کەجەرە: گەنجان بە ڕۆحی شەهید چالاکەوە پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن

کۆمەڵگەی جەوانانی ڕۆژهەڵات (کەجەرە) یادی گەریلایەکی شەهید دەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧لە مەریوان-ی ڕۆژهەلاتی کوردستان شەهید بوو، بەڵێنی درێژە پێدانی ڕێبازی شەهیدان دووپاتدەکاتەوە و کەجەرەداواش لە گەنجانی کورد دەکات بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بن.

کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵات (کەجەرە)، لە ١٢ـەمین ساڵیادی شەهیدبوونی گەریلایەکی خەڵکی جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە نازناوی چالاک جوانڕۆ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بزووتنەوەی ئاپۆیی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، مۆرکی خۆی لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد داوە، لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و ژیانێکی بە واتا، باشترین ڕۆڵەکانی لە هەستیارترین قۆناخەکانی تێکۆشاندا فیدا کردووە.

کەجەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، شەهید چالاک جوانڕۆ، لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری جوانڕۆ چاو بە دونیا هەڵدێنێت، وەک گەنجێکی کورد زوو هەست بە سیاسەتی داگیرکاری رژێم دەکات، ناخی لێوانلێو بووە لە هەستی تۆڵەسەندنەوە و خولیای ئاوا کردنی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانە، لە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لە کەسایەتی سەرۆک ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد پێکهات، بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوو، تا کاتی شەهادەتیشی هەرگیز لەتێکۆشان سڵی نەکردەوە و چالاکانە تێکۆشاوەوە، بووەتە پێشەنگی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەن کەسایەتییەکی تێکۆشەر، بە مۆڕاڵ، بە ئیرادە و خۆڕاگر بوو. لە هەر گۆڕەپانێکی تێکۆشان و خەباتدا کە جێی بگرتایە، بە ئامانجی سەرکەوتن بەرەو ئەو کارە هەنگاوی هەڵگرتووە، لە ١-٩-٢٠٠٧ کە بە رۆژی جیهانی ئاشتی ناسراوە، لە پێکدادانێک لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە ناوچەی مەریوان، هەڤاڵ چالاک چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە و چەکی تێکۆشانی بۆ گەنجانی ڕۆژهەڵات بە ئەمانەت بە جێهێشت.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ چالاک جوانڕۆدا، بەڵێن و پەیمانمان لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی ئازادی نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان بین، هەروەها جەوانانی کورد بە تایبەت جەوانانی جوانڕۆ، بانگهێشتی خاوەندارێتی کردن لە ڕەنج و خوێنی شەهیدان دەکەین کە ئەوەش بە بەشداربوونی ناو ڕیزەکانی تێکۆشان و پتەوکردنی خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان مسۆگەر دەبێت.

ک-ش