کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان: دەوڵەتى تورک شاد مەکەن!

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لە راگەیاندراوێکدا داوا لە هێزەکانى باشووری کوردستان و بە تایبەتى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەکات کە دەوڵەتى تورک شاد نەکات و لە رێى نەتەوەى و نیشتمانى دوور نەکەوێتەوە و خاوەنی هەڵوێستى نیشتمانى بێت.

کەنەکە راشیگەیاندووە، سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى دروستکردنى ناکۆکیى ناوخۆیى نێوان کورداندایە و دەیەوێت لە رێگەى سیاسەتى "پەرت بکە و زاڵ بە" خۆی لە رووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەسەر هەموو جومگەکانى باشووری کوردستاندا بسەپێنێت زیاتر فشار بخاتە سەر کوردستان و زەرەر لە پێشکەوتنى کورد بدات.

کەنەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، "جێی داخە دەوڵەتی تورک پاش بێدەنگیی دەسەڵاتداری سیاسیی لە دەڤەری بەهدینان، ئێستا لە دەڤەری یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانیش ئەو سیاسەتە پێش دەخات کە زەرەر بە بەرژەوەندیی کوردان دەگەیەنێت. لەم دواییەدا لە ١١ی مانگدا، ڕێگاگرتن لە یادەوەریی ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس سەکینە جانسز، فیدان دۆگان و لەیلا شەیلەمەیز، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت. دەوڵەتی تورکیا بە یادەوەریی ئەو سێ گیانبەختکردووە زۆر تووڕەیە بە تایبەتیی کە سەلمێندراوە میت ئەنجامی داوە."

کەنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، شارەوانیى پاریس، یەکێک لە گەورەترین پایتەختەکانی ئوروپا، لە ساڵیادی تیرۆرکردنى ساکینە جانسزدا وەک رێزێک بەرزکردەوە، بەڵام لە سلێمانی یادکردنەوەى جانسز و هاورێکانى و نمایشکردنى فیلمی ژیان و تێکۆشانی ساکینە جانسز قەدەخە دەکرێت.

دەقی راگەیاندراوەکەى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان

ئاگادارکردنەوە و بانگی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەوڵەتی تورک شاد مەکەن!

دەوڵەتی تورک بە ڕژیمێکی ئاکەپە - مەهەپە فاشیستی نەتەوەپەرستی دژ بە کورد و کوردستان ئەمڕۆ بە هەموو هێزی خۆیەوە دەخوازێت دەستکەوتی گەلی کورد لە ناو ببات. دەوڵەتی تورک هەر لە باکوور دژ بە کورد شەڕ ناکات، بەڵکو هەروەها شەڕێکی گەورەی دژ بە ڕۆژئاوا بەرپا کردووە و هاوکاتیش بۆ بنکۆڵکردن و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی باشوور بێ پشوو  کار دەکات. هەوڵ دەدات لە ڕێگای دروستکردنی ناکۆکیی لە ناوکورداندا و بەگژداچوونی ناوخۆیی دژ بەیەکتر لە باشوور سیاسەتی کورد لاواز بکات و وردەوردە بە تەواوی خۆی بکوتێتە ناو هەموو جومگە سەرەکیە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکانەوە. سیاسەتیی ڕەشکردن و سووککردنی کوردانی باشوور لە بەر چاوی یەک پێش دەخات و وەکوو شەڕلاتانێک بەردەرگای لێیان گرتووە.

بەڵام دەوڵەتی تورک لە سیاسەتی خۆیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە جیهانیشدا کەوتووەتە ناو قۆناخێکی ترسناک و تێکچوون. تەنانەت سیاسەتی بازرگانیی دەرەوەی لە سەر بنەمای دژایەتی کوردان و پەیداکردنی هاوپەیمان دژ بە کورد هەڵچنیووە و بەو شێوەیە دەیەوێت زیاتر فشار بهێنێتە سەر کوردستان و زەرەر لە پێشکەوتنی کورد بدات.

