کۆدار: شەهیدانى ژینگە هێماى بەرزی وڵاتپارێزی و مرۆڤدۆستین لە کوردستاندا

کۆمیتەى ئیکۆلۆژیک (ژینگە)ی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردن و شەهیدبوونی شەریف باجوەر و هاوڕێ ژینگەپارێزەکانییەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆدار بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادی شەهیدانى ژینگە شەریف باجوەر و هاوڕێکانی دا هاتووە: "کێشە دروستکراوەکانى ژینگە لە جیهانی بە ناو مۆدێڕندا بووەتە بەشێکى گرنگ و گەورە و تراژیدیاى ژینگە – ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە مرۆییەکان. لەو چوارچێوەیەدا گۆڕەپانى ژینگە و کاولکارییەکانی ئەم سەد ساڵەى دوایى، کە لە ئاستی جیهانیدا روویانداوە  بەهۆی خراپ بەکارهێنان و بەرژەوندیخوازی لەسەر سروشت بە ناوى گەشەپێدان لەلایەن دەوڵەتە سەرمایەدارەکانەوە روویانداوە. ئاست و بەربڵاویى ئەو کاولکارییە کاریگەریى راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر هەموو وڵاتانى جیهان دروستکردووە، بۆیە ناکرێت لە دیدێکى سنووردار و سنوورە دیاریکراوە نەتەوەییەکانەوە و لە چوارچێوەى جوگرافیایەکى دیاریکراودا سەیری ئەو کاولکارییانە بکرێت. بەو پێیە کاریگەریى کاولکارییەکانى سەر ژینگە لە ئاستى جیهاندا بەسەر ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە دەبینرێن. ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، دروستکردنى بە لێشاوی بەنداوەکان، بڕینەوەى دارستانەکان و پەرەسەندنی بیابانەکان، لە ناوچوونی دەریاچەکان و رووبارەکان، کە لە ئاستى جیهاندا روویانداوە بەڵگەن لەسەر قسەکانمان. بۆیە لەم دۆخە کارەساتبارە دا ژینگەى ئێران، بەرزکردنەوەى ئاستی رۆشنبیری و بەرەنگاربوونەوەى هەمەلایەنەی کێشە و گرفتە ژینگەییەکان هیمەتێکى گەورە و مرۆیى مرۆڤە ئازادەکانى دەوێت".

لە راگەیاندراوەکەى کۆدار دا ئەوەش هاتووە "بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ٤ چالاکوانى بواری ژینگە، شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، رەحمەت حکیمى نیا و محەمەد پژوهی، کە لە کاتى هەوڵیان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژانەوەى ئاگرێک لە شاخەکانى دەورووبەری مەریوان شەهید بوون، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکانیان، خەڵکی مەریوان و گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەین. ئەو شەهیدانە لە راستیدا هێمانى بەرزی وڵاتپارێزی و مرۆدۆستین لە ئاستێکى بەرفراوان و گەورەدا لە کوردستان. هەر یەک لەو شەهیدە بەرزانە نمونەی راستەقینە و باڵان بۆ گەنجانى گەلی کورد و گەلانى تری ئێران. خاڵێکى گرنگ تێگەشتن و ناسینى ناواخنی بوونیان وکاریگەرییانە لەسەر گۆڕەپانى ژینگەی کوردستان و ئێران. ئەو شەهیدانە بە بەشداریى کارایان لە برەودان و دامەزراندنی رێکخراوە ژینگە پارێزییە جەماوەرییەکاندا لە ئاستی رۆژهەڵاتى کوردستان و جوگرافیاى ئێران دا، توانییان لە بازنەى تەسکبیریى ناسیۆنالیزمی باوی کورد و فارس تێپەڕن و ببن بە رێگا و رێچکەیەک بۆ تێکشکاندنی بنبەستی سیاسی – کۆڵایەتیى ئێستاى ئێران".

