کەجەکە: ئاکەپەى کوژەر کۆتایى پێ دەهێنرێت

کەجەکە رایگەیاند، بزووتنەوەى ئازادیى کورد لە ٧هەمین ساڵیادی شەهادەتى ساراکاندا تیکۆشانەکەى بەهێزتر دەکات و کۆتایى بە دەسەڵاتى ئاکەپە دەهێنێت، کە کۆمەڵکوژییەکەى ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانباری لە پاریس ئەنجامداوە.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ٦هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى پاریسەوە راگەیاندراویکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئێستا لە زیندانەکان، لە دەرەوە و لە هەموو ئەو شوێنانەى کورد تیایدا دەژین، بە پێشەنگایەتیى تێکۆشانی ئازادیى ژنان، بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ لە دژی فاشیزم تێکۆشان بەڕێوەدەچێت. ئەم تێکۆشانە کە ژن پێشەنگایەتیى بۆ دەکات، مزگێنى بەخشی ئەوەیە، کە ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵێکى گەورە بۆ تێکۆشان".

لە راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکەدا ئەوەش هاتووە " ٦ ساڵ لەوە پێش بە فەرمانى دەسەڵاتى ئاکەپە کادری دامەزرێنەى پەکەکە ساکینە جانسز، بەرپرسی دیپلۆماسیى کورد لە ئەوروپا فیدان دۆغان و کادری بزووتنەوەى گەنجان لەیلا شایلەمەز لە ناوەندی پاریس کوژران. ئەو کۆمەڵکوژییە وەک بەشێک لە هێرشی پاکتاوکاری و سڕینەوە لەسەر رێبازی سریلانکا لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان ئەنجامدرا. داوا و خەونی ئازادیى ئەو هەڤاڵانەمان کە کوژراون، بە دڵنیاییەوە بەدی دێت و هەموو دوژمنانی کوردیش تێکدەشکێندرێن.

'حکومەتى ئاکەپە لەبەر ئەوەى لە لێوارى هەڵوەشانەوەدا بوو دەستى بە پرۆسەى چارەسەری کرد'

هێرشەکانى لەناوبردن و سڕینەوەى دەوڵەتى تورکی قڕکەر – داگیرکەر لە دژی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیى گەلی کورد بە گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ لە هاوینى ٢٠١١دا دەستیپێکرد. بۆ ئەوەى ئەو هێرشانەیان بۆ لەناوبردن و سڕینەوە سەربخەن، بەڕێوەبەرانى پەکەکەیان کردبووە ئامانج. لەبەر ئەوەى دەیانزانى ناتوانن لە چیاکانى کوردستان ئەو کارە بکەن، پەلاماری هاوڕێ ساکینە بەرپرسی کاروباری ئەوروپا و هەڤاڵەکانیان دا. بە فەرمانى تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیری ئەو کات پلانى ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن هاکان فیدان راوێژکاری میتەوە دانرا و کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن عومەر گیونەى ئەندامى میتەوە ئەنجامدرا. لە سیاسەتى پاکتاوکارانە و سڕینەوەى ساڵانى ٢٠١١ و ٢٠١٢دا بڕیاریاندابوو، کە هەموو شێواز و شێوەکانى شەڕی چەپەڵ بەکاربهێنن و لە ئەنجامدا لە چوارچێوەى ئەو سیاسەتەدا کۆمەڵکوژیى پاریس-یان ئەنجامدا. دەسەڵاتى ئاکەپە، کە دەیخواست بە مۆدێلی سریلانکا بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان پاکتاو بکات و بسڕێتەوە، لەبەرئەوەى لە لێواری هەڵوەشانەوەدا بوو دەستى بە قۆناغی بێ شەڕ کرد. رێبەر ئاپۆش بۆ حورمەت و رێزی شەهیدان، بۆ هاتنەدیى خەون و تامەزرۆیى و داواکانیان دەستى بە پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک کرد، بەڵام لەبەر ئەوەى لە کارکتەری تەیب ئەردۆغان و ئاکەپەدا عەقڵییەتى دیموکراتیک بوونی نییە، هەر وەک ساڵی ٢٠١١ بە سەپاندنى گۆشەگیری لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە دەستی بە هێرش بۆ سڕینەوەى بزووتنەوەى ئازادیى کورد کرد.

