کەجەکە: بە هاوسەنگییە نوێکان داگیرکەری لەبەر یەک هەڵدەوەشێنرێتەوە

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى بڕیارى ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سوریا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنێکە بۆ رزگارکردنى دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە، بەڵام هاوسەنگییە نوێکان داگیرکەریى دەوڵەتى تورک لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێتەوە".  

کشانەوە؛ پیلانگێڕی و گەمەیە

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە "بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا دەریخست، کە هێرشی دەوڵەتى تورک بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا پیلانگێڕی و بەشێکە لە یاری و گەمە. بونیاتى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى رۆژئاواى کوردستان بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم - TEV-DEM) لە راگەیاندراوێکدا هەموو راستییەکانى خستووەتەڕوو. ئەوە راستیى داڕمان و هەڵوەشاندنەوەى سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیى دەوڵەتى تورکە لە سیاسەتى سوریادا، کە لە دژی تێکۆشانی بزووتنەوەى ئازادیى کورد بەڕیوەى دەبرد.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنى دەوڵەتى تورکە

کاتێک ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنى دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادیى کورد دا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دەبینرێت کە لە دژی شۆڕشی رۆژئاوا پیلانگێریش ئەنجام دەدرێت. کاتێک تورکیا کەوتە ناو داڕمانی ئابوورییەوە ئەمریکا و ئەڵمانیا زۆر هەوڵیاندا رێگری لە داڕمانى ئابووریى تورکیا بکەن. بۆ ئەوەى لە رووی سیاسییەوە یارمەتیى بدەن بۆ ٣ پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادی فەرمانى دەستگیرکردن لە رێگەى خەڵاتەوە دەرکرا. ئەوانە هەمووی بۆ ئەوەیە تورکیا، کە بەهۆی تێکۆشانی کوردان و هێزە دیموکراسیخوازەکانەوە تووشی قەیرانى سیاسی و ئابوورییەوە بووە، دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە لەو قەیران و داڕمانەوە رزگار بکەن. هەروەها سیستمى دیموکراتیکى کورد، عەرەب، سوریانی و هەموو گەلان لە رۆژئاوا و باکووری سوریا، کە سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورکی سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێکشکاندووە، کردووەتە ئامانج. دەوڵەتى تورک و چەتەکانی خۆیان خستە زۆنگاوی سوریاوە و بۆ ئەوەى زرگاری بکەن دەستیان بە داگیرکردنى باکووری سوریا کرد، بەڵام ئەوێ بۆیان دەبێتە زۆنگاوێکى زۆر خراپتر لەوەى سوریا.

پلانەکانى سەر رۆژهەڵاتى فورات

تەڤدەم رایگەیاند، کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا داواکردنە لە دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى داگیرکاری ئەنجام بدات. ئەوەشى ئاشکرا کردووە، کە پلانیشیان بۆ هەندێک یاری و گەمە داڕشتوە. ئەوە روونە دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتى فورات هەندێک عەرەبی نۆکەر باڵادەست بکەن و هەروەها بۆ ئەوەیە پێگەى هەندێک کوردی نۆکەر کە بەشدارى داگیرکردنى عەفرین بوون، لە شارە کوردییەکاندا بەهێز بکەن. لێکدانەوەکانى بونیاتى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى رۆژئاوا ئەوە دەخاتەڕوو، کە کشانەوەى ئەمریکا پلانێکى قێزەونی لەو جۆرەیە. سەرباری ئەوەى چەندین ساڵە پلانى لەو جۆرە لە ئارادان، بەڵام باکووری سوریا خۆی لە هێڵی شۆڕشی دیموکراتیک دوورنەخستووەتەوە. بە پێچەوانەوە، کورد، عەرەب، ئاسور، سوریان، چەرکەز، تورکمەن، دورزی و ئەرمەنی لەسەر هێڵی نەتەوەى دیموکراتیک یەکێتى دیموکراتیکى خۆیان بونیاتناوە و شۆڕشی دیموکراتیکیان بەهێزتر کردووە.

هێرشى داگیرکەری و کشانەوە، شۆڕش گەشتر و بەهێزتر دەکات

هێرشی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و کشانەوەى ئەمریکا ئیرادەى بەرخودانى گەلان گەشتر و بەهێزتر دەکات. شۆڕشی دیموکراتیک و هێزە شۆڕشگێڕەکان کە پشتبەستوون بەهێزی خۆیان، گەشتر و بەهێزتر دەکات.

