کەجەکە: لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی دەکرێت

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی و جەستەى پارچەکراوی منداڵان و گەنجەکانی هەرگیز لەبیرناکرێن. گەلەکەمان و بزووتنەوەی ئازادیمان بە تێکۆشانی خۆیان لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییە دەکەن.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی-یەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ٧ ساڵ لەوە پێش و لە رۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ / ٧ی بەفرانبار لە گوندی رۆبۆسکیى قلابان ٣٤ منداڵ و گەنج لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکەوە کوژران.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە راشیگەیاند "ئێمە بە هێنانەدیى کوردستانى ئازاد و تورکیاى دیموکراتیک تۆڵەى ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە. ئەو کۆمەڵکوژییە بە فەرمانى تەیب ئەردۆغان ئەنجامدراوە، کە شێف و بەرپرسی سیستمى پاکتاوکارانە – فاشیستییە لە دژی کورد. هەر دواى کۆمەڵکوژییەکە ئەو فەرماندە و سەرباز و پۆلیسانەى بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکەدا کردبوو لەلایەن ئەردۆغانەوە پیرۆزباییان لێکرا، چونکە ئەوەى فەرمانەکەى دەرکردبوو ئەردۆغان بۆ خۆی بوو و بەشێوەیەکى ئاشکراش خاوەنداریى لە کۆمەڵکوژییەکە کرد، کە ئەو کۆمەڵکوژییە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە.

ئەردۆغان لە ئاداری ٢٠٠٦ و لە کاتى راپەڕینى گەلی ئامەد دا وتبوی 'ژن بێت، یان منداڵیش بێت، چی پێویست بێت ئێمە لە دژیان ئەنجامى دەدەین' و فەرمانی کۆمەڵکوژکردنى گەلی ئامەدى دەرکرد. بەهۆی ئەو فەرمانەوە چەندین منداڵ کوژران. تەیب ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکى ناڕەسەنە، کە هیچ بەهایەکى مرۆیى، ویژدانى و ئەخلاقیى نییە. لەو وڵاتانەدا کە کەسانى وەک ئەو دەسەڵاتداران هەموو جۆرە گوشار و کۆمەڵکوژییەک روودەدەن.

لە ساڵانى ٢٠١١ و ٢٠١٢دا دەیخواست لەگەڵ فەتحوڵا گیولەنییەکان و بەپێى مۆدێلی سریلانکا تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد پاکتاو بکات. کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی و چەندین کۆمەڵکوژیى تری ئەنجامداوە و هیچ یەک لە ئەنجامدەران و تاوانبارانى ئەو کۆمەڵکوژییانەش دادگایى نەکران.

لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا گوشاری زۆر لە دژی سیاسەتى دیموکراتیک ئەنجام دەدا و بە ناوی 'دۆزی کەجەکە'وە هەزاران سیاسەتمەدار، نووسەر و رۆشنبیرى زیندانیکرد. لەبەر ئەوەى لەو هێرشانەدا هیچ ئەنجامێکى بە دەستنەهێنا و دەسەڵاتى ئاکەپە گەیشتە لێواری لێکهەڵوەشان، ساڵی ٢٠١٢ چوون بۆ ئیمراڵی بۆ لای رێبەر ئاپۆ. لەبەر ئەوەش لە ساڵی ٢٠١٣دا پرۆسەى بێچالاکى دەستیپێکرد، بەڵام لەبەر ئەوەى عەقڵییەت، سیاسەت و پرۆژەى دەسەڵاتى ئاکەپە بۆ دیموکراسیکردن و چارەسەرکردنى کێشەى کورد بوونی نییە ئەمجارە لەگەڵ مەهەپە، ئەرگەنەکۆن و دوژمنانی کورد دا دەستی بە هێرشی پاکتاوکارانە لە دژی گەلی کورد کرد. ئەو شەپۆلە لە هێرش لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە بە گۆشەگیری لە ئیمرالی دەستیپێکرد و لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٢ی گەلاوێژ دەستیانکرد بە هێرشی هەمەلایەنە.

