کۆنگرەی ستار: وڵامێکی توندی بکوژەکان دەدەینەوە!

کۆنگرەی ستار، ژنانی شۆڕشگێری کورد کە لە پاریس و سلۆپی کۆمەڵکوژ کران، بە بیر هێنایەوەو جەختیشی کردەوە کە وڵامێکی توندی بکوژەکان دەدەنەوە.

کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکدا هەر یەک لە شۆڕشگێران ساکینە جانس، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە ٩ی کانونی دووهەمی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژ کران، بەربیر هێنایەوە. لە بەیاننامەکەدا هەروەها سێوێ دەمیر و فاتما ئویار و پاکیزە نایریش بە بیر هێنرانەوە کە ئەوانیش لە سلوپی کوژرابوون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

"٩ی کانونی دووهەمی ساڵی ٢٠١٣ سێ ژنی شۆڕشگێری کورد هەڤاڵ سارا (ساکینە جانسز)، هەڤاڵ رۆژبین (فیدان دۆغان) و هەڤاڵ رۆناهی (لەیلا شایلەمەز) لە لایەن هەواڵگریی تورکەوە لە شاری پاریس کۆمەڵکوژ کران. شەهادەتی هەڤاڵ سارا و هەڤاڵانی دیکەی، بەردەوامی پلانگێری نێودەوڵەتی ٩ی تشرینی یەکەم بوو، کە لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەنجامدار. ئەو وەکو ژنێنی میلیتان و شۆڕشگێر لە لایەن هەموو ژنانی جیهانەوە دەناسرا و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هێزە دیمۆکراتەکان دروست کردبوو. بۆیەش لە لایەن هێزە پلانگێرەکانەوە بە ئامانج گیرا.

ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردنی دەستکەوتی خۆڕاگریی ئایدۆلۆجی و شۆڕشی ژنان بوو. هێرشبەرەکان ویستیان بە لەناوبردنی ئیرادەی ژنان، شۆڕشی ئازادی بێکاریگەر بکەن. هەر وەکو بەردەوامی پلانگێری ٩ی کانونی دووهەم لە بەرامبەر هەڤال ساکینە جانسز و هەردوو هەڤاڵانی، لە ٥ی کانونی دووهەمی ٢٠١٦-ش ٣ ژنی دیکەی شۆڕشگێر و سیاسەتمەداری باکوردی کوردستان بە ناوەکانی سێوێ دەمر، فاتما ئویار و پاکیزە نایر بە هەمان رێبازی دڕندانە و بەدەستی دەوڵەتی تورک کوژران.

لەبەرامبەر ئەم پلانگێرییە بێ بەزەییە نێودەوڵەتییە، هەڵوێست و ئیرادەی ژنان و گەلانی دیمۆکراتیک لەم هەرێمانە، تێکۆشانی ئازادی و شۆڕشی ژنانی جیهانیان بەرزتر و فراوانتر کرد. لە ئاستی جیهاندا بە دەنگدانەوەی خۆڕاگریی شەڕڤانانی یەپەژە، بە دەیان جار وڵامی ئەم پلانگێرییە درایەوە. هەڤاڵ ساکینە جانسز لە شۆڕشی رۆژئاوا و لە لایەن گشت ژنانی جیهانەوە وەکو نموونە تەماشا دەکرا و لە ناو بزوتنەوەو مێژووی ژنانی جیهانیشدا، وەکو میلیتان و تێکۆشەرێک بۆ یەکسانی و ئازادی، جێی خۆی گرتووە. ئێمە لە ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵ ساکینە جانسز دا، لە ناو هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و لە ناو بەردەوامی پلانگێری نێودەوڵەتیداین. سەرەتای جەنگی جیهانی سێهەم، لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە، بە هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر شۆڕشی رۆژئاوا دەستی پێکردووە. ئەم هێرش و داگیرکردنەش، بەردەوامیی پلانگێری نیودەوڵەتی دەگەیێنێت. بەڵام هەموو هێزە دیمۆکراتەکان و گەلانی هەرێمەکە لە بەرامبەر سیاسەتی لەناوبردن و داگیرکردن، خۆڕاگرییەکی گەورەیان بەڕێوە بردووەو لە ناو سیستمی نەتەوەی دیمۆکراتیکدا خۆیان پێناسە دەکەن.

لە بەرامبەر هەموو دەستکەوت و تێکۆشان و خۆڕاگرییەکانی شۆڕشی ئازادی و یەکسانیدا، هەمیشە ژنانی پێشەنگ بە ئامانج دەگیرێن. وەکو چۆن بە نیازن شۆڕشی جیهانی ژنان بێ کاریگەر بکەن و لەناوی بەرن، هەڤاڵ ساکینە جانسزیش لەو چوارچێوەیەدا تیرۆر کرا، هەمان شتیش لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیشدا، بە رووداوی کوشتنی هەڤاڵان هەڤرین خەلەف، دایکە عەقیدە و ئامارا رێناسیشدا، بەئامانجکرا. ئەمەش قبوڵنەکردنی رۆڵ و پێشەنگیی ژنانی ئازاد دەگەیێنێت. چونکە زیهنییەتی پیاوانی سەردەست و دەسەڵاتدار، لە بەرامبەر هێز و بەرێکخستن بوونی ژنان رووبەرووی ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورە هاتوون، ئایدۆلۆجیای رزگاریی ژنان وڵامی هەموو کێشەکانی ژیان و رێگەگرتن لە شەڕ و پێکدادانەکان دەداتەوە. بۆیەش پێویستە ئێمە ئایدۆلۆجی و رێکخستن و هێزی ژنان، بەرفراوانتر و گەورەتر بکەین و لەسەر رێچکەی ژنانی پێشەنگ و شۆڕشگێر و تێکۆشەر رێبکەین.

ئێمە وەکو کۆنگرەی ستار شەهادەتی هەڤاڵ ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، سێوێ دەمیر، فاتما ئویار، پاکیزە نایر، هەڤرین خەلەف، ئامارا رێناس و دایکە عەقیدە بە بیر دێنینەوەو پلانگێرییە بێبەزەییەکەی ٩ی کانونی دووهەم شەرمەزار دەکەین. ئێمە شۆڕشگێرە گەورەو پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان، وەکو ناسنامەی ئازادی ژنانی جیهان دەبینین و لەسەر رێچکەی ئامانج و رێگای ئەو رێدەکەین. بۆ بەدیهێنانی ئازادی، هەموو ژیانی شەڕ بوو! ئێمەش بەردەوامی دەدەین بەو شەڕەی کە ئامانج لێی بەدیهێنانی ئازادییە و بەجیهانیی دەکەین. وەکو پێشەنگی ئایدۆلۆجیای رزگاری ژنان، جێگای خۆی لە دڵی هەموو ژنانی ئازادیخوازدا کردەوە و لە ناخیاندا دەمێنێتەوە. لەسەر ناوی بزوتنەوەی ژنانی کۆنگرەی ستار، جارێکی دیکە ئەم رۆژە بێبەزەیی و خائینە شەرمەزار دەکەین و دەڵێین، بەرێکخستن کردن و بونیادنانی ژیانی دیمۆکراتیک و ئازاد، دەبێتە تۆلەسەندنەوە بۆ ئەوان."

ز.ش