کەجەکە راگەیاندراوێکى لەبارەى چاوپێکەوتن لە ئیمراڵی بڵاوکردەوە

کەجەکە رایگەیاند، چاوپێکەوتنى ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٢ی بەفرانبار هەوڵی شەڕی تایبەتى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپەیە بۆ تێکشکاندنی هەڵمەتەکەمان بە ناوی "ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێنن، فاشیزم هەڵدەوەشێنین".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى چاوپێکەوتنى نێوان رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و براکەی راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە "هەڵمەتى بەرخودانمان لە ژێر دروشمی 'ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەین' بە هەموو شوێن و ئاستێکدا بڵاوبووەتەوە و بەردەوامە. لە زیندانەکاندا سەدان زیندانى بە پێداگرییەوە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەبەن. لە چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات، گەلەکەمان چالاکیى مانگرتن لە خواردن، رێپێوان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدات. بەو شێوازە هەمە رەنگ و دەوڵەمەندانە چالاکی و بەرخودانمان بۆ ئازادی بە بەردەوامیى تەشەنە دەسەنێت.

لە کەشێکى لەو جۆرەدا، بەڕێوەبەریى ئاکەپە – مەهەپەى فاشیست، کە چەندین ساڵە گوشارێکى قورس و گۆشەگیری دەسەپێنن، لە رۆژی شەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٢ی بەفرانبار دا محەمەد ئۆجالانیان نارد بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنى لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدا. دەبێت پێش هەموو شتێک ئەوە روون بێت و بزانرێت، ئەوەى کە چاوپێکەوتنى ١٢ی کانوونی دووەمی رێکخست، هەڵمەتى بەرخودانى گەلەکەمان بوو. لەسەر ئەو بنەمایە سەرکەوتنى دەستپێکى هەڵمەتى بەرخودانەکەمان لە ژێر دروشمی 'ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێنن، فاشیزم هەڵدەوەشێنین' بە پێشەنگایەتى لەیلا گیوڤەن دەستیپێکرد. لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە پیرۆزبایى لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەکەین و هیودارین، کە ئەو سەرکەوتنە هەر بەردەوامیى هەبێت.

بە مانایی کۆتایهاتن بە گۆشەگیری نییە

بەڵام روونە چاوپێکەوتنی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٢ی بەفرانبار بە مانای ئەوە نییە، کە گۆشەگیری کۆتایى پێهاتبێت، بۆیە گوشار و سزاکانى فاشیزم لە ئیمراڵی لە دژی رێبەر ئۆجالان بەردەوامیى هەیە. لەبەر ئەوەش هەڵمەتەکەمان، کە ئێمە وەک گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادی بە دروشمی 'ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین' دەستمان پێکردووە، بەردەوامیى دەبێت. دەبێت هاوڕێیان، گەل و دۆستانمان بە هەڵە تێنەگەن. چاوپێکەوتنى ١٢ی کانوونی دووەم لە راستیدا بۆ تێکدانى هەڵمەتی 'ئێمە گۆشەگیریى تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین'ە. ئەوە لەلایەن دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپەوە وەک هەوڵێکی شەڕی دەروونی رێکخراوە. هەر خۆی لە خۆیدا ئەنجامدانى ئەو چاوپێکەوتنە لە رۆژی شەممەدا نیشانەیەکى روونی ئەو هەوڵەی ئاکەپە و مەهەپەیە.

ئێمە بە یارییەکانى شەڕی تایبەت فریونادرێین

ئاشکرایە دەسەڵاتى داگیرکەر و کۆمەڵکوژکار و پاکتاوکاری ئاکەپە – مەهەپە لە بەرامبەرهەڵمەتەکەماندا بۆ بەرخودان و ئازادی لاواز و تەنگاو بووە. بۆیە پەنای بردووەتە بەر ئەو رێگایە و دەیەوێت بەرخودانەکەى ئێمە تێکبشکێنێت و بێکاریگەری بکات. بەڵام ئێمە ئەو زوڵمەى شەڕی تایبەت و یارییەکانیشی باش دەناسین و لێیان تێدەگەین. لەبەر ئەوەش ئێمە بە یارییەکانى شەڕی تایبەت فریونادرێین و تاوەکو هەڵوەشاندنەوەى دیواری ئیمراڵی و کۆتایهاتن بە گۆشەگیری و رەخساندنی دەرفەت بۆ ژیان و کاری ئازادی رێبەر ئاپۆ لە بەرخودانەکەمان بەردەوام دەبین. پێویستە هەموو دۆستان، گەلەکەمان و راى گشتی ئەوەیان لێ روون بێت و لێی تێبگەن. بە دڵنیاییەوە هەڵمەتەکەمان گۆشەگیری تێکدەشکێنێت، فاشیزم هەڵدەوەشێنتەوە و لەسەر ئەو بناغەیەش کوردستانى ئازاد و تورکیاى دیموکراتیک بونیات دەنێت".

ر.م