دەستوەردانى هێزەکانى دەرەوە بۆ هێزە دیموکراتیکەکان و هێزەکەیان و دینامیکێتى خۆیان و هێزی راستەقینەى تێکۆشانەکەیان دەبوویە کێشە. لەبەر ئەوەش کشانەوەى ئەمریکا دەرەنجامێکى وای لێدەکەوێتەوە، کە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان کار لەسەر دینامێکێتى هێزی راستەقینەی خۆیان بکەن و زیاتریش بەهێزتر دەبن. لە باکووری سوریا شۆڕشی دیموکراتیک بە ماتەوزەی نوێى خۆی دەگات.

هێزەکانى دەرەوە شۆڕشی دیموکراتیکیان بە لاڕێدا برد

لە سوریا هێزەکانى دەرەوە، شۆڕشی دیموکراتیکیان بە لاڕێدا برد. بۆ ئەوەش هەموو هێزەکانى دەرەوە و چەتەکانی دژ بە مرۆڤایەتیى وەک داعش هەوڵیاندا کە تێکۆشانی گەلانى سوریا بە ئاوەڕێى راستەقینەوەى خۆیدا نەڕوات. هێزە شۆڕشگێرە دیموکراتیکەکان لە ناو کۆمەڵگەى عەرەب دا کە بە لاڕێدا برابوون، چووبوونە سەر رێگایەکى هەڵە، بەڵام لە ناو شۆڕشی دیموکراتیکی شوڕشی سوریادا راستیى خۆیان دەدۆزنەوە. دینامیکەکانی شۆڕشی دیموکراتیک لەناو کۆمەڵگەى عەرەبدا لە رێگەى دەستێوەردانى تورکیاوە بەلارێدا برا، بەڵام لە داهاتوودا لە ناو شۆڕشی دیموکراتیک بۆ بونیاتنانی یەکێتیى سوریا پێگەى خۆیان بەدەست دەهێننەوە.

هاوسەنگییە نوێکان، داگیرکەرییە نوێکان تێکدەشکێنن

شۆڕشی رۆژئاوا و بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیى دیموکراتیک لە سوریا بەبێ هێزەکانى دەرەوە چوونە سەر تەختەى مێژوو، شۆڕشی دیموکراتیک و تێکۆشانی ئازادییان گەشاوە کرد. لەبەر ئەوەش کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا نابێتە هۆی تەنگاوبوون و لاوازبوونی تێکۆشانی شۆڕش. بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی ئەوەى سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورک، کە لەسەر هاوسەنگیى دەرەوە دروستیکردبوو و دەیخواست بە هۆی بوونی ئەمریکا لە سوریا خۆی باڵادەست بکات، هەڵدەوەشێتەوە. چەتەکانى ئێستا بە ناوی سوپاى ئازادی سوریا (OSO) بە پشتیوانیى ئەمریکا خرانە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا. دەستوەردانى رووسیا و سوریا بۆ سەر ئیدلب کە چەتەکان تیایدا کۆبوونەتەوە، لەلایەن ئەمریکاوە ئاستەنگ کرا. لەبەر ئەوەش ئەمریکا هەرچەند بە کشانەوەکەى رێگا بۆ تورکیا خۆش دەکات، کە باکووری سوریا داگیر بکات، بەڵام بە هاوسەنگییە نوێکان کە دێنە پێشەوە داگیرکەریى تورکیا تێکوپێک دەشکێت.

ئێران دەزانێت تورکیا هاوکارى ئەمریکایە

تورکیا هەرچەند فریودەرانە نزیکی ئێران دەبێتەوە و خۆی بە دۆستى ئێران نیشان دەدات، بەڵام ئێران خاوەنی ئەو ئەزموونە سیاسییە کە دەزانێت تورکیا هاوکاریى سیاسەتەکانى ئەمریکایە لە دژی ئێران. رووسیا، ئێران و سوریاش ئەوە دەزانن، ئەو چەتانەى کە تورکیا دەیەوێت لە رۆژهەڵاتى فورات جێگیریان بکات، چیى لێدەکەوێتەوە بۆیان. دەزانن دەوڵەتى تورک دەیەوێت هاوشێوەى عەفرین، کە هەندێک هێزی نۆکەری بەکارهێنا، لە سوریا قەیرانەکان و ئاڵۆزییەکان زیاتر و قوڵتر بکاتەوە.

کشانەوەکە دەبێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشچوونی دینامیکە دیموکراتیکەکان

بە وردی کشانەوەى ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەى هێزە دیموکراتیکە شۆڕشگێڕەکان لە سوریا و ئەو سیستمە کە بونیاتیاناوە، دەبێتە فاکتۆرێکى گرنگ بۆ ئارامی و ئاشتیى سوریا. بۆ ئەوەش کشانەوەى سەربازانى ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزی دینامیکى دیموکراتیک لە سوریا زیاتر خۆی دەربخات. روودان و دەرکەوتنى ئەو راستییانە دەبنە هۆی ئەوەش شۆڕشی رۆژئاوا کە پشتبەستوو نەبووە بە هێزەکانى دەرەوە، هێزە دیموکراتیکەکانى سوریا زیاتر پێى کاریگەر ببن.