بۆ ئەوەى کۆمەڵکوژیى وەک رۆبۆسکی روونەدات دەبێت تێکۆشان بەهێز بکرێت

لەو قۆناغەدا و لە کاتى بەرخودانى خۆبەڕێوەبەری دا لە جزیر، سلۆپی، نسێبین، شرنەخ، هەزەخ و سووری ئامەد چەندین کۆمەڵکوژیى هاوشێوەى رۆبۆسکییان ئەنجامدا. دواتر لە عەفرین، شەنگال و مەخمور کۆمەڵکوژیى تری هاوشێوەى رۆبۆسکییان ئەنجامدا. عەقڵییەتى تەیب ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە لە کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی دا روونبوویەوە. بۆیە، بۆ ئەوەى تۆڵەى کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی بکرێتەوە و ریگا لە کۆمەڵکوژیى نوێی هاوشێوەى رۆبۆسکی بگیرێت، دەبێت لە هەموو شوێنێکدا لە دژی دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە تێکۆشان بەهێز بکرێت.

هاووڵاتییانى رۆبۆسکی تاوەکو ئێستا بە کەرامەت و شکۆوە داکۆکی لە خۆیان دەکەن. نە پارەى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپەیان بۆ پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکانیان قبوڵکرد و نە سەریشیان بۆ گوشار و ملهوڕییەکانى دەسەڵات نەواند. سەرباری ئەو گوشارانەى خرایە سەریان، تیکۆشان بۆ ئەوەى ئەو کەسانەى کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە ئاشکرا و دادگایى بکرێن. دەسەڵاتى ئاکەپە لەبریى ئەوەى بکوژەکان دادگایى بکات، ئەو کەسانەى دادگایى و زیندانکرد، کە دەیانخواست بکوژەکان دادگایى و زیندانیى بکرێن. فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری شرنەخ کە رۆڵەیەکى گەلی رۆبۆسکییە لەبەر ئەوەى هەوڵیدا لیپرسینەوە لە بکوژەکان بکات، ئیستا لە زینداندایە.

کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی و تەرمی پارچەپارچە بووی منداڵان و گەنجانى ئەو کۆمەڵکوژییە هەرگیز لە یادناکرێن و گەلەکەمان و بزووتنەوەى ئازادیمان بە تێکۆشانی خۆیان لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییانە دەکەن. گەلی کورد بووە بەو گەلە کە ئیدی سەرباری گوشار، زوڵم، زیندانیکردن و کۆمەڵکوژی دەستبەرداری ئازادیى خۆی نابێت. لەبەر ئەوەش سەرباری هێرش و گوشارە قورسەکانى سەر گەلەکەمان، گەلەکەمان پێداگری لە تێکۆشان و ئیرادەى ژیانى ئازاد دەکات. گەنجانی رۆبۆسکی بەشداری ریزەکانى تێکۆشانی ئازادی دەبن و ئەو ئیرادەیان سەلماند.

ئەو عەقڵییەتەى کە کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکیى ئەنجامدا، ئێستا لە هەموو شوێنێکدا هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان. لە دژی ئەو کەسانەى لە رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا و پێى کردن، ئێمە لە هەموو شوێنێکدا تێدەکۆشین و بە شێوەیەکى مێژوویى لەبەریەکیان هەڵدەوەشێنینەوە. لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە، ئێمە جارێکیتر بە رێزەوە سەرمان لە بەرامبەر شەهیدەکانمان دادەنەوێنین. با بە ئاسوودەیى سەربنێنەوە، بە دڵنیاییەوە کوردستانى ئازاد دەخوڵقێت، کە بۆمبای شەڕی تیادا نابارێت و هەرگیز کۆمەڵکوژیى هاوشێوەى کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی تیادا روو نادات".

ر.م