لەو ٣ ساڵەدا شارەکان خاپوورکران و سەدان هاووڵاتیى مەدەنى کوژران، بە هەموو شێوازەکانى شەڕی چەپەڵ هێرشیان کردە سەر تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد و هەر وەک ساکینە جانسز بەڕێوەبەرانى تری رێکخستنیان کردە ئامانج. ئەمریکا بە بڕیارەکەى لە دژی کادرانى پێشەنگ، دەوڵەتى تورکی بۆ ئەنجامدانى هێرش دنە دا. دەوڵەتى تورک ماوەی ٣ ساڵ و نیوە سەرباری ئەوەى هەموو جۆرە هێرشێک بە هەموو توانای خۆیەوە ئەنجام دەدا، بەڵام بەرخودانێک لە پەنا گوێى دا رووبەڕووی بووەتەوە، کە کۆتایى بە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە دەهێنێت. رۆحی ئەو بەرخودانە کە ساکینە جانسز لە زیندانى ئامەد چەسپاندی، ئێستا لە هەموو شوێنێکدا هەستاوەتە سەر پێ. بە رۆحی بەرخودانى زیندانەکان، بە رۆحی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن'، بەرخودانى خۆبەڕێوەبەری و رۆحی فیداییانەى بەرخودانى عەفرین بوونە یەک و ئێستا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەى قڕکەر – داگیرکەر بەرخودانێکى مێژوویى بەڕێوەدەچێت. بە دڵنیاییەوە ئەو بەرخودانە بە ئیرادەى سەربڵندانەى ساکینە جانسز سەردەکەوێت.

بزووتنەوەى ئازادیى ژنان بە پێشەنگایەتى و رەنجی گەورەى ساکینە جانسز گەشەی کرد. بزووتنەوەى ئازادیى کورد، کە بە رۆحی بزووتنەوەى ئازادیى ژنان بەهێز بووە، لە ٧هەمین ساڵیادی شەهادەتى ساراکاندا تێکۆشانی خۆی بەهێزتر دەکات و کۆتایى بە دەسەڵاتى ئاکەپە دەهێنێت، کە کۆمەڵکوژییەکى ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانباری ئەنجامدا. کوردستانى ئازاد و تورکیاى دیموکراتیک، کە هاوڕێ ساکینە جانسز لە هەموو ساتێکى تیکۆشانی ئازادیدا بڕواى پێى هەبوو، بە دڵنیاییەوە بەدی دێت.

تێکۆشانێک خۆی بە رۆحی ئازادیى ژن رازاندبێتەوە، ئەو قورسی و زەحمەتییانەى کە دێنە پێشەوە، هەر چییەک دەبن با ببن، بەڵام بە دڵنیایەوە هەر سەردەکەوێت. لە دەڤەرێکدا کە بە رۆحی ئازادیى ژنەوە تێکۆشان بەڕێوەدەچێت، دەسەڵاتی زاڵ و داگیرکەر ناتوانێت خۆی تیادا رابگرێت. بزووتنەوەى ئازادیى کورد بە رۆحی ئازادیى ژن، خۆی بە ئاستێک گەیاندووە، کە تێکناچێت. لە دژی هەموو جۆرە قورسی و هێرشەکان درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات و ژیانى ئازاد و دیموکراتیکیش نزیک دەکاتەوە. دڵسۆزیى ئازادیى سارا (ساکینە جانسز)، رۆژبین (فیدان دۆغان) و رۆناهی (لەیلا شایلەمەز) و ئەو میرات و رێچکەیەى بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە، ئەوەمان بۆ دەکاتە ئەرک، کە ئێمە ساڵی ٢٠١٩ تێکۆشان گەشتر بکەین.

ئێستا لە زیندانەکان، لە دەرەوە و لە هەموو ئەو شوێنانەى کورد تیایدا دەژین، بە پێشەنگایەتیى تێکۆشانی ئازادیى ژن، بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ و تێکشاندنی فاشیزم تێکۆشان بەڕێوەدەچێت. ئەم تێکۆشانە کە ژن پێشەنگایەتیى بۆ دەکات، مزگێنى بەخشی ئەوەیە، کە ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵێکى گەورە بۆ تێکۆشان. لەسەر ئەو بنەمایە و لە پێش هەموویانەوە، ئێمە بانگ لە ژنان و گەنجانى کورد و هەموو گەلی کوردستان و دۆستەکانمان دەکەین، کە تێکۆشان بڵندتر و گەشاوەتر بکەن، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکبشکێنن و ئامانجی کوردستانى ئازاد و تورکیاى دیموکراتیک بەدی بهێنن".

ر.م