خەونى تورکیا بۆ پاکتاوکردنی شۆڕش تەنها لە خەیاڵ دا دەمێنێتەوە

ئەگەر تورکیا خەیاڵی ئەوەى هەیە بە پشتیوانى ئەمریکا و هەندێک هێزی دەرەوە کاریگەری لەسەر عەرەبەکانى باکووری سوریا دروست بکات و بە دەستى نۆکەرەکانى کورد شۆڕشی رۆژئاوا پاکتاو بکات، ئەوا ئەو خەون و خەیاڵە تەنها وک پلانێک لەسەر مێزەکان دەمێنێتەوە.

ئەگەر پەدەکە بکەوێتە ناو گەمەکەى تورکیاوە، لە ناو دەچێت

ئەگەر پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) بکەوێتە ناو گەمەى تورکیاوە، کە پێشەنگە لە دوژمنایەتیکردنى کوردستاندا و دوژمنایەتى شۆڕشی رۆژئاوا بکات، ئەوا دەدۆڕێت. ئەوەى کە دەبێت پەدەکە ئەنجامی بدات، ئەوەیە کە رۆڵی خۆی لە دروستکردنى یەکێتیى کوردان بگێڕێت و لە سیستمى دیموکراتیکى باکووری سوریا و شۆڕشی رۆژئاوادا رۆڵی خۆی بۆ گەشکردنی ئەو سیستمە بگێڕێت. دەبێت پەدەکە نەچێتە ناو یاریى دەوڵەتى تورک و بەشداری لە پلانى داگیرکردندا نەکات. نابێت ئەمریکاش لە ناو پلانێکى لەو جۆرەدا بێت کە دوژمنایەتیى گەلانى سوریا بکات و هێزە دیموکراتیکەکان بۆ دواوەوە بگەڕێنێتەوە. ئەگەر بۆ یاری و پلانى لەو جۆرە دەکشێتەوە، ئەوا پێویستە لەو یارییە دوور بکەوێتەوە.  

نابێت ئەمریکا ببێتە هاوبەشی تاوان

ئەمریکا بە کشانەوەى لە سوریا نایەوێت وەک تورکیا بکەوێتە ناو زۆنگاو، بۆیە دەبێت نەکەوێتە ناو یارییەکانى دژ بە کورد و خۆیشی نەخاتە ناو زۆنگاو. دەبێت ئەمریکا نەبێتە هاوکاری داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و ناشبێت لە دژی هێزەکانى کوردی ئازاد و دیموکراتیک بکەوێتە ناو یاری و گەمەکە. نابێت هەنگاوێکی تر بۆ هێرش و دژایەتی و ناهەقی و کاری دژ بە کوردان بنێت.

دەبێت مرۆڤ رێز لەو سیستمە بگرێت کە گەلان دروستی دەکەن

شۆڕشێک کە گەلانى رۆژئاوا و باکووری سوریا ئەنجامیانداوە، پشتبەستووە بە هێزێکى کۆمەڵایەتى و تامەزرۆیى بەهێز بۆ ئازادی و دیموکراسی، چونکە پشتبەستووە بە هێڵی نەتەوەى دیموکراتیکى رێبەر ئاپۆ و هێزی کۆمەڵایەتى و دیموکراتیک، بۆیە نە بە گوشاری دەرەوە و نە بە پیلانگێڕیش پاکتاو ناکرێت. لەبەر ئەوەش نابێت هیچ هێزێک هەوڵی ئەوە بدات شۆڕشی رۆژئاوا بە لاڕێدا ببات، یان پاکتاوی بکات. ئەگەر داواى ئارامی، ئاشتی و دیموکراسی بۆ سوریا دەکرێت ئەوا دەبێت رێز لە سیستمى دیموکراتیک و ئازادیخواز بگیرێت، کە گەلان بونیاتیان ناوە. شۆڕشی رۆژئاوا و سیستمى دیموکراتیکی باکووری سوریا نەک تەنها لە سوریا بووەتە بناغەی یەکیتیى دیموکراتیک، بەڵکو ئەمڕۆ بووەتە هیوایەک کە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ببێتە کۆمەڵگەیەکى دیموکراتیکی پشتبەستوو بە هێزی خۆی، کە شەوە زەنگی گوشار و زوڵم لەسەر خۆی فڕی بدات.

لە ناوبردن ئەستەمە

بەرخودانى گەلانی باکووری سوریا کە لە دژی داعش زیاتر لە ١٠ هەزار شەهیدیان داوە و ٢ ئەوەندەش برینداریان داوە، ئەمڕۆ بووەتە ویژدانى هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتى. هێزێکى دیموکراتیکی کۆمەڵگە، کە بووەتە ویژدانى هەموو مرۆڤایەتى، بەو مانایە دێت کە بووەتە بەهێزترین کۆمەڵگە لە جیهاندا، بۆیە ئەستەمە هێزێکى کۆمەڵایەتى کە بووەتە ویژدانى هەموو جیهان لە ناو ببرێت.

نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو دەبێت تورکیا و هەموو هێزەکانى دەرەوە بڕۆنە دەرەوە

نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو دەبێت لە پێش هەموویانەوە تورکیا و هێزەکانى تری دەرەوە لە سوریا بکشێنەوە. وەک لە راگەیاندراوەکەى تەڤدەم دا هاتووە، ئەوەى ئەمڕۆ لە سوریا ئارامى، ئاشتی و خوشک و برایەتیى گەلان تێکدەدات و قەیرانى گەورە دروست دەکات، دەوڵەتى تورکی فاشیستە. بۆ ئەوەش دەبێت لە پێش هەموویانەوە گەلانى سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەموو مرۆڤایەتى لە دژی دەوڵەتى داگیرکەر و فاشیستى تورک ببنە خاوەن هەڵوێست، لە سەرەتاشدا لە عەفرین بۆ کۆتایهاتن بە داگیرکەری لە سوریا تێبکۆشن.

دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە گەورەترین مەترسییە بۆ یەکێتیى دیموکراتیکی سوریا

ئێستا گەورەترین مەترسی بۆ سەر یەکێتیى دیموکراتیکى سوریا دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپەیە. ئەگەر دەوڵەتى تورک دەستوەردان نەکات، گەلانى سوریا بە هۆشمەندیى نەتەوەی دیموکراتیک هەم یەکێتیى خۆیان دەپارێزن و هەم دیموکراتیکبوونی تورکیاش دەهێننەدی. ئەوە روونە، کە یەکێتیى سوریا لە بە دیموکراسیکردن دا بەدی دێت. دەوڵەتى تورک بە دوژمنایەتیکردنى بەرامبەر بە بە دیموکراسیکردن، دەیەوێت یەکێتیى سوریا ئاستەنگ بکات. لە دۆخی بێهێزبوون و لە دۆخێکى وەک ئێستادا دەیەوێت گوشار و دەستوەردانى خۆی لە سوریا بەردەوامى پێبدات. لەبەر ئەوەش هەموو ئەو هێزانەى کە لایەنگری یەکێتیى سوریان دەبێت لەسەر بنەماى بە دیموکراسیکردنى سوریا لە دژی دەوڵەتى تورک تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەببەن و سوریاى سەربەخۆ و دیموکراتیک بونیات بنێن. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە بانگ لە هەموو دینامیکەکانى دیموکراسیى لە سوریا و بەڕێوەبەری بەردەستى سوریا دەکەین، کە لە بە دیموکراسیکردنى سوریادا کە لایەنەکان لەسەر رێککەوتون و هەموو گەلان گەیشتوون بە بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەریى خۆیان، کار بۆ بونیاتنانی سوریاى ئازاد و دیموکراتیک بکەن.

بە هەموو جۆرێک پشتیوان دەبین لە دژی هێرشەکان

ئێستا گەورەترین دەستکەوتى شۆڕشی دیموکراتیکى سوریا ئەوەیە، کە کورد، عەرەب، سوریان و گەلانى تر لەسەر هێڵی نەتەوەى دیموکراتیک لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە. ئێمە بانگ دەکەین، کە ئەو یەکێتییە لە باکووری سوریا دروستکراوە لە هەموو سوریا بڵاوبکرێتەوە، نەک تەنها دەبێتە هۆی یەکێتى و بەهێزبوونی سوریا، بەڵکو دەشبێتە بناغەی بەهێزبوونی هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئێمە لە بزووتنەوەى ئازادیى کورد، جارێکیتر رایدەگەیەنین، پشتیوانی لەو یەکێتییە دەکەین و لەسەر بنەماى هۆشمەندیى نەتەوەى دیموکراتیک. ئێمە ئامادەین لە دژی هێرش لەسەریشی بە هەموو جۆرێک هاوکار و پشتیوانى ئەو تێکۆشانە بین.

لە پێش هەموانەوە بانگ لە گەلی کورد و هەموو گەلانى تر لە باکووری سوریا دەکەین، کە بە زۆرترین هۆشیاریی ویژدانی و کەرامەتی مرۆڤایەتییەوە لە دژی داگیرکەران تێکۆشان گەش بکەن. لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئازادى سوریاى دیموکراتیک بونیات بنێنن. ئێمە جارێکیتر دووبارەى دەکەینەوە، هەموو کات لە هەموو پارچەکانى کوردستاندا لە پاڵ گەلی خۆمانداین".

ر.م