کۆمیتەى ژینگەى کۆدار ئەوەشی راگەیاندووە "گرنگە چالاکوانانى سەربەخۆ، بیرمەندان، رێکخراوەکان و دامەزراوە ژینگەپارێزییەکانى ئێستا لە ئێران باس لە رۆڵی گرنگ و تایبەت و گیانبازییەکانى ئەم شەهیدانەى رێگاى پێکەوە ژیانى ئازادانەى مرۆڤەکان و ژینگە بکەن، چونکە گۆڕەپانى کاری ئەو چالاکوانانە بە تایبەت شەریف باجوەر سنووردار نەبووە بە جوگرافیاى کوردستان و لە هەر شوێنێک قەیرانێک و ئاڵنگارییەک بۆ ژینگەى ئێران لە گۆڕی بوایە، ئەو و هاوڕێکانى بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە دەچوون بۆ ئەو شوێنە و هاوکارییان پێشکەش دەکرد".

کۆدار باسی ئەوەشیکردووە "گۆڕەپانی جوگرافیا و ژینگەى ئێران لەمساڵانەى دوایدا رووبەڕووی ژمارەیەکى زۆرکارەساتى ژینگەیى بووەتەوە. کاریگەرییە خراپەکانى ئەو کاولکارییە و کارەساتە بەشێوەى راستەوخۆ بەسەر ژیانی رۆژانەى گەلانى ئێرانەوە دەبینرێن. گەرچی بەشێک لەو گرفتانە پەیوەندییان بە گۆڕانکاریى ئۆرگانیکى ژینگەییەوەهەیە، بەڵام بەشە زۆرەکەى ئەو گرفتانە بەهۆی کارە تێکدەرانەکانى مرۆڤ لەسەر ژینگە روویانداوە".

لە راگەیاندراوەکەد ئەوەش خراوەتەڕوو "گۆڕەپانی ژینگەى ئێران بە تایبەتى رۆژهەڵاتى کوردستان دووچاری ژمارەیەکی زۆر کێشەى ژینگەیى بووەتەوە، کە بەشێکى زۆری بەهۆی کارەکانى رژێمى داگیرکەری ئیسلامیى ئێرانەوە روویانداوە. لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەت و حکومەتى ناوەندی و ملهوڕی ئێستا هەموو رێگایەکى بۆ لەناوبردنی ژینگەى کوردستان بەکارهێناوە و بۆ ئەوەش سڵی لە هیچ نەکردووەتەوە. گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەبێت بە قوڵی و بە باشی لەوە تێبگەن، کە دروستکردنى ژمارەیەکى زۆری بەنداو بە بێ بەرنامە و کەوتنەوەى ئاگر لە کوێستانە چڕ و پڕ لە دارەکاندا، کە زۆرینەیان داری بەڕوون، رووداوی بە رێککەوتن نین و بەبێ پلان و بەرنامە روویان نەداوە و رووش نادەن".

کۆمیتەى ژینگەى کۆدار لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە "کۆمیتەى ئیکۆلۆژیک (ژینگە)ی کۆمەڵگەى دیموکراتیک وئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) لەو بڕوایەدایە تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەو تێڕوانین و کردەوە دوژمنکارانەیە، کە لەلایەن حکومەت و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانى رژێمەوە روودەدەن، پێویستی بە هۆشیاری، خۆرێکخستن، هۆشیاری بە کۆمەڵ و بەرفراوان هەیە. لەو پێناوەدا داوا لە خەڵکى تێگەیشتوو و هۆشیاری رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەین، کە یەکگرتووانە و پشتبەستوو بە ئیرادەى بوونی خۆیان و بەبێ گەڕانەوە بۆ دامودەزگاکانى سەر بە رژێم، لە پاراستنى ژینگەى خۆیاندا هۆشیارانەتر بجوڵێنەوە و رێگا نەدەن ئەم نیشتمانە دەوڵەمەندە بە رۆشنبیری و سروشت بکرێتە بیابانێک و وشەک بکرێت و ئاو ودار و سەوزایى تیادا نەمێنێت".

ژ.ت