دەروونی کردنی بیر و ڕامانی ئاپۆیی و هەنگاونانەوەی لە ڕێبازی شەهید فەرزاد بوو بە کادرێکی بەتوانا و رۆشنبیرێکی پێشەنگ. بەردەوام بە چەک و قەڵەم لە ئەرکی شۆڕشگێڕی دا خاوەن ئەو پەڕی بەرپرسیارێتی بوو، لە ماوەیەکی کورتدا بوو بەخاوەنی سامانێکی دەوڵەمەندی شارەزایی و لێهاتووی و کادر بوون. هاوکات بە ئەزموون وەرگرتن لە بواری بەڕێوبەری و ڕێکخستنی ناوخۆی بوو بە گوێزەرەوەی توانست و کارامەیی ڕێکخستنیان لە بواری پارتی بووندا بۆناو گەل. فەرزاد ئاسا وانەی ئازادی زەنگینتر و دەوڵەمەندتر کرد.

هەڤاڵ ڕۆژهات شەڕ ئەندامی فەرماندەیی یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) لە سەر خەتی نوێی فەرمانداری سمکۆ سەرهەڵدان خۆی پێگەیاند، خاوەن ڕەوشتی بەرز و کرداری شۆڕشگێڕانەبوو. زمانێکی بەتوانای پڕوپاگەندە و ناساندنی تەڤگەر و خەتی ڕێبەر ئاپۆ بوو لە ناو گەلدا. زۆر خێرا لە تەک هەلومەرجی جیاوازدا خۆی دەگونجاند، خاوەن بەرنامە و پیلانبوو لە ژیانی و خەباتیدا. بوێرانە ئەرک و خەباتی لە ئەستۆ دەگرت، هاوتەریب خەباتی ئایدۆلۆژیکی بەبنەما دەگرت. مرۆڤێکی بە جەرگ و چارەسازی کاتی تەنگانە بوو، هەتا دوا ساتی ژیانی بە ورە و مۆڕاڵەوە پێشەنگایەتی کرد.

هەڤاڵ دلۆڤان فەدا ئەندامی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەوانێکی گڕووتیناوی بوو کە لە خۆشەویستی گەل و نیشتیمانیدا دەتوایەوە، ناوێکی پڕ ناوەڕۆک و بە واتای ڕاستەقینە دڵسۆز و فیداکار و خۆشەویست، کە تینووی فێربوون و فێرکردن بوو. خاوەن دڵ و زەینێکی کراوە بۆ گەشەکردن، پڕ لە قینی دوژمن و خاوەن هەڵوێست لە هەمبەر ناهەمواریەکانی ژیاندا. هەر ئەو کردارە بەرزە، کردی بە پێشەنگی خەباتی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نموونەیەکی هەڵکەوتوو لە هەرێمی موکریان.

لە ساڵیادی شەهادەتی هەر چوار پێشەنگی خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات جارێکی تر یادیان بەرز ڕادەگرین و ئەزموونەکانیان بە هەند وەردەگرین، سەری ڕێز و نەوازش لە هەمبەریان دادەنەوێنین و بەڵێنی درێژە پێدانانی ڕێبازی پێشەنگایەتیان دووبارە دەکەینەوە.

ژ.ت