بەرخۆدان و تێکۆشانی کورد لە باکوور و لە ڕۆژئاوای کوردستان قەیران و ئاڵۆزیی سیاسیی تورکیای گەورەتر و قووڵتر کردووەتەوە. گەلی کورد لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ڕێگای هەمەجۆری نیشتیمانیی و نەتەوەییەوە پشتگیریی لەم بەرخۆدان و تێکۆشانە دەکەن. ئامانجێکی سەرەکیی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە لە ڕێگا و بە دەستی باشووری کوردستان ئەو تێکۆشانە سەرکەوتووە بشکێنێت، واتە سیاسەتی "پەرت بکە و زاڵ بە!" پیادە دەکات. ئەم خەسڵەتە داگیرکەرییەی تورکیا خەسڵەتێکی نوێ نییە.

جێی داخە دەوڵەتی تورک تا ئێستایش تووانیویەتی ئەم سیاسەتەی دژ بە کورد لە باشووری کوردستان پێش بخات. پاش بێدەنگیی دەسەڵاتداری سیاسیی لە دەڤەری بەهدینان، ئێستا لە دەڤەری یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانیش ئەو سیاسەتە پێش دەخات کە زەرەر بە بەرژەوەندیی کوردان دەگەیەنێت. لەم دواییەدا لە ١١ی مانگدا، ڕێگاگرتن لە یادەوەریی ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس سەکینە جانسز، فیدان دۆگان و لەیلا شەیلەمەیز، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت. دەوڵەتی تورکیا بە یادەوەریی ئەو سێ گیانبەختکردووە زۆر تووڕەیە بە تایبەتیی کە سەلمێندراوە میت ئەنجامی داوە.

جێی سەرنجە کە شارەداریی پاریس، یەکێک لە گەورەترین پایتەختەکانی ئوروپا، لەو ڕۆژەدا دیمەنی سەکینە جانسز وەکوو نیشاندانی ڕێز بەرز دەکاتەوە، بەڵام لە سلێمانی قەدەخە دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا دیارە کە بۆچی نوێنەرایەتی تەڤگەری ئازادیی گیرا بوون.

ئێمە دەبینین یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان لەم ماوەیەی دواییدا سیاسەتی خۆی دەربارەی یەکیەتیی نەتەوەیی بەرەو لاڕێ دەبات و خۆی دەخاتە نێو هەڵەی دژوارەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکات کە با ئەو هەڵانەی خۆی دووبارە نەکاتەوە و چارەسەریان بکات و لە مژاری یەکیەتیی نەتەوەییدا خاوەنی هەڵوێست بێت.

سیاسەتی دەوڵەتی تورک بۆ پارچەکردنی هێزی کورد دروست لە سەرئەنجامی بێهەڵوێستیی نەتەوەییە سەر دەکەوێت. حەیف و خەسارە سیاسەتی هەندێک کورد ئەوە بێت کە تەمەنی ڕژیمێکی دۆڕاوی مایەپووچ درێژ بکەنەوە.

کوردان ئەمڕۆ دەتوانن بە سیاسەتی یەکڕیزیی بەر بە سیاسەتی داگیرکەرانەی تورک لە سەر کوردان و کوردستان بگرن، بەتایبەتیی ئێستا کە دەوڵەتی تورک لە هەموو روویەکەوە لە قەیران و کێشەی گەورەی جیاواز دایە کە لە مێژوودا نەبووە. دەوڵەتی تورک نەک هەر بە تەنیا لە سەر کورد، بەڵکو تەنانەت لە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیش بووە بە بەڵا، بە مەترسیی و بە هەڕەشە.

ئەوڕۆ ئەوڕۆژەیە کە ئێمە بێین و پێکەوە ئەو دەوڵەتە تێک بشکێنین کە لە مێژووی داگیرکەریی خۆیدا نکۆڵیی لە هەبوونمان کردووە.

بەرەو بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی و سەرخستنی خەباتی ئازادیخوازیی گەلەکەمان!